رۆشنبیر و دەسەڵات، دۆستی یەكن یان دوژمن؟

09:32 - 2022-06-20
دووتوێ
329 جار خوێندراوەتەوە

علی حسین عبید

و: تارا شێخ عوسمان 


رۆشنبیر و سیاسیی چەند جیاوازییەك لە یەكتریان جیادەكاتەوە، ئەمەش بە هۆی ئەو ناولێنانەوەیە كە لە بارەی رۆشنبیران و دەسەڵاتەوە بیستوومانە یان خوێندوومانەتەوە، ئەمەش راماندەكێشێت بۆ پرسیاركردن لە و دژییەكیانەی لە نێوان رۆشنبیر و دەسەڵاتدا هەیە، ئایا هیچ دەرەتانێك هەیە بۆئەوەی لەیەك نزیك بنەوە و پێكەوە كار بكەن؟، كەی ئەوە روودەدات؟، هیچ هۆیەكی دیاریكراو هەیە بۆ ئەوەی رۆشنبیریی وسیاسەت تێكەڵ بن؟  

رۆشنبیریی  بیركردنەوە و پڕەنسیپە، هەروەها سیاسەتیش، لەم لایەنە گرنگەوە رۆشنبیر و دەسەڵات یەكدەگرنەوە، ئەمەش كاروانی راستەقینەی هەردووكیان دیاری دەكات، چونكە فیكرێكی رۆشنبیرانەی ئازاد و بوێر و هاوسەنگ و رەسەن، رۆشنبیرێكی رەسەن و چالاك و كارامە دروست دەكات،  هەمان شتیش بۆ سیاسییەكە راستە، چونكە ئەگەر ئەو بیروباوەر و پڕەنسیپەی سیاسییەكە بڕوای پێبوو هاوسەنگ و دادپەروەرانە و رەسەن بوو،  سیاسییەكی سەركەوتوو دروست دەبێت، هەموو ئامانجەكانی دەچێتە خزمەتی نیشتمان و هاووڵاتییەكانی.
بەریەكەوتن و یەكگرتنەوەی رۆشنبیر و سیاسی 
 لەوكاتەدا رۆشنبیر و سیاسی بەریەكدەكەون كە رۆشنبیر  كەسێكی ئازادیخواز و خاوەن بیروڕای پتەوی خۆی بێت و سیاسییەكە كەسێكی بەرژەوەندیخوازی خۆپەرست و نەزان بێت، لێرەش مەبەست لە نەزان كەسی بێبڕوانامە نییە، بەڵكو مەبەست لێی نەزانە لە رووی مەعریفە و دونیا بینییەوە كە ئەم جۆرە سیاسیانە نەك  زیان لە خۆیان دەدەن، بەڵكو زیانن بۆ ئەو پارتە  سیاسییەی كە  ئەندامە تێیدا، ئەمەش بە مانای جیاوازییە لە ئامانجی سیاسی و رۆشنبیردا و كاتێكیش ئەم بەریەككەوتنە بە هێزە لە نێوان رۆشنبیر و سیاسییدا روودەدات، كە دژیەكی لە نێوان ئامانج و مەبەست و  شێواز و تەنانەت بیروڕاكانیاندا دروست دەبێت.
كەسێكی سیاسی كە  بە بیروباوەڕێكی دیارییكراو پەروەردە كراو یان گۆشكراوە، ئەو بیروباوەڕە لە مێشك و بونیادی كەسێتییدا رەنگدەداتەوە و بە بیركردنەوەشییەوە دیارە، لەبەرئەوەی كە ئامانجی رۆشنبیر و سیاسی هەمیشە پێچەوانەی یەكترن، هەمیشە بەریەك دەكەون و لەیەك دوورن.
 هەروەها سیاسیی گرنگیی دەدات بە بەرژەوەندییە مادییەكان (سەربارزی، ئەمنی، ئابووری) هەرچی رۆشنبیرە، بایەخ دەدات بە دروستكردنی عەقڵییەتی مرۆڤ و سروشت و كەسایەتی و بیروڕا و هەڵسوكەوتەكەی، بیروڕای رۆشنبیریش كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر سیاسەت و سیاسەتمەداران، هەربۆیە دەسەڵات هەمیشە هەوڵ دەدات رۆشنبیریی و رۆشنبیران بگرێتە خۆی، بە تایبەت لە سیستمە خۆسەپێنەكاندا و تەنانەت لە سیستمە دیموكراسییە مامناوەند و لاوازەكانیشدا.
چەندین جەنگ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەڵدەگیرسێت، وەك ئەوەی رۆشنبیری دوژمنی سیاسەت بێت، رۆشنبیریش دوژمنی یەكەمی سیاسییەكان بێت،   بەدرێژایی مێژوو ئەم ململانێیە لە نێوان رۆشنبیرو سیاسیەكاندا بەردەوام بووە و هیچ سەردەمێكی مێژوییش نییە لەم ململانێیە بەدەر بووبێت،  مادام رۆشنبیر و سیاسەتمەداریش بەرهەمی دوو لانكەی رۆشنبیریی و سیاسەتن، كەواتە ئەو ململانێیە ناوەستێت، بە تایبەت لە سیستمە دیكتاتۆرییەكاندا، چونكە ئەو جۆرە سیستمانە بڕوایان بە رۆشنبیر و رۆشنبیریی و  بیرو رای جیاواز و بیرمەندان نییە، هەربۆیە دەسەڵات ئەو جۆرە كەسانە پەراوێز دەخات یان لە چوارچێوەیان دەدات، زۆرجاریش بە زۆرملێ دووریان دەخاتەوە و پەرتەوازەیان دەكات، مێژووش پڕە لە نمونەی ئەو جۆرە رەفتارانە بەرامبەر بە رۆشنبیران و بیرمەندان.

رۆشنبیری دروستكراوی دەسەڵات
 دەبێت پێشبینی چی بكەین لەو رۆشنبیرییەی دەسەڵات دروستی دەكات؟، ئەگەر پێچەوانەشی بكەینەوە، دەبێت پێشبینی چی بكەین لەو سیاسەتەی رۆشنبیر دروستی دەكات؟ رەنگە جیاوازییەكە زۆر بێت، چونكە دیسان دەچینەوە چوارچێوەی دژیەكی، واتە ئەو رۆشنبیرییەی كە بەرهەمی  سیستمێكی سیاسییە، وەك زووڕنایەكە بۆ برەودان بە بیروڕاو بەرژەوەندییەكانی حكومەت و دەسەڵات، بەوەش دەوترێت، رۆشنبیری دروستكراوی دەسەڵات، ئەم جۆرە رۆشنبیرە و ئەو رۆشنبیرییەی كە سیاسەت دروستی دەكات دیل  و ئاڕاستەكراوە و بەتاڵە لە هەموو بیركردنەوە و داهێنانێك، چونكە ئازادی بیروڕا و نوێكاریی تێدا نابێت.چونكە هەرگیز رۆشنبیرییەكی داماڵراو لە ئازادیی و ئیرادە نەیتوانیوە داهێنان بكات یان بوێریی نەبووە(دژە باو )بێت،  یان لە دەرەوەی ئەو پلانانە بێت كە سیاسییەكان و دەسەڵات بۆی دادەرێژن.
 ئەزموونی ئەو دیكتاتۆرییانەی لە ئەمریكای لاتین و هەندێك وڵاتی ئەفریقیا و وڵاتانی عەرەبی هەبوون و هەن، شكستی رۆشنبیری دروستكراوی سیاسی سەلماندووە، چونكە بە ئازادی بیروڕاكانیان دەرنەبڕیووە، هەروەها دەركەوتووە رۆشنبیری دەستكردی سیاسییەكان ناتوانێت بە ئاسانی ئەركی رۆشنگەریی راپەرێنێت، بێزراو دەبێت و هیچ توانایەكی رۆشنبیریشی نامێنێت كە كاربكاتە سەر جەماوەر.
هەروەها رۆشنبیری دەستكردی دەسەڵات رۆڵی خۆی باش دەزانێت كە بریتییە لە جوانكردنی روخساری سیاسییەكان بەرامبەر دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەكەی، هیچ پەیوەندیی نییە بەوەی روودەدات لە پێشێلكاریی و هەڵەی زەقی سیاسی كە كارەسات و ماڵوێرانی  بە دوادا دێت.  
رۆشنبیری دەستكردی سیاسیی بە قەدەغەكاری دەورەدراوە،  ناتوانێت هاوڕێی پێشهاتە خێراكانی ئەم سەردەمە بێت قسەی هەبێت، ئەگەر رۆشنبیریی دەستكردی سیاسی لە كۆندا شكست بووبێت، ئەوا لەم سەردەمەدا  شتەكە لە شكست گەورەتر و دیارترە، بەهۆی سروشتی ئەم سەردەمەوە كە لەسەر تازەكاری و بیرورای داهێنەرانە و هەمیشە نوێبووەوە وەستاوە.
زۆر دەگمەنە سیاسیی و رۆشنبیر پێكەوە كۆببنەوە و پێكەوە هەڵكەن، ئەم گۆڕانكارییەش كاتێك روودەدات ئەگەر سیاسییەكە ببێتە رۆشنبیر و بیرمەند، یان هەردوو رۆشنبیریی و سیاسەت پێكەوە كۆبكاتەوە، ئەمەش لە هەندێك سیستەمدا روویداوە كاتێك دەسەڵاتداران بە چاوی هاوڕێیانە لە رۆشنبیرەكانیان روانیووە و بە دۆستی نزیكی خۆیانیان زانیون، نەك دوژمنێك كە هەڕەشە لە دەسەڵاتەكەیان بكات.
هەروەها هەندێك نزیكبوونەوە لە نێوان رۆشنبیرە رەسەنەكان و سیاسییە گەورەكاندا روویداوە، بە هۆی ئەوەی رایەڵەی رۆشنبیریی  لە نێوانیاندا بەهێز و كارا و رەسەن بووە.

 لەوكاتەدا رۆشنبیر و سیاسی بەریەكدەكەون كە رۆشنبیر  كەسێكی ئازادیخواز و خاوەن بیروڕای پتەوی خۆی بێت و سیاسییەكە كەسێكی بەرژەوەندیخوازی خۆپەرست و نەزان بێت

ئاشتیی نێوان رۆشنبیر و سیاسەت
لە وڵاتە عەرەبییەكان كە لە كاروانی پێشكەوتنی جیهانیی دواكەوتوون، پێویستی زۆرمان بە ئاشتییەكی راستەقینەی نێوان رۆشنبیر و سیاسەت و سیاسەتمەدار و بیرمەندەكان و دەسەڵات و رۆشنبیرە ، بۆ وا پێویستمانـە، گرنگییەكەی چییە؟
لە راستییدا دەبێت هەردوو لایەنی دژییەك بزانن ئەو نزیكبوونەوەیە پێویستە و  دەبێت ببنە دوو هاوڕێ لە بری  ئەوەی دوژمنی سەرسەختی یەك بن، چونكە ئەو نزیكبوونەوەیە بونیادنانەوەی  كۆمەڵگە و وڵات و سیستمی سیاسییەكەی  لێدەكەوێتەوە، هەموو دوور كەوتنەوە و دژایەتییەكی یەكتریش  نیشانەیە بۆ دواكەوتوویی وڵات و پاشەكشەی دۆخی كۆمەڵگە و سەرقاڵبوونی سیاسییەكان بە شتێكەوە كە دووریان دەخاتەوە لە بونیادنانی وڵات.
 هەروەها پێشكەوتن و سەركەوتنی وڵاتێك لە رادەی لێكنزیكبوونەوەی رۆشنبیرانی ئەو وڵاتەدایە لەگەڵ سیاسیی و دەسەڵاتداراندا.   

سەرچاوە:
 شبكة النبآ المعلوماتیة


بابەتە پەیوەندیدارەکان