سەرۆک بافڵ: یەكێتی نایەوێت بەشێكبێت لەو ململانێ ناڕەوایەی تێیدا ژیانی خەڵك دەبێتە قوربانی

08:17 - 2024-06-11
کوردستان
509 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق کرد.

لە دیدارەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، پرسی هەڵبژاردن  و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بەردەوامیی گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی جەختیلێكرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو بەربەستانەی لە بەردەم پڕۆسەكە دروستدەكرێن، روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتی نایەوێت بەشێكبێت لەو ململانێ سیاسییە ناڕەوایەی تێیدا  ژیانی خەڵك دەبێتە قوربانی و دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەوڵی ئێمە لەپێناوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد، هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروست و دادپەروەرە.

لەبارەی هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دەستەبەركردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵك، سەرۆك بافڵ رایگەیاند، تێكەڵكردنی مووچە و ژیانی خەڵك بە ناكۆكییە سیاسییەكان كارێكی نابەجێیە و بەهەموو شێوەیەك دژی وەستاوینەتەوە، بەخۆشحاڵییەوە لەم هەنگاوەدا سەركەوتوو بووین. بۆ ئەمەش سوپاسی دۆستەكانمان دەكەین كە هاوكار و پشتیوانمان بوون.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان