راپۆرتی/ جێگر خدر
کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکان:
پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات بێتە سەرخەت
رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، بەلەمێکی قاچاخچییەکان لە بۆدرومی تورکیاوە بە 76 سەرنشینەوە رووە و ئیتاڵیا بەڕێکەوت، زۆرینەی سەرنشینەکانی کوردن و ژمارەیەکی کەمیش ئەفغانی، دوای چەند رۆژێک و لەناوەڕاستی دەریا، لە ئاوی ئازاد، بەشێک لە سەرنشینان لە سندوقی فریاگوزاری ناو بەلەمەکەوە هەوڵی دەرهێنانی ئاو و خۆراک دەدەن، کەچی هەوڵی پەیداکردنی نان و ئاو هیوابڕاویان دەکات و بەلەمەکە کون دەبێت، هەر ئەو کون بوونەیە، هێز لە بەلەمەکە ناهێڵێت و قڵپی دەکاتەوە، دەستبەجێ و هاوشێوی فیلمە تراژیدییەکان نزیکەی نیوەی سەرنشینان یەک لە دوای یەک گیان لەدەست دەدەن و هیوای گەیشتن بە کامەرانی بۆ ناو قووڵایی دەریا دەبەن، لەناو سەرنشیناندا، منداڵی ساوا، چەند مانگە و چەند ساڵە و تەنانەت دایکی دووگیانیش هەبووە، دوای قڵپ بوونەوەی بەلەمەکە 35 بۆ 40 کەسێک لە ژیاندا دەمێنن، بەڵام بەهۆی تینوێتی، برسێتی، تێکچوونی دەروون و ھۆیەکانی دیکە، وردە وردە ژمارەیەکی دیکەش گیان لەدەست دەدەن و زۆرینە بەرگەی چوار رۆژی بێ ئاو و نانی ناگرن، لەکۆی ئەو 76 کەسە، تەنها 12 کەس بەرگە دەگرن و پاشان کەشتییەکی فەڕەنسی دەبێتە فریاد رەسیان و بە ئیتاڵیایان دەگەیەنێت، هەر زوو یەکێک لەو کەسانە دوای گەیشتنیان بە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، ئەم چیرۆکە تراژیدییە، ئەو شایەدحاڵانە دەیگێڕنەوە کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیان و چارەسەر وەردەگرن.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان:
تائێستا 11 تەرم دۆزراونەتەوە، بەڵام ناناسرێنەوە و چاوەڕوانی پشکنینی (DNA) ن بۆ ناسینەوە و رادەستکردنەوەیان بە کەسوکاریان
لە شەش مانگدا 38 قوربانی
وەک هەمووجار ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە رووداوە کارەساتبارەکانی کۆچدا زۆرترین قوربانی دەدات، بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان پشتڕاستی کردەوە ساڵانە بەپێی ئامارەکانی بەردەستیان زۆرترین رێژەی کۆچکردن لە ئیدارەی راپەڕینە و دەڵێت، تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار کەس لە کۆی نۆ هەزار کەس کە لە سەرانسەری هەرێمەوە کۆچیان کردووە، دانیشتووی سنووری راپەڕین بوون، ژمارەی قوربانیان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 38 کەس بوونەتە قوربانی رێگەی هات و نەهاتی قاچاخچییەکان، لەو ژمارەیە 17 کەسیان خەڵکی راپەڕین بوون، لەنێو بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا 13 هاووڵاتی دەڤەری راپەڕین کە ئەندامی چوار خێزانن سەرنشینی بەلەمەکە بوون و تەنها یەک کەس رزگاری بووە، ئێستا لە چوارقوڕنە، سەرکەپکان، رانیە و قەڵادزێ پرسەی کۆچکردووانی ئەو رووداوە بەڕێوە دەچێت، هەڵگورد محەمەد ئامۆزای هەژار مەولودە کە خۆی و خێزانەکەی لەناو بەلەمەکە بوون و دەڵێت، لە رێگەی کەسوکارمانەوە پشتڕاست کراوەتەوە، کە هەژاری ئامۆزامان و ژنەکەی و هەردوو منداڵەکەی گیانیان لە دەستداوە، بێ سەروشوێنن و تەنانەت هەواڵی دۆزینەوەی تەرمەکانیشیانمان پێنەگەیشتووە.
وتیشی: پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات بێتە سەرخەت، بە سوود وەرگرتن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا، تەرمەکانمان رادەست بکەنەوە، ئەوە تاکە رێگەیە تا سەبووری و ئارامی بە دڵی دایک و باوکیان و کەسەکانمان بدات. هەژار و خێزانەکەی رۆژێک پێش بەڕێکەوتنی بەلەمەکە، لە سەرکەپکانەوە بەڕێکەوتوون، واتا ئەو رۆژەی گەیشتوونەتە تورکیا هەمان رۆژ بەڕێکەوتوون، ئامۆزاکەی دەڵێت: کۆتا هەواڵی هەر ئەو نامەیە بووە کە بۆ ماڵەوەی ناردووە و وتویەتی «بەڕێکەوتین».
دەریای ناوەڕاست، نیشتمانی کۆچەران
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و 150 کۆچەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون، تائێستا لەمساڵدا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن. هەموو ساڵێک رووداوی کارەساتباری رێگەی کۆچکردن، بە نقوومبوونی بەلەم، هۆیەکانی دیکەی گواستنەوە روودەدەن، ئەوانەی ئەو رێگەیەیان دیوە هۆشداری دەدەن کە هیچ کەسێک رێگەی ئاو نەگرێتەبەر، مەترسیدارە و مەگەر بەڕێکەوت لە مردن رزگاریان ببێت، هەموو ئەو بەلەمانە بەلەمی خێزانین و بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو دروستکراون، بەڵام قاچاخچییەکان لەبری 10 کەس و کەمتر، 70 بۆ 80 کەس و هەندێکجار زیاتریش سەردەخەن، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆرینەی هەرەزۆری ئەو بەلەمانە خراپ بوو و بێکەڵکن و قاچاخچییەکان بەنرخێکی هەرزان لە دەستی دوو و کۆنە دەیکڕنەوە و مەرجەکانی سەلامەتییان لەدەستداوە.
زیاتر لە 50 کەس بێسەروشوێنن
کارزان خدر، پورزای یەکێک لە بێسەروشوێنەکانی رووداوی بەلەمەکەی ئیتاڵیایە دەڵێت: قاچاخچییەکان پێیان دەوتین، لە رێگەن و بێ گرفتن، لە نان و ئاو کێشەیان نییە، بەلەمەکەیان vip یەو هەواڵی خۆشمان پێدەگات، ئێمە لێرە بێئاگابووین لەناو دەریادا خنکاون.
وتیشی: دووەم رۆژی جەژن هەواڵ گەیشت کە کوڕەکەی ئێمە یەکێک نییە لە رزگاربووەکان، بەپێی گێڕانەوەی کەسە رزگاربووەکان بێت، ئەو پورزایەی ئێمە سەرەتا یەکێک نەبووە لە خنکاوەکان، تەنانەت هاوکاری ئەوانی دیکەشی کردووە و چەند منداڵێکی لەناو ئاودا دەرهێناوە، بەڵام دواجار برسێتی و تینوێتی بڕستی لێبڕیوە و گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: داواکاری ئێمە ئەوەیە کە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار چارەنووسی کوڕەکەمان بۆ بەدیار بخات، تەنانەت تەرمەکەشی ئاهێک بە دڵی ئێمەدا دەهێنێت.
لە بارەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حکومەتی ئیتاڵیا بەپێی یاساکانی خۆی ماوەی 72 سەعات دەگەڕێت، لەو ماوەیە کە تیمەکانیان گەڕاوە بۆ قوربانیانی ئەو بەلەمە، توانیویانە 11 تەرم بدۆزنەوە، بەڵام بەهۆی شێواوی جەستەیان ناتواندرێ بناسرێنەوە، تیمەکان لەدوای ئەو 72 سەعاتە کارەکانیان راگرتووە، تاوەکو کەسوکاری قوربانیان یان وڵاتانی دیکە یان رێکخراوێک خەرجی گەڕانی ئەو هێزە دەریاییە نەدات دەست ناکەنەوە بە گەڕان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، حکومەتی هەرێم تیمێکی پزیشکی رەوانەی دەڤەری راپەڕین کرد تاوەکو DNA کەسوکاری ئەو قوربانیانە وەربگرێت و لەگەڵ وڵاتی ئیتاڵیا لە هەماهەنگیدا بێت بۆ ناسینەوەی تەرمی ئەو قوربانییانەی ناناسرێنەوە، یان لە ئەگەری دۆزینەوەی تەرمی دیکە بتوانرێت بناسێنرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە بۆ نیشتمان و لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن.