هێمن ئەحمەد
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ لایەنە براوەكانی كەركوك، سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاكانی پارێزگاکە، كۆبووەوە.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی (ی.ن.ك)، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی كەركوك جارێكی تر پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان لە شارەكەدا سەلماندەوە و پاڵپشتی سەرخستنی لیستەكەی یەكێتی بوون، ئێستاش كە پارێزگاكە لە چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاردایە، ئومێدەوارین پۆستەكە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە، كە مافی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و پێداگرین لەسەر ئەو پۆستە باڵایە و هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە لەڕێگەی ئەو پۆستەوە خزمەتی كەركوكییەكان دەكەین بەبێ جیاوازی.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لایەنێكی دیاریكراوی كورد پێشنیاری ئەوەی خستۆتەڕوو كە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان پێكهاتەكاندا بۆ ماوەیەكی كەم و دیاریكراو هەر جارە و لای لایەنێك بێت، ئەوەش ناهەقییەكی گەورەیە بەرامبەر بە دەنگدەری كورد لە شارەكەدا و بەتایبەتی دەنگدەری یەكێتی.
هەر لەوبارەیەوە، پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: یەكێتی بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكات، چونكە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنین و مافی تەواوەتی یەكێتی و لایەنگرانێتی.
وتیشی: وەك لیست و فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ ئەوەداین كە حكومەتێكی هاوبەش لە كەركوك دیاری بكرێت تا مافی هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەك پێشێل نەكرێت، بەڵام بۆ پۆستی پارێزگار دەبێت بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت و وەك یەكێتی-ش بە تەنها پێنج كورسیمان بەدەستهێناوە و كورسییەكی كۆتای مەسیحییەكانیش هاوپەیمانێتی لەگەڵماندا كردووە، نابێت ئەم شەش كورسییە وەلابنرێت و داوابكرێت شەش مانگ جارێك پۆستی پارێزگار بۆ لایەنێك بێت، خستنەڕووی ئەم پێشنیارەش لە بەرژەوەندیی حزب و تاكە كەسدایە و خەڵكی شارەكە زیانی لێ دەكات، كە خەڵكی شارەكە خزمەتگوزاری دەوێت، نەك دانانی پارێزگار هەر ماوەیە و لای لایەنێك بێت.