دەوڵەتی یاسا: مەسەلەكە پەیوەستە بە سوننەكانەوە

هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دوای جەژن یەكلادەكرێتەوە

11:37 - 2024-06-13
ڕاپۆرت
440 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار 

باس لە بوونی كۆدەنگییەكی سیاسی دەكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای جەژنی قوربانی پیرۆز و سەركردەیەكی دەوڵەتی یاساش دەڵێت «كێشەكە لەنێو سوننەكان خۆیاندایە، كە ناتوانن سەرۆكێك بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرن و ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە».

هەڵوێستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا 
سەعد موتەڵیبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بە كوردستانی نوێ‌-ی راگەیاند: «ئیرادەیەكی سیاسی هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێو پێكهاتەی سوننەدا، بەڵام كێشەكە لەئێستا و لە رابردووشدا لەنێو خودی پێكهاتەی سوننەوە سەرچاوەی گرتووە، بە تایبەت لە نێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لەسەر سەركردایەتیكردنی پێكهاتەكە، هەر ئەم ناكۆكییەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی تەنگژەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران». 

پەیوەستە بە سووننەكان
بە وتەی موتەڵیبی: «پرسەكە دوورە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و لایەنە سیاسییەكانی تر و هەموان ئامادەی دەنگدانن، ئەگەر لایەنە سوننەكان لەسەر كاندیدێكی دیاریی كراو رێككەون، نەك بچنە نێو كێشە و ناكۆكی و دابەشبوون كە كاریگەریی نەرێنی بۆ ئایندە دەبێت، ئەمەش نە خواستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە و نە خواستی هیچ لایەنێكی ترە». 
سەبارەت بە كاندیدەكان و پشتگیریی و پشتیوانی دەوڵەتی یاسا لە كەسایەتییەك، سەعد موتەڵیبی وتی: «ئاشكرایە شێخ كرەیم پاشەكشەی كرد، لە گەڕی دووەمیشدا كێبڕكێكە لەنێوان سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانیدا مایەوە، كە بەهەمان شێوە یەكلایی نەكرایەوە، ئەو دوو كاندیدەش یەكێكیان كاندیدی خەمیس خەنجەرە و ئەو یتر كاندیدی هێزەكانی (حەسم و حەسم) و هێزە سیاسییەكانی ترە، بۆیە پرسەكە لە كرۆكدا پرسی سوننەیە، بۆیە دەوڵەتی یاسا و زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی تر، دەست لەو پرسە وەرنادەن بەمەبەستی شكاندنەوەی سەنگەكە بەلایەكدا، بەڵكو لێدەگەڕێن سوننەكان بۆخۆیان كەسایەتییەك هەڵبژێرن كە بەشێوەیەكی راستەقینە نوێنەرایەتیان بكات. 

بۆ دوای جەژن 
هەر لەو بارەیەوە، موختار موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، ئاماژەی بە بوونی كۆدەنگییەكی سیاسی كردووە، بۆ یەكلایی كردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای پشووی جەژنی قوربان. 
موسەوی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاندووە: «كۆدەنگییەكی سیاسیی هەیە لەسەر یەكلایی كردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دوای پشووی جەژنی قوربان، هیچ نیازێكیش نییە بۆ هێشتنەوەی موحسین مەندەلاوی لەلایەن هیچ لایەنێكی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی». 
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی فەتح: «سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ماف و شایستەی پێكهاتەی سوننەیە، ئێمەش رێز لەوە دەگرین و دەبێت بەم زوانە یەكلایی بكرێتەوە، هەموو ئاراستەكانیش لەئێستادا روویان لە پارێزگای ئەنبار و سالم عیساوییە، بەوپێیەی لەلایەن هێزە سیاسییە جیاجیاكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت». 

 

دەوڵەتی یاسا و زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی تر، دەست لەو پرسە وەرنادەن بەمەبەستی شكاندنەوەی سەنگەكە بەلایەكدا، لێدەگەڕێن سوننەكان بۆخۆیان كەسایەتییەك هەڵبژێرن كە بەشێوەیەكی راستەقینە نوێنەرایەتیان بكات



ناكۆكییەكان بەردەوامن 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دوایین پەرەسەندنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرا دەكات و ئاماژە بە بەردەوامی ناكۆكییەكان دەكات لەنێو حزبەكاندا. 
سالم عەنبەكی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: «ناكۆكییە سیاسییەكانی نێو حزبە سیاسییە سوننەكان، تائێستا بەردەوامە و وێڕای هەوڵەكان بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكان و دیاریكردنی یەك كاندید، بەڵام هیچ پێشكەوتنێك لە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەراندا نەهاتووەتە دی».
عەنبەكی پێیوایە:«سازدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان قورسە، لە سایەی ناكۆكییەكاندا كە سەرلەنوێ‌ رووبەڕووبوونەوەی شكست دەگەیەنێت لە یەكلایی كردنەوەی پرسەكە، بەڵام هەوڵەكان بەردوامن بۆ ئەوەی سوننەكان بە یەك كاندید لەمجارەدا بەشداریی بكەن». 
هەر لەو رووەوە موختار موسەوی هاوپەیمانی فەتح، پێشبینی كردبوو، یەكلایی كردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دوای پشووی جەژنی قوربان دوابخرێت. 
موسەوی دەڵێت:«تائێستا هیچ پەرەسەندنێك لە دۆسێی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەراندا نەهاتووەتەدی، و ناكۆكییە سیاسییەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سوننەكان بەردەوامن، بۆیە ناكرێت دانیشتنی پەرلەمان لە سایەی ئەم ناكۆكیانەدا سازبكرێت». 
بە بۆچوونی موسەوی:«چارەسەركردنی تەنگژەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستی بە كاتی زیاترە بە مەبەستی رێككەتن و لێكگەیشتن، بۆیە چاوەڕوانین دانیشتنی هەڵبژاردنەكە بكەوێتە دوای جەژنی قوربان، بە تایبەت لە سایەی سەرقاڵبونی پەرلەمانتاران بەچەند پرسێكی ترەوە كە جەخت لەسەر پێویستی یەكلایی كردنەوەیان دەكرێتەوە». 

بابەتە پەیوەندیدارەکان