هەولێر، تەها عەبدوڵڵا
لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییەوە، كار بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازەیاسایەك ئامادەكراوە. بەپێی وتەی پەرلەمانتارانیش «قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە هەمواركردنەوەی یاساكە و پێشكەشكردنی پێشنیازی پێویست و لە پێشنیازەیاساكەشدا شوێنی كراوەتەوە».
«رۆڵی قوباد تاڵەبانی بەرزدەنرخێنرێت لە پێشكەشكردنی سەرنج و پێشنیارەكانی و بەدەنگەوەچوونی ئەو پرسە گرنگەدا»
پڕۆژەیەك لەلایەن فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكراوە
لەوبارەیەوە، سەلمە فاتیح ئەندامی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژن لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پڕۆژەیەك لەلایەن فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكراوە تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان، ئەگەر بكرێت دەبێتە یەكەم هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە كە چەندین ساڵە دەركراوە، وتیشی: بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە چەندین كۆبوونەوە و وۆركشۆپ كراوە، تا بۆچوونی چالاكوانان و شارەزایان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی وەربگیرێن و بزانرێت چی باشە بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە».
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئێستا راپۆرتی یەكەم لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەكراوە، تا لە قۆناغەكانی داهاتوودا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و دواتر لە ئایندەیەكی نزیكدا ئامادەبكرێت بۆ دەنگدان لەسەری، بەو هیوایەین هەمواركردنەوەكە بێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی توندتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان. «زۆربەی تێبینییەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە لە پڕۆژەكەدا شوێنی كراوەتەوە، بەتایبەتی تێبینییەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت، كە بەڕێزیان گرنگی زۆری بەو بابەتە داوە و پشتگیری لەوە كردووە یاساكە هەمواربكرێتەوە».
پشتگیرییەکان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە
هەر تایبەت بە هەمان پرس، شادی نەوزاد ئەندامی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژن، بە كوردستانی نوێ-ی وت: بەوپێیەی چەندین ساڵ بەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان تێپەڕیوە و ئێستاش داتا و ئامارەكان بەشێوازێكی دیكەن، كاتی ئەوەیە پێداچوونەوە و گۆڕانكاری لە هەندێك بڕگە و ماددەی یاساكەدا بكرێت، وتیشی: بۆ هەموو یاسایەك، كاتێك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەردەكەوێت كە پێویستی بە دەستكاری و گۆڕانكاری لە ماددەكانیدا هەیە، تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانیش، بەتێپەڕبوونی كات گۆڕانكارییان بەسەرهاتووە، بۆیە پێویستە كاری جدی لەسەر هەمواركردنەوەی یاساكانی بكرێت. سەبارەت بە پشتگیرییەكانیش بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، وتی: «هەر لە سەرەتاوە قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی حكومەت لەسەر خەت بووە و بەشداری لە كۆبوونەوەی لیژنە تایبەتەكانی پەرلەماندا كردووە بۆ گفتوگۆكردن لە هەنگاوەكانی هەمواركردنەوەی یاساكە و داڕشتنەوەی راپۆرتی كۆتایی».
ئەوەشی خستەڕوو كە هەموان تەئكید لەسەر هەمواركردنەوە و گۆڕانكاری لە یاساكەدا دەكەنەوە، بەمەرجێك یاساكە جێبەجێبكرێت و شوێنی خۆی بگرێت، چونكە راستە هەمواركردنەوە یان دەركردنی یاساكە گرنگە و بایەخی خۆی هەیە، بەڵام لەوە گرنگتر جێبەجێكردنی تەواوی خاڵ و بڕگەكانێتی.
هەمواركردنەوەكە بە جۆرێك بێت كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی كوشتن و توندوتیژییەكان هەبێت
پەیوەست بەو بابەتە، فێنك شەفیق بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ژنان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئامانج لە ئامادەكردنی پڕۆژەیەك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانو خێزان، پێداچوونەوەیە بە بەشێك لە بڕگە و ماددەكانی یاساكەدا بە جۆرێك لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بگونجێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لە نێوان لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی كوردستان و رێكخراوەكانی بواری مافەكانی ژنان و خێزان كراوە، تا هەمواركردنەوەكە بە جۆرێك بێت كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی كوشتن و توندوتیژییەكان هەبێت.
وتیشی: یەكێك لەو خاڵانەی بە پێویست دەزانرێت لە یاساكەدا گۆڕانكاری تێدا بكرێت، ئەوەیە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پێشێلكاریانە بكرێت كە بەرامبەر كچان و ژنان دەكرێت، ئیتر تاوانلێكراو لەچوارچێوەی خێزان یان لە دەرەوە بێت، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوە دێت كە ئێستا توندوتیژی زیادیكردووە، كە لەم ماوەیەدا ئامارەكان دەخەینەڕوو، بەتایبەتی جۆرەكانی توندتیژی سێكسی و كوشتن و هەڕەشەكردن و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا، هەروەك داواكراوە رۆڵی داواكاری گشتی و دامودەزگاکانی حكومەت بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی فراوانتربێت و كاری زیاتر بكەن بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، لەوانە رۆڵبدرێت بە وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی كاروباری خانمان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان. «داواشكراوە سزاكانی تاوانبار بەرامبەر ژن و خێزان، توندتربكرێت و ناشبێت تاوانبار لە هیچ شوێنێك داڵدەبدرێت، رێگەش نەدرێت لەڕێگای سوڵحی عەشایەری دۆسێی تاوانبار ئاڕاستەی دیكە وەربگرێت».