قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر پێشوازیکرد لە محەمەد زارعی، پاڵەوانی نێودەوڵەتی کورد و پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەو پاڵەوانە کوردە لە بەدەستهێنانی نازناوە نێودەوڵەتییەکاندا دووپاتکردەوە.
محەمەد زارعی یاریزانی نێودەوڵەتی وەرزشی MMA یە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردوە و ئەنجامی گەورەی بەدەستهێناوە.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵ و کۆڵنەدانی محەمەد زارعی کرد کە وەک یاریزانێکی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا کردوە و بە سەرکەوتنەکانی ناوی کورد و کوردستانی بە بەرزی راگرتووە.
قوباد تاڵەبانی هانیشی دا کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا و بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیری خۆی بۆ دووپات کردەوە.
لای خۆشیەوە محەمەد زارعی سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد کە هەمیشە پشتگیری لە وەرزشوانانی کورد دەکات بۆ ئەوەی خەونەکانی خۆیان بەدیبهێنن و شانازی بۆ کورد و کوردستان لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار بکەن.
محەمەد زارعی کە بە گۆرێلاکەی کورد ناسراوە، خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی نەرویجە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا چەندین دەستکەوتی لە یاری MMA بەدەستهێناوە. لە مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی CFL8 کە ناوەندی وەرزشی کوردستان رێکیخستبوو، بەشداربوو و توانی لە کێشی 84 کگم بەسەر حەیدەر دارستانی رکابەریدا سەربکەوێت.