دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ لە سوریا و رۆژئاوای كوردستانەوە گەواهیی بۆ رۆڵی كاریگەر و پاڵپشتیكردنی کوردانی رۆژئاوا دەدەن لەو کاروانەدا کە بوونە هاوکارێکی باشی سەركردایەتی یەكێتی لە هەموو بوارەكانی سیاسیی و سەربازیدا و وەک سەرەتا شام و قامیشلۆ و دێریك کرانە مەکۆی جۆشدانەوە و بارەگا و نوایەک بۆ سەركردایەتی سیاسی و فەرماندەیی پێشمەرگانە و کۆمەک پێکردنیان، بەتایبەتیش ئەو كەسایەتییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییانەی ناو هۆزەكانی میرانی و هەسنان و بنەماڵەی نایف پاشا میرانی و سەبری نەواف ئاغا کە لە جەزیرەی بۆتان بوونە پاڵپشتی سەرەكی و رۆڵی بوێرانەیان لە بەهێزكردن و جێگیركردنی یەكێتیدا دەگێڕا، جگە لەوەش ئاسانکاریی و چاوساغییان بۆ پەڕینەوەی هێزەکانی یەكێتی دەکرد لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەرەو دەڤەری بادینان لە باشووری كوردستان.
راپۆرتی: ئەیاز هەركی
هێزێکی نوێ بۆ خەبات
لەوبارەیەوە عومەر شێخمووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: نەمتوانی بەشداریی لە یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی یەكێتیدا بکەم کە لە شام بەڕێوەچوو، بەڵام لە كۆبوونەوەی دووەمدا کە لە بەرلین کردمان، بەشداریم كرد. هۆكاری سەرەكیش تێكچوونی شۆڕشی كوردستان بوو لە ساڵی 1975 و سەرهەڵدانی دۆخێكی دیكەی ناوخۆیی كە پێویست بوو چارەنووسی نەتەوەی كورد یەكلایی بكرێتەوە و هێزێكی نوێ بۆ نوێنەرایەتیكردنی گەلی كورد و دەستپێكردنەوەی شۆڕشێکی نوێ لە كوردستان دروست ببێت. وتیشی: ((زۆربەی پەنابەرانی كورد لە ئێران و باكووری كوردستان پێكەوە لەسەر خەت بوون و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی خەبات و رێبازێكی نوێ دروست ببێت و شۆڕشێکی چەكداریی جیاواز لە باشووری كوردستان دەستپێبكاتەوە، بۆ جۆشدانەوەی کوردایەتی.
عومەر شێخموس: هەڤال مام جەلال و سەركردایەتی یەكێتی، جگە لە پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، پەیوەندیی بەهێزی كۆمەڵایەتیشیان لەگەڵیاندا هەبوو
لەسەر پرسی كورد بۆچوونمان یەك بوو
هەڤاڵ شێخمووس وتیشی: لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا رۆڵم هەبوو لەناو بزووتنەوەی كورددا لە دەرەوەی وڵات و لە ساڵی 1963وە پەیوەندیی و دۆستایەتیم لەگەڵ سەرۆك مام جەلال هەبوو و هەر لەوكاتەوەشەوە بیروبۆچوونمان لەسەر پرسی كورد و كوردستان زۆر نزیک بوو لە یەکترییەوە. روونیشیکردەوە کە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان هەمیشە ئامادەی هاوكاری و هاوئاهەنگیی بەهێزیان هەبووە لەگەڵ زۆربەی حزبە كوردستانییەکان و شۆڕشەكانی پارچەكانی دیکە. بەشێوەیەكی گشتی بەتایبەتی پارتی پێشڤەڕۆ و پارتی چەپ و پارتی سۆسیالیستی كورد لە سوریا، پاڵپشتییەکی سیاسی و سەربازیی زۆریان لەگەڵ یەكێتیدا هەبوو، لە یەكی تەمموزی ساڵی 1977دا 12 گەنجی كوردپەروەر لە كادر و سەركردەكانی پارتی سۆسیالیستی كورد لە سوریا بە فەرماندەیی هەڤاڵ شەهید عەزیز چەركەس لە قامیشلۆوە بەرەو باكووری كوردستان بەڕێكەوتن و لەناو هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێدا دەستیان بە خەبات و تێكۆشان كرد. هاوكات سێ لەو هەڤاڵانە لە رۆژی 13/10/1977 لەگەڵ مەفرەزەیەكی یەكێتی بە فەرماندەیی ملازم حەسەن خۆشناودا لە باكووری كوردستان شەهیدبوون.
مام جەلال پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستاندا هەبوو
عومەر شێخمۆس هەروەها دەڵێت: هەڤاڵ مام جەلال و سەركردایەتی یەكێتی، جگە لە پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ خەڵكی رۆژئاوای كوردستاندا، پەیوەندیی بەهێزی كۆمەڵایەتیشی لەگەڵیاندا هەبووە و رایگەیاند: لەساڵی 1976دا وەفدێكی باڵای ی.ن.ک كە پێكهاتبوون لە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و شەهید شێخ حسێن بابەشێخ و تەحسین بەگی میری ئێزیدییان لە دەڤەری دێریك بەشدارییان لە پرسەی بنەماڵەی نایف پاشای سەرۆك هۆزی میرانیدا کرد. بۆیە بەشێوەیەكی گشتی سەرکردەکانی یەكێتی پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ تێكۆشەران و نیشتمانپەروەرانی ئەو بەشەی كوردستاندا هەبوو، هەروەها چەندین كەسایەتیی سیاسی دیكەی وەك عوسمان سەبری و حەمزە نوێران و عەبدولحەمید دەرۆیش و رەشید حەمۆ و جەگەرخوین، پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ سەرۆك مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیدا هەبوو.
هەروەها روونیکردەوە کە هەڤاڵ مام جەلال، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ بنەماڵەی نایف پاشا میرانی و بنەماڵەی حەسەن حاجو ئاغا لە دەربێسی و بنەماڵەی نیشتمانپەروەری بەدرخانییەكان لە شام و سەبری نەواف ئاغا لە جەزیرەی بۆتان و چەندانی تردا هەبوو.
بە شێوەیەكی گشتی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەت پارتی پێشڤەڕۆ و پارتی چەپ و پارتی سۆسیالیستی كورد لە سوریا، پاڵپشتیی سیاسی و سەربازییان لە یەكێتی دەکرد
بارەگای نهێنی و ئاشکرامان هەبوو
جگە لە بارەگاکانی یەكێتی لە قامیشلۆ و دێریك، بارەگایەتی تری نهێنیمان هەبوو لە سەرێكانی. نەوشیروان مستەفا لە كاتی خۆیدا لە چەند بابەتێكدا باسی مێژووی هۆزی میرانی و رۆڵی نیشتمانپەروەرانەی ئەو هۆزە و كۆچەراتی كردووە لە دەڤەری دێریك و جەختیشی کردەوە کە هەرگیز چاكە و رۆڵی جوامێری هەموو ئەو هێزە سیاسییانە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستانیان بەگشتی لەبیر نەكردووە كە بەردەوام پشتیوان و هاوكاری سەرەكی یەکێتی بوون لە دامەزراندنەوە بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ کە سەختترین قۆناغی یەکێتی بووە.
رەفتاری تێکۆشەرەکانی یەکێتی هۆکاری پشتیوانیی کوردەکانی رۆژئاوا بوو
خەلیل عەبدی سوور، كادری دێرینی پارتی پێشڤەڕۆ هاوكار و دۆستی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش راگەیاند: دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، بێ هیوایی باڵی بەسەر نەتەوەی كورددا کێشا لە هەموو پارچەكان. بەڵام دامەزراندنی یەكێتی لە حوزەیرانی ساڵی 1975دا ئومێدێكی گەورەی بە گەلی كوردستان دا. سەرەڕای چەندین ئاستەنگی زۆر و دژایەتی ناوخۆییش، بەڵام رۆڵی یەكێتی لەناو خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و بەشەكانی تردا بەهێزتر و چالاكتر دەبوو. هەروەها بیروباوەڕی نیشتمانپەروەری جوانی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و كادر و پێشمەرگەكانی یەكێتی، هۆكارێكی دیكە بوو بۆئەوەی یەكێتی گەشەبكات و جێگەی خۆی لە دڵی خەڵکی رۆژئاوادا بكاتەوە.
هەروەها وتی: سەرۆك مام جەلال لەڕێگەی كۆمەڵێك گەنجی خوێندەوار و كوردپەروەری رۆژئاواوە لە دەرەوەی وڵات، رۆژئاوای كوردستانییان هەڵبژارد بۆ دامەزراندنی یەكێتی و دەستپێكردنەوەی شۆڕش لە باشووری كوردستان و ئێمە كۆمەڵێك گەنجی سیاسی و خوێندەوار بووین لە رۆژئاوای كوردستان لە رۆژی بڵاوبوونەوەی پەیامی دامەزراندنی یەكێتیدا لە رۆژنامە و رادیۆی شام، پێشوازیمان لەو حزبە نوێیە كرد بە سەركردایەتی سەرۆك مام جەلال كە هیوای بۆ گەلێكی ستەمدیدە و چەوساوە گەڕاندەوە.
خەڵكی رۆژئاوای كوردستان پشتگیری تەواویان لە دامەزراندنی یەكێتی و دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ كردووە
بەهەر شێوەیەک بۆیان بکرایە هاوکارییان دەکردین
هەر لەوبارەیەشەوە د.خدر مەعسوم، پێشمەرگەی دەستە سەرەتاییەکانی یەكێتی كە لە رۆژئاوای كوردستانەوە خەباتی لەگەڵ یەکێتی دەستپێکردۆتەوە دەڵێت: خەڵكی نیشتمانپەروەری رۆژئاوای كوردستان پشتیوانیی زۆری یەكێتییان كرد لە دامەزراندنەوە تا هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و بەڕێکردنەوەی هێزەکان لە بارەگا سیاسی و سەربازییەکاندا لە قامیشلۆ و دێریك. ئەوان پشتگیریی تەواویان لە یەكێتی و شۆڕشی نوێ دەکرد. هەر لەدوای نسكۆی ساڵی 1975ەوە بەو پێیەی هەموو كوردێك چاوی لە خەباتێکی سیاسیی نوێ و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشێکی نوێ بوو. بۆیە كاتێك یەکێتییەکەمان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان بوو، بەهەر شێوەیەك لە توانایاندا بوو هاوكارمان بوون یارمەتیان دەداین.
وتیشی: ئێمەش لەو بەشەی كوردستان زۆر هاوكاری گەلەكەمان بووین، كاتێك بارەگاكەمان لە دێریك بوو، نەخۆشخانەیەكم لەناو بارەگاكەدا بۆ هاووڵاتیانی شارەكە كردەوە و رۆژانە نەخۆش و خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكردین و بە خۆڕایی دەرمانمان پێ دەدان و چاڕەسەرمان دەكردن. ئەم كارە خێرخوازییەش هۆكارێكی دیكە بوو، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو خەڵکە کوردپەروەرە. تەنانەت ئەوەندە پشتیوان و لایەنگری یەكێتی بوون، كاتێك پێشمەرگەكانمان لەودیوی سنوورەوە دەپەڕینەوە، لەسەر خانووەكانیان بە دروشم و چەپڵەوە پێشوازییان لەو پێشمەرگانە دەكرد.
لەراستەوە سەرۆک مام جەلال، د.خدر مەعسوم، د.فوئاد مەعسوم