له‌ میدیای ئه‌ڵمانیاوه‌

11:15 - 2024-06-04
جیهان
117 جار خوێندراوەتەوە

میدیا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت

 



لەمڕۆژانەدا حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە رێگە بە ئۆکرانیا بدات چەکی قورسی ئەڵمانی بۆ بۆردومانی بنکەکانی ناو خاکی روسیا بەکاربێنێت، ئەم بڕیارە لە میدیا زۆری لەسەر نوسراو لێدوانی لە دژ درا، رۆژنامەی Westflischen Nachrichten وایدەبینێت کە ئەوە تێوەگلانێکی راستەوخۆی ئەڵمانیایە لە جەنگەکە و پاساوێکی دروستە بۆ روسیا، هەورەها رۆژنامەی Leipziger Volkszeitung  نوسیوویەتی راویژکار خۆی ئازایەتی ئەوەی نییە بڕیارەکە بڵاوبکاتەوە، بۆیە لە رێی ووتەبێژی حکومەتەوە رایدەگەیەنێت، دڵنیاین خۆشی بڕوای بەم بڕیارە نییە، کەچی Stuttgarter Zeitung هەنگاوەکە بەئەرێنی وەسف دەکا و دەنوسێت مادام خارکیف لە نزیک سنوورەوە بە خەستی بۆردومان دەکرێت دەبێت ئۆکرانیا مافی بەرگریکردنی خۆی هەبێ و ئەو بنکانە بۆردومان بکاتەوە کە موشەکەکانی لێوەدەردەچێت.

ئەڵمانیا دان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا نانێت



بەپێی پێگەی گۆڤاری Stern بێت لەمڕۆژانەدا، باڵیۆزی فەلەستین لە بەرلین داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە کە دان بەسەربەخۆیی فەلەستیندا بنێت، بەڵام « ئۆلاف شۆڵز» راوێژکاری ئەڵمانیا ئەو داوایەی رەتکردۆتەوە، بەپێی ئاماری دامەزراوەی Forsa ش بێت کە راپرسی لەسەر ئەو پرسەکردوە ، %50 ی خەڵکی ئەڵمان پێیان باش نییە دانی پێدا بنێن و%38 لەگەڵیدان و %12 رای خۆیان نەداوە.

کۆمپانیاکان ترسی نازییە نوێکانیان لێنیشتوە


بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای ئابووری ئەڵمانی  IWبێت، کە کورتەکەی لە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا dpa باسکراوە %77 ی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ترسی ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکە پارتی ئەلتەرناتیڤ AFD زۆرینە بێنێ و دەسەڵات بگرێتە دەست، چونکە ئەو پارتە راسیسزمە و دەخوازێت ئەڵمانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیابکاتەوە، سیاسەتی ئابووریشیان لە بەرژەوەندی کۆمپانیا و ئاڵوگۆڕی بازگانیدا نییە.


ژمارەی پێوانەیی لەبەخشینی رەگەزنامە 


 
نوسینگەی ئاماری حکومەتی فیدڕاڵ بۆ رۆژنامەی Bild ئاشکرایکرد، لەساڵی رابردوودا زیاتر لە 210 هەزار پەنابەر رەگەزنامەی ئەڵمانیایان  وەرگرتوە کە 75 هەزاریان سوری و باقی تریش تورک و کورد و عەرەبی عیراقین، ئەمەش لەچاو ساڵانی رابردودا ژمارەی پێوانەییە و 19 % ی لە 2022 زیاترە.  

خزمەتی سەربازی زۆرەملێ رەتدەکرێتەوە



لە ئەڵمانیا خزمەتی سەربازی ئارەزومەندانەیە، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی جەنگی روسیا- ئۆکرانیا، لەو ماوەیەدا، لەنێوەندی سیاسیدا، پڕۆژەیەک پێشنیازکرا کە ئەو خزمەتە بکرێتە زۆرەملێ، بەپێی رۆژنامەی  Sddeutschezeitungبێت پارتەکانی هاوپەیمانی حکومەت نەگەیشتوونەتە رێکەوتن بۆیە پرۆژەکە سەرناگرێت.

بورهان ئه‌مین، ئاماده‌یكردووە

بابەتە پەیوەندیدارەکان