لە ئەشکەوتی حەڕاوە بۆ ئەشکەوتی داری خلە

10:09 - 2024-06-05
کەلتور
281 جار خوێندراوەتەوە
شەهیدەکانی هەرەسی ئەشکەوتی داری خلە: شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری (گەرمیانی) ، شەهید حاجی حەمید ، شەهید


محەمەد حەمە تەقی


ئەشکەوت ئەو بۆشاییەیە کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەکانەوە (بومەلەرزە، گڕکان، رۆچوون، یان بەهۆی ئاوەوە، یان هەر هۆکارێکی تر)، لە چیا و قەدپاڵ و شیوەکاندا دروست دەبێت، ئەم بۆشاییە کە پێی دەوترێت ئەشکەوت، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ وەک شوێنی حەوانەوە و خۆپاراستن لە مەترسی و لە سەرما و بەفر و باران، لە لایەن مرۆڤ و ئاژەڵە کێوییەکانەوە بەکارهاتووە.
زۆربەی ئێمەی کورد بەهۆی جوگرافیای ناوچەکەمانەوە، کە ناوچەیەکی شاخاوی و پڕ ئەشکەوتی هەمە چەشن و هەمە قەبارەیە، کەم تا زۆر ئاشنایەتیمان لەگەڵ ئەشکەوتدا هەیە، زۆربەمان سەرمان بە ئەشکەوتێک یان چەند ئەشکەوتێکدا کردووە، زۆر رووداو و کارەسات و ئەفسانەشمان لەبارەی زۆر لە ئەشکەوتەکانەوە بیستووە و خوێندووەتەوە.
یەکەم لانکەی مرۆڤ
ئەشکەوت لە ژیانی مرۆڤایەتیدا رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبووە، سەرەتا ئەشکەوتەکان یەکەم نشینگە و یەکەم لانکەی مرۆڤ بوون، لە چاخە سەرەتاییەکانی میژوو و لە قۆناغی راووشکاردا، مرۆڤ ئەشکەوتی بەکار هێناوە و تیایدا ژیاوە، ئەشکەوت مرۆڤی لە دیاردە ناجۆرە سروشتییەکان پاراستووە، نووسراوی سەر ئەشکەوتەکان و ئەو پاشماوانەی کە تیایاندا بەجێماوە مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتی قۆناغە دێرینەکان بەرجەستە دەکەن.
 ئەگەرچی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا رۆڵی سروشتیی ئەشکەوتەکانی وەک پەناگا کەم کردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەشکەوت ئەو مەنزڵەیە کە بیر و ئەندێشەی مرۆڤ بەلای خۆیدا رادەکێشێت و زۆر نهێنی و مێژووی رابردووی تێدا پەنهانە.
ئەشکەوتی حەڕا
ئەشکەوتی حەڕا لە مێژووی ئیسلامدا پێگەیەکی دیار و گرنگی هەیە، گرنگی ئەم ئەشکەوتە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، کە پێغەمبەری ئیسلام پێش پێغەمبەرایەتی دەچووە ئەو ئەشکەوتەوە، هەر لەو ئەشکەوتەوە تێڕامانی لە ژیان و لە گومڕایی هۆزەکەی کردووە، هەر لەو ئەشکەوتەوە وەک مێژووی ئیسلام دەیگێڕێتەوە، وەحی بۆ دادەبەزێ و یەکەم ئایەتی قورئان (اقرا باسم ربک ...)، هەر لەو ئەشکەوتەوە بە پێغەمبەر گەیشتووە، ئەم رووداوە لە مێژووی ئیسلامدا بایەخێکی گەورەی هەیە، وەرچەرخانێکی گەورەی لە بیر و هزری مرۆڤدا دروستکرد و سەرەتای گۆڕانێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو، چونکە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام بوو، کە لە ئیستادا زیاد لە ملیار و نیوێک مرۆڤ پەیڕەوی ئەم ئاینە دەکەن، هەر لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەشکەوتی حەڕا لە جیهانی ئیسلامدا وەک شوێنێکی پیرۆز سەیر دەکرێت و لە کاتی حەج و عەمرەدا موسوڵمانان سەردانی ئەشکەوتی حەڕا دەکەن، بە مەبەستی پیرۆز راگرتنی ئەشکەوتەکە و یادکردنەوەی رۆژانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام.

 زۆر لە ئەشکەوتەکانی کوردستان شوێنی کارەسات و رووداوگەلێکی دڵتەزێنن و تاوانی گەورەیان لەلایەن داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کوردەوە تێدا کراوە

دەوری ئەشکەوت لە کوردەواریدا
کوردستان وەک نیشتمانێکی دێرین هەم لانکەی گڕوگاڵ و سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە، هەم ناوچەیەکە پڕە لە ئەشکەوتی هەمەچەشن، بەدەر لەوەی کە ئەم ئەشکەتانە شوێنی حەوانەوە و خۆپاراستنی مرۆڤ بوون لە کۆندا، زۆر لە ئەشکەوتەکانی کوردستان شوێنی کارەسات و رووداوگەلێکی دڵتەزێنن و تاوانی گەورەیان لەلایەن داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کوردەوە تێدا کراوە، لە هەمان کاتدا ئەشکەوتمان هەیە، کە شوێنی خۆڕێکخستن و هەڵسانەوە بووە دوای پەلامار و هێرشی دوژمن. لێرەدا دەتوانین نموونەی چەند ئەشکەوتێک بهێنینەوە کە زیاتر بە رووداوەکانیان دەناسرێنەوە.
ئەشکەوتی موکری قڕان
لە نزیک شاری بۆکان لە کوردستانی رۆژهەڵات، ئەشکەوتێک هەیە پێی دەوترێت ئەشکەوتی موکری قڕان، لە کاتی پەلاماری سەفەوییەکان بۆ سەر کوردستان، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ و خەڵکی بێ چەکی ناوچەکە، بۆ خۆپاراستن لە ئاگری ئەو شەڕ و پەلامارە، لەو ئەشکەوتەدا خۆیان حەشاردەدەن، کاتێک سوپای سەفەوییەکان ناوچەکە داگیردەکا و دەگاتە ئەشکەوتەکە، سەر لەشکری سوپاکە فەرماندەدات کە دەمی ئەشکەوتەکە لەسەر ئەو خەڵکە سڤیلە بە بەرد و وشکە کەڵەک بگیرێت، پاشان ئەشکەوتەکە بە دووکەڵ قان دەدات تا هەموو خەڵکی بێ چارەی ناو ئەشکەوتەکە کە زیاتر لە دوو سەد و پەنجا کەس دەبوون دەخینکێن.
ئەشکەوتەکەی دەرسیم
لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشەکەی سەید رەزا لە ناوچەی دەرسیم، سوپای تورکیا بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە پەلاماری ناوچەکە دەدات، ژمارەیەک ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بۆ خۆپاراستن لە ئاگری ئەو شەڕ و پەلامارە، روو دەکەنە ئەشکەوتێک لە نزیک شاری دەرسیم، سوپای تورکیا هێزەکەی سەید رەزا تێکدەشکێنێت و بە فەرمانی عیسمەت ئینینۆ ئەشکەوتەکەش بە دینامیت بەسەر خەڵکەکەدا دەڕوخێنرێت، کە زیاتر لە دوو هەزار ژن و منداڵی کوردی تێدا بووە. 
ئەشکەوتی جاسانە
لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو، پاش ئەوەی سوپای ئینگلیز بە فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر شاری سلێمانی، شێخ مەحموود و لەشکرەکەی روو دەکەنە ئەشکەوتی جاسەنەی ناوچەی سورداش، بە مەبەستی خۆ رێکخستنەوە و خۆ پاراستن لە سوپا و فڕۆکەی ئینگلیز، هەر لەو ئەشکەوتەوە گۆڤارێک بەناوی (گۆڤاری حەق) دەردەکەن، هەر بەناوی گۆڤارەکەوە دەیانەوێت بیسەلمینن کە ئەوان دوای حەق و دوای مافی رەوای خۆیان کەوتوون.
ئەشکەوتی داری خلە
دوای شاڵاوەکانی سوپای عیراق لە پڕۆسەی ئەنفالدا بۆ سەر گوند و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگەی پارتیزان بە شێوەیەکی زۆر نهێنی لە ناوچە خاپورکراوەکاندا بۆ درێژەدان بە شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتی دەمێننەوە، چەند پێشمەرگەیەکی ناوچەی گەرمیان بە سوودوەرگرتن لە ئەشکەوتێکی نزیک داری خلە، کە بە ئەشکەوتەکەی داری خلە ناسراوە بۆ پشوودان و خۆشاردنەوە، ئەو ئەشکەوتە چاک دەکەن و تێیدا دەمیننەوە، لە ئێوارەیەکی باراناوی زستاندا ئەشکەوتەکە هەرەس دێنێ و دەڕوخێت بە سەر ئەو حەوت پێشمەرگەیەی کە لە ئەشکەوتەکەدا بوون و هەر حەوتیان شەهید دەبن.
ئەگەر بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوی ناو ئەشکەوتەکانی کوردستان بکرێت، دەبینین کە پڕن لە دەیان رووداو و کارەسات، مێژوویەکی شاراوەی پڕ لە نهێنی ئاشکرا دەکەن.
پاش کنە و پشکنینی شوێنەواری، لە ئێستادا دەکرێت سود لە زۆربەی ئەشکەوتەکانی کوردستان وەربگیرێت بۆ مەبەستی گەشتیاری، پێویستە لەبەردەم هەر ئەشکەوتێکدا تا بلۆیەک بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دابنریت، کە تیایدا ئاماژە بە ناوی ئەشکەوتەکە و بەشێک لە رووداوەکانی ناو ئەشکەوتەکە بدرێت.

ئەشکەوتی داری خلە لە ساڵی ١٩٨٩ دارووخا و حەوت پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تیایدا شەھید بوون



#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان