یادەوەریی وەرزشی

یارییەکانی قۆناغی دووەمیشمان بە بردنەوە دەستپێکرد

02:29 - 2024-06-11
وەرزش
147 جار خوێندراوەتەوە
#تیپی یانەی سلێمانی 1985

خەسرەو گورون
111

لە ژمارەکانی پێشوودا، باسی هەر چوار یاریی یانەی سلێمانیم كرد لە قۆناغی یەكەمی خولی پلەدووی یانەكانی عیراقدا (گروپی باكووری عیراق)، ئەنجامی هەرچوار یارییەكەشمان بەمشێوەیە بوون:
*یەكەم یارییمان رۆژی 9/11/1990 بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو، یارییەكە لە هەولێر كردمان و بەگۆڵێكی بێ بەرامبەر ئەو یارییەمان بردەوە.
*دووەم یارییمان رۆژی 16/11/1990 لەگەڵ تیپی یانەی 1 ی حوزەیران بوو، ئەم یارییەشمان لە  یاریگای سلێمانی كردو یارییەكەشمان 2-0 لەو تیپەش بردەوە.
*سێیەم یارییمان لەگەڵ تیپی یانەی موسڵ بوو كەرۆژی 30/11/1990 لە یاریگای موسڵ كردمان و لەم یارییەشدا 1-1 یەكسان بووین.
*چوارەم یارییشمان رۆژی 6/12/1990 لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكەی ئەوسا)بوو، یارییەكەشمان لەگەڵ تیپی یانەی سەورەی شاری كەركوك بوو، توانیمان 1-0 لە تیپی سەورە ببەینەوە، بەم بردنەوەیەوە، بوین بە خاوەنی 7 خاڵ لە سێ بردنەوەو یەك یەكسان بوون، چونكە ئەوكات بردنەوە 2 خاڵ و یەكسان بوون 1 خاڵ بوو.
پاش ئەو یارییانە یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی دووەممان دەستپێكرد و یەكەم یارییمان لەگەڵ تیپی یانەی برایەتی بوو، یارییەكەمان لە یاریگای سلێمانی كرد، یاریی چوونمان 1-0 بردبۆوە، ئەم یارییەشمان رۆژی 4/1/1991 كرد، تیمێكی ناوبژیوانی لە شاری موسڵەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی، یارییەكەش سەعات 2 -ی پاش نیوەڕۆ دەستیپێكرد، هاندەرانێكی یەكجار زۆر ئامادەبوون، ئێمە وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سوور و برایەتیش بە درێسی سپییەوە یارییان دەكرد، ئەم یارییەشمان 2-1 بردەوە، هەردوو گۆڵەكەی ئێمە بەختیار رەشید د:49، ئامانجی سەید برایم د:75 كردیان.

 

یەکەم یاریی قۆناغی دووەمی خولی پلە دووی یانەکانی عیراق (گروپی باکووری عیراق)- مان بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو، یارییەکەشمان لەیاریگای سلێمانی بوو، ئەم یارییەشمان بردەوە

 

مامۆستا ئازاد وەهاب و خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان بەڕێوەبەری تیپ و عومەر خەتاب و حەمە بچكۆلیش راهێنەرانی ئێمە بوون، بەپلانی 4-4-2 یارییمان كرد، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رەفیق عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، داخل جەبار، نەوزاد مستەفا، فەرەیدون ساڵح -نێرە.
*ناوەند: محەمەد عەبدوڵڵا –حەمەی هەڵەبجە، ئالان قادر، ئومێدی شێخ حسێن، ئامانجی سەید برایم.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* سڵاحی شێخ ئەمین بۆ شوێنی داخل.
* ئاسۆ قەلە بۆ شوێنی ئومێد.
ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:سابیری سەلامی مەلا سابیر، كاژاو كەمال، ئارام عەبدولكەریم-گۆڵچی، یاسین، ئالان محەمەد.
پاش ئەوەی توانیما ئەم یارییەش ببەینەوە، كۆی خاڵەكانمان بوون بە 9 خاڵ، لەبەرئەوەی موسڵ و سەورەش یەكسانبوون، ئێمە بووینەوە بە یەكەمی گروپەكەی خۆمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان