لە ساڵڕۆژی لەدایكبوونیدا؛ هێرۆ خان سیمبولی تێکۆشان

10:04 - 2024-06-12
کوردستان
410 جار خوێندراوەتەوە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كەسایەتییەكی گەورە ‌و ناوداری كوردستانە، ئەو وەك پێشمەرگەیەكی ئازا‌ و جەسوور بەشداری شۆڕشی نوێی كوردستانی كردووە، لە چاوی كامێرەكەیەوە چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە‌ و بۆردۆمانی فڕۆكە‌ و تۆپخانەكانی رژێمی بەعسی بۆ سەر ناوچە ئٔازادكراوەكان تۆمار كردووە، خاوەنی گەورەترین ئەرشیفی شۆڕشی نوێیە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە بە (هێرۆ خان) ناسراوە، رۆژی 12ی حوزەیرانی 1948 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە. لە ئامێزی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار‌ و رووناكبیر ‌و خاتوو گەلاوێژ ساڵح نووسەر‌و رۆماننووسدا پەروەردە بووە، ئیدی هەر لە منداڵییەوە ئاشنای كتێب ‌و خولیای خوێندنەوە بووە.
بەهۆی كاری سیاسیی باوكییەوە، وەك خۆی ئەڵێت‌ ماڵەكەیان وەك جانتایەكی سەفەریی گەڕۆك بووە، هەر بۆیەش قۆناغەكانی خوێندنی لە چەند شارێك تەواو كردووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندی و ئامادەیی لە نێوان شارەكانی كەركوك‌ و بەغدا‌ و سلێمانی‌ و تاران تەواو كردووە.
دواتر بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی دەرووناسیی كۆلیجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
سەرەتای ساڵی 1970 لەگەڵ سەرۆك مام جەلال ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە ‌و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە، دوو كوڕ بووە (بافڵ، قوباد).
ئیدی  هێرۆخان وەك هاوژین ‌و هاوخەباتیی سەرۆك مام جەلال رێگەی سەختی تێكۆشانی هەڵبژاردووە.
لە گەرمەی شۆڕشی نوێدا، جگەر گۆشەكانی لای باوك ‌و دایكی لە لەندەن بەجێدەهێلێت، لەگەڵ سەرۆك مام جەلال ئەچێتە كۆڕی گەرمی تێكۆشانەوە.
لە شاخ خولیای كاری میدیایی بووە، هەر بۆیەش لە رێی چاوە بچووكەكانی كامێراكانی  ڤیدیۆ‌ و فۆتۆوە، چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌ و بۆردومانی فڕۆكە‌ و تۆپخانەكانی رژێمی بەعس تۆمار ئەكات‌ و وەك رۆژنامەنووسێكی پێشمەرگەی ئازا‌ و بوێر، لە مەیدانی جەنگدا موجازەفە بەژیانی خۆی ئەكات. خاوەنی گەورەترین تۆمار ‌و ئەرشیفی شۆڕشی نوێی كوردستانە.
ئەوەش خزمەتێكی گەورەیە بە مێژووی شۆڕش ‌و ئەڕژێتە ناو مێژووی گەورەی كوردستانەوە.
ناوی (هێرۆخان) یش وەك یەكەم ژنە وێنەگری پێشمەرگە بەشانازییەوە ئەچێتە دیرۆكی زێڕینی كوردستانەوە.
دوای راپەڕینی ئازادیی كوردستان، هێرۆ خان لە چەند بوارێكی دیكە خزمەتی كرد.
سەرەتا رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستانی دروستكرد، ئەو رێكخراوە خزمەتی زۆری بەمنداڵان كرد ‌و بەردەوامە لەكارو خزمەت.
ئەو چۆن لە شاخ خولیای كاری میدیایی بوو، لە شاریش بەدیدێكی نوێوە درێژەی بەو خولیایەدا، تەلەفزیۆنی خاك‌ و كەناڵی كوردساتی كردەوە، ئەو دوو كەناڵە میدیاییە، كە بەردەوامن لە كار، خزمەتی زۆریان بەبوارەكانی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگی كوردستان كردووە.
هەروەها  بڕیاری دەركردنی گۆڤاری خاك ‌و پەپوولە ‌و سیخورمەی دا.ئەوانەش هەریەكەیان لە بواری خۆیدا خزمەتی زۆریان كرد.
هێرۆ خان بەحوكمی پێگەی سیاسی، رۆڵی دیاری هەبوو لە پاراستنی شوێنەوارەكان ‌و خانووە كلتورییەكان ‌و موڵكی گشتی.
ھێرۆ خان پشتیوانی چەندین پڕۆژەی کلتووری بووە، لەوانە: گەلەری زاموا، پاراستن و چاپکردنی دەستنووسە کۆنەکان، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، پاراستنی سەرا، پڕۆژەی پەیکەرسازی وچەندانی تر.
ئەو وەك كەسێكی قاڵبووی ناو كاری سیاسی، رۆڵی دیاری سیاسیی لە ترۆپكی رێكخراوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بینی.
بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرانەی هێرۆ لە بوارەكانی كاری خێرخوازی ‌و میدیایی‌و پاراستنی شوێنە كەلتوورییەكان پێشكەشی كردووە، چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ ‌و دەرەوە خەڵاتی رێزڵینانی پێبەخشراوە.
لە كۆتاییدا هیوای لەشساغی‌ و تەمەن درێژی بۆ هێرۆخان ئەخوازم، ئەو ژنەی  لە كۆڕی تێكۆشانی شاخ‌ و خەباتی مەدەنی شاردا، زۆربەی ژیانی خۆی بەخزمەتكردنی گەلەكەی بەخشی‌ و مێژووویەكی جوانی تۆمار كرد‌ و وەك هێمای تێكۆشان‌ و بەرخودان و بەخشندەیی ئەچێتە دیرۆكەوە.

خەلیل عەبدوڵڵا

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان