لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چارەکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی پێکهێنرا

10:07 - 2024-06-01
کوردستان
533 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق و وەفدێکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی و پاککردنەوەی ئاوی تانجەڕۆ، سەردانی ناوچەی تانجەڕۆیان کرد.
دوای سەردانە مەیدانییەکە کە رۆژی شەممە 1/6/2024 بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی رێکخرا، لە کۆبوونەوەیەکدا باسی مەترسییەکانی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک و پیسبوونی ئاوی تانجەڕۆ و دەربەندیخان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان کرا و گفتوگۆش لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.
هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا، داوایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عیراق و رێکخراوی WFP پلانێکی زانستی بۆ چارەسەرکردنی خێرا و دوورمەودا دابڕێژن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ کاری هاوبەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عیراق، ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و رێکخراوی WFP و سەرپەرشتیکردنی چارەسەرکردنی کێشەکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ژینگەی عیراق و رێکخراوی WFP و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر درا بۆ ئامادەکردنی پلان و دواتریش جێبەجێکردنی پلانەکە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان