قوباد تاڵەبانی لە ئیدارەی راپەڕین بەردی بناغەی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی دانا
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەمە 9/6/2024 سەردانی ئیدارەی راپەڕینی کرد و بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بەردی بناغەی کارگەی وشککردنەوەی گەنمە شامی قەمتەرانی دانا.
پڕۆژەی کارگەی وشککردنەوەی گەنمە شامی قەمتەران، پڕۆژەیەکی ستراتیژی کشتوکاڵییە لە دەڤەری راپەڕین و بەرهەمی گەنمە شامی جووتیارانی دەڤەرەکە وەردەگرێت بۆ وشککردنەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمە شامی لە ناوچەکەدا چونکە لە توانایدایە لەهەر سەعاتێکدا 80 تۆن گەنمە شامی وشک بکاتەوە. هەروەها بڕیارە پڕۆژەکە لە ماوەی 9 مانگدا تەواو بکرێت و ژمارەیەک هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەری راپەڕین بڕەخسێنێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی ناوچەکە کۆبووەوە، پاش گوێگرتن لە داواکارییەکانیان، پشتگیری تەواوی خۆی و حکومەتی هەرێمی بۆ جووتیاران دووپات کردەوە و رایگەیاند: گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەولەوییەتی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێک دەدەن بە پشتبەستن بە توانای جووتیاران، کەرتی کشتوکاڵ پێش بخەن، بە تایبەتیش پلانیان هەیە لە رێگەی برەودان بە کەرتی پیشەسازی خۆراکەوە بەرهەمی جووتیاران بە شێوەیەکی باشتر لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا ساغ بکەنەوە.