هێرۆ خان هاورێی ژیان و تێکۆشانی سەرۆک مام
جەلالە، بۆیە رەهەندی تێکۆشانی سیاسیی وی مەعلومی هەموانە. بەڵام بەشی زۆری
کارکردنی هێرۆخان لە رەهەندە فراوانەکەی سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەییدا تەرخانی کەلتوور
و هونەر و میدیا و چالاکی کۆمەڵایەتی و پڕۆژە ستراتیژە مرۆڤدۆستانەکانی بوو.
حزبایەتی ئاشکرا و راستەوخۆی ئەو کاتە دەرکەوت
و تۆخبۆوە کە لە سەردەمی تەنگژەکاندا هاتە سەرخەت و نەترسانە و بوێرانە داکۆکی لە یەکێتی
و حزبایەتی راستەقینە کرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیلانگێڕی گەورە لەسەر یەکێتیی تەنگی
بە سیاسەت و کوردایەتی هەڵچنیبوو و ئینجا مام جەلال-یش بەهۆی نەخۆشییەوە لە پشووی جەنگاوەریدا بوو، زۆر بوون ئەوانەی فاتیحایان بۆ
نەمانی یەکێتی دەخوێند و زۆر مودەعی تێزی بەدیلی یەکێتی و مام جەلالیان دەخستە
بازاڕەوە. جا ئەو کاتە هەبوون لە سامانی ماددی و مەعنەوی یەکێتیان دەخوارد و بە
کاریان دەهێنا کەچی پێیان شەرم بوو ناوی یەکێتی بێنن یان دوو قسەی خێری بۆ بکەن، بە
ناوی دیموکراتی و باقوبریقی ترەوە گاڵتەیان بە نەریتی حزبایەتی و شانازیی حزبییەوە
دەکرد. گوایە حزبایەتی تەسک باوی نەماوە و شەرمە شەڕە پەرۆی بۆ بکەیت. ئا لەو تەنگانەدا هێرۆ خانی حریفی حزبایەتی و دڵسۆزی
یەکێتی بوون دەرسی پێشکەشکرد و دەرکەوت. جگە لە داکۆکییە رەسەن و جەوهەرییەکانی لە
بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی لە ئاماژە و ئاڵا و لۆگۆشدا هەمیشە سەربەرزی و سەرفرازی
یەکێتی زەق دەکردەوە. جلی سەراپای سەوز و یەکێتیانەی دەپۆشی و تەنانەت ئۆتۆمبیل و
کەرەستەکانی فلێکس و قەڵەمیشی سەوز دەکرد. زۆربەمان چالاکییەکانی ئەو کاتەی لە بیرە
کە لە کەمپینی هەڵبژاردن و جۆش و خرۆشی جەماوەریدا ئەم جلوبەرگانەی دەپۆشی.
هێرۆ خان هیچ مەجبور نەبوو دوای ئەو مێژووە
گەورەیەی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی خۆی و دوای ئەوەی هەموو یەکێتی بە
دادە و خوشکی گەورە و مامۆژن بانگیان دەکرد و حورمەتی هاوشانی مام جەلال-ی هاوسەنگەری
هەبوو، ئەم ئاماژە حزبیانە پەیڕەو بکات. بەڵام تینوتاوی کوردایەتی و تێگەیشتنی قووڵی
لەسەر رۆڵی مێژوویی یەکێتیی و رۆڵی بەهاداری حزبایەتی لە تەنگژەکاندا ئەنگێزەی سەوز
پۆشی و حزبایەتی بەرچاوی هەڤاڵ هێرۆ بوو.
ئەو لە تەنگژەدا خۆی لە ئەرکی سەرشان نەشاردەوە
و ئازایانە و ژنانە و دادانە هاتە کۆڕی سەوزەوە. بەمەش دەرس و وانەیەکی مەزنی حزبایەتی
نیشان داین کە لە تەنگژەدا بێیتە جواب و لە شێنەییدا فراوانتر و نەتەوەیی بڕوانیت.
ئەم وێنەیەی هێرۆخان وێستگەی حزبایەتی ئازایانەی
ئەو لە ناو یەکێتی و کوردایەتی دەردەخات.
بەو بۆنەیەوە یادی لە دایکبوونی پیرۆز بێت و
تەمەنی بۆ کورد و یەکێتی پڕ بەرەکەت بێت.
ستران عەبدوڵڵا