گەرچی هێشتا دیارنییە دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدرییەکان، رووداوەکان بەرەو کوێ ئاراستە دەکات، بەڵام ئەوەی بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان گرنگە، ئەوەیە لە ئێستاوە تا ساغ بوونەوەی دۆخەکە ئامادەکاریی پێویست بکەن و ئەو دەرفەتەی لەبەردەمیاندا بوو لە پێش یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و لەدەستیان دا، ئەم رووداوە دەرفەتێکی دیکە دەداتەوە بە «کوردستانییەکان» تا بەرلەوەی کۆبوونەوەی داهاتوو بکرێت و شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان پڕبکرێتەوە و بەگوێرەی نەخشەی نوێی ئەنجومەن و هاوپەیمانی و جەمسەرگیریی نوێ، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانیان.
دیارە هاوپەیمانی و جەمسەرگیرییەکانی رابردوو بە جۆرێک لە جۆرەکان درزی نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکانی گەورەتر کرد، بەڵام ئەمەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە جگەلەوەی دەرفەتێکە بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستانییەکان، دەرفەتێکیشە بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵتر لە کاریگەرییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر نەخشەی سیاسی و حکومڕانی و دەورکردنەوەی ئەو بنەمایانەی عیراقی دوای 2003 ی لەسەر دامەزرا کە بریتی بوو لە تەوافوق و حوکمی ئیئتیلافی لە نێوان ئەو هێزانەدا کە لە خەمی سیستمی فیدراڵی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدان.
ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەنییە کام حزبی کوردستانی زۆرترین دەستکەوتی حزبی و کورسی و پۆستی لە بەغدا دەبێت، بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەن ئاخۆ ئەم چەپکە گوڵە کوردستانییە پێکەوە دەتوانن چ رۆڵێک ببینن لە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانیاندا و چی دەکەن بۆئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بخەنە ئەولەوییەتی کارەکانیان تا خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان بە تایبەتی لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی رزگاربکەن.
ئەرکی کوردستانییەکانە ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەن و ئامادەبن بۆ هەموو ئەگەرەکان. بەتایبەتیش کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا نەک هەر پشتیوانیی قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکانین، بەڵکو لەلایەن خودی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەرێم هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بە ئاراستەی نزیککردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان، چ بۆ یەکهەڵوێستیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عیراقیش، تەرخانکردنەوەی جارێکی تری هاوکارییەکانیش بۆ پێشمەرگە لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا نموونەیەکی دیکەی بەرجەستەی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەیە، بەڵام دیارە ئەرکە سەرەکییەکە بەپلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتیی (کوردستانییەکان) نەک کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
کوردستانی نوێ