تورکیا لەبەردەم هەموارکردنەوەی دەستووردا

10:22 - 2024-06-24
جیهان
250 جار خوێندراوەتەوە

نەوزاد ساڵح




لەسەر نەخشەی جیهان، کۆماری تورکیا هێشتا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر شانۆی سیاسی لەبەردەم گۆڕانکاریدایە،  بەهۆی بەردەوامی کودەتا لە مێژووی ئەم وڵاتەدا جێگیرییەکی مەودادرێژی حوکمڕانی وەک پێویست نەبووە،  تاڕادەیەک بەربەستیش بووە لەبەردەم چاوی تەماحی یەکێتی سۆڤیەتدا، تورکیا لە هاوپەیمانی ناتۆشدا جێگای خۆی هەیە و دەتوانین بڵێین دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت ژینگەیەکی سیاسی هەرێمایەتیش بۆ تورکیا فەراهەم بوو، هێزی پاڵنەری رووداوەکان لە ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەرەوە و ناوخۆی ئەم هەبووە، وێڕای نمایشی ئاینی و دەرکەوتنی ئاک پارتی وەک پارتێکی ئیسلامی میانڕەو یان بوونی چەند پارتێكی تری ئیسلامی هوداپار و ........هتد لەم وڵاتەدا، بەڵام تا ئێستاش پرەنسیپەکانی عەلمانی ئەتاتورک بەهەند وەردەگیرێن بۆ دوورخستنەوەی مەترسی چالاکی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و چالاکی نێودەوڵەتییش.

کێشەی ناوخۆ
دیمەنی ئێستای رووداوەکانی ناوخۆی تورکیا بەهۆی هەڵاوسان ورێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و ئاڵوگۆڕی دراوەوە دروست بوون، جگە لەکێشەکانی پارتی دەسەڵاتدار لەناوخۆدا لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر پرس گەلێکی زۆر بەتایبەت جەهەپە و دەم پارتی، هەروەها جگە لەو کێشانەی دەرەوەی کە لەگەڵ قوبرسی یونان و لیبیا و میسر و سوریا و .....هتد، بەردەوام روو لە گۆڕانکارین و لای هاونیشتمانیانی ئەم کۆمارەش جێگیرنین .
ئەردۆغان تا ئێستا لەگەمەیەکی پراگماتیکی بەردەوامدایە لەگەڵ جەمسەرەکانی بەرەی رۆژئاواو بەرەی ئەمریکادا، زیادبوون و تەشەنەکردنی ناکۆکییەکانیش لەگەڵیان رێژەیین و بەپێی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، لەئێستادا پرسی دەستوور خراوەتە نێو گەمە سیاسییەکان و تەنها چەکێکە بەدەستی ئەردۆغانەوە کە دەیەوێت سوودی لێ ببینێت و لەم رێگایەوە خۆی لەدەسەڵات بهێڵێتەوە و سێبەری ئاکپارتیش هەر برەوی هەبێت و ئەم بابەتەش بوەتە هەواڵی گەرمی ناوخۆیی لەم  وڵاتەدا.

هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ؟
هەڵبەتە ئەم هەموارکردنەوەیە لەخۆڕا نییە و ئامانجی خۆی لەپشتەوەیە، لەیەکی تشرینی 2023دا ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەدەستپێکی قۆناغی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیادا داوای لەسەرجەم لایەنەکان کرد کاربکەن بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی، لەدوای کودەتا سەربازیەکەی 12ی ئەیلولی 1980ەوە تائێستا 19 جار دەستووری تورکیا هەموارکراوەتەوە، بە فەرمانی بەڕێوەبەرێتی سەربازیی ئەنجومەنی راوێژکاریی لە 23ی ئەیلولی 1982 ەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیەوە لە 18 تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا پەسەند کراوە، دوای کودەتاکەش لەسەر پێشنیازی سەرۆکی ئەوکاتەی تورکیا (کەنعان ئیڤڕل) ماددەی چوارەم بۆ دەستوورەکە زیادکراو ئاماژە بەوەدرا کە (ناتوانرێت گۆڕانکاری لەسێ ماددەی یەکەمدا بکرێت و داوای هەموارکردنەوەشیان بکرێت).
 دواتریش لە گشتپرسییەکی گشتیدا بۆ ئەم دەستوورە 91.37 %ی بەشداربوان بە (بەڵێ) دەنگیان بەم دەستوورە داوە، دەستوورەکە لە حەوت بەش، 177 مادەو چەند ماددەیەکی کاتی پێکهاتووە.  
دەستووری تورکیا لە بنەڕەتدا عەلمانییە، بەڵام وەک تاک و کۆمەڵگا پابەندبوون بە پرەنسیپە ئاینییەکان بوونی هەیە، کێشەی مەزهەبی لە کۆماری تورکیادا هەیە و هۆکاری سیاسی لە پشتی ئەم رەهەندەوەیە.
 ئەم دەستوورە کە دوای کودەتاکە دانراوە دەستوورێکی تەواو ناتەبا و رەق و نەگونجاوە بۆ  کورد و عەلەوی و چەرکەس و نەتەوەکانی تری جگە لە تورک، پیکهاتە ئاینی و نەتەوەیی و ئیتنییەکانی تری تورکیا تەواو نائومێدبوون لە ئەنجامی پیادەکردنی ئەم دەستوورە،  بەردەوام ناڕازی بوونی خۆیان دەربڕیوە .
مادەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم کە هێڵی سوورن و وادانراون کە گۆڕانکارییان بەسەردا نەیەت کە ئەوانیش هەر لە ماددەی یەکەم کە گوزارشت لەوە دەکات کە (تورکیا دەوڵەتێکی کۆمارییە)، لە ماددەی دووەمدا (کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی یاسایی، کۆمەڵایەتی، عەلمانی، دیموکراسییە، پشت بەو بنەما سەرەتاییانە دەبەستێت لەدیباجەی دەستووردا ئاماژەیان پێدراوە و پابەندە بە هزری نەتەوایەتی (تورکایەتی) ئەتاتورک، رێز لەمافەکانی مرۆڤ دەگرێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی تورکیا دابین دەکات،  لەمادەی سێیەمی دەستووردا دەڵێت (دەوڵەتی تورکیا بەشێکی دانەبڕاوە لە وڵات و گەلی تورک و زمانەکەشی تورکییە، هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە رەنگی ئاڵای تورکیا سوورەو مانگ و ئەستێرە لەخۆدەگرێت، سروودی نیشتیمانی سروودی (ئیستیقلال) ەو پایتەختی تورکیا  ئەنقەرەیە،  لێرەدا هەست دەکەیت لە هیچ یەکێک لەم ماددە بنچینەییانەدا ئاماژە بەناوی نەتەوەی کورد و هیچ نەتەوەیەکی تر نەکراوە و هەروەک تورک ناسێنراون.
 لە ماوەی دوو دەیەی رابوردووی حوکمی ئەکپارتیدا سێ جار دەستوور هەموارکراوەتەوە، بەڵام هەمووی بۆ بەرژەوەندیی ئەکپارتی بووەو لە هیچ ماددەیەکی هەموارکراوی ئەم دەستوورەدا نە کورد نە پێکهاتەکانی تری کۆماری تورکیا ئاسوودەنەبوون و باسی مافەکانیان نەکراوە، ئاکپارتی ئەم دەستوورەی کردوەتە چەترێکی کۆکەرەوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی کە وەک دوورکەوتنەوە لە سیستمی عەلمانی نمایش دەکەن بەمەش هەست و سۆزی خەڵکانی ئاینی و نەریتخواز رادەکێشن و سوود لەدەنگەکانیان دەبینن لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.

 

دەستووری تورکیا لە بنەڕەتدا عەلمانییە، بەڵام وەک تاک و کۆمەڵگا پابەندبوون بە پرەنسیپە ئاینییەکان بوونی هەیە، کێشەی مەزهەبی لە کۆماری تورکیادا هەیە و هۆکاری سیاسی لە پشتی ئەم رەهەندەوەیە


رەهەندی پشتی هەموارکردنەوە چییە؟
ترس لەهەموارکردنەوەی دەستوور لای پارتی دەسەڵاتداری کۆماری تورکیا بوونی هەیە، ئەم دەستوورە تائێستا 19جار هەموارکراوەتەوەو هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا  10 جار هەموارکراوەتەوە، هەرچی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنە بۆچوونیان وایە، ئاکپارتی بەپرسی گۆڕینی دەستوور دەیەوێت پینەی کێشە گەورەکان بکات و مژاری قەیرانەکان لەبیری خەڵک دەباتەوە، ئەردۆغان لە16/ نیسانی 2017دا لە راپرسیەکدا  18 ماددەی دەستووری کۆماری تورکیای هەموارکردەوە کە تائێستا 58 مادە دەستکاری نەکراون،  بەمەش توانی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێرێتەوە، وێڕای ئەوەی بەپێی سیستم و یاسای رێگەپێدراوی تورکیا یەک کەس تەنها بۆ دوو خول دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کٶمار کاندید بکاتەوە، بەڵام لەو گۆڕانکارییەی کە ئەردۆغان بەسەر پەرلەماندا هێنای لە پەڕلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، توانی سوود لەم هەموارە ببینێت و بۆ سوودی خۆی بەکاری بهێنێت، کە لە 28 ئابی 2014 بە بەدەستهێنانی %79.55دەنگەکان لەخولی یەکەمدا بەدەست بهێنێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لەساڵی 2018 شدا کە ئەردۆغان کاندیدی هاوبەشی ئاکپارتی و مەهەپە بو %52.18ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، جاری سێیەمیش لە2023  بەهەمان شێوە کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپە بوو، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا %52.18ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، یەکەم گۆڕانکاری لەدەستووری تورکیا لە ساڵی 1987 کراوە و دوایین گۆڕانکاریش لە ساڵی 2017 بوو، کە سیستمی حوکمڕانی لەپەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سەرۆکایەتی، لەئێستادا لەکۆی 600 کورسی پەرلەمان ئاکپارتی خاوەنی 268 کورسیە و پێویستی بە 360 دەنگ هەیە، هەرچی مەهەپەی هاوپەیمانیشێتی خاوەنی 50  کورسیە کەواتە ئاکپارتی پێویستی بە 42 دەنگی تر هەیە، لەبەرامبەردا بەرەی ئۆپۆزسیون کە جەهەپە و لایەنەکانی ترە، جەهەپە خاوەنی 130 کورسیە، دەم پارتی 57 کورسی، ئی پارتی 44 کورسی، هەروەها پارتی ئایندە و سەعادەت پێکەوە خاوەنی 20 کورسین، پارتی دەڤا 15 کورسی، پارتی کرێکارانی تورکیاش خاوەنی 4 کورسین، ئەردۆغان دەیەوێت بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا خۆی هەڵبژێرێتەوە و ئەم هەمواری دەستورەش تەنها لەبەر دەرکردنی چەند بڕیارێکە لەو بارەیەوە، تابتوانێت ئەم ئامانجەشی بهێنێتەدی و شەرعیەت بداتەوە بەخۆپاڵاوتنی خۆی لەڕێگای هەمواری بیستەمی دەستوورەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان