وەفایەك بۆ زایەر عەبدوڵڵا، نزایەك بۆ چاكبوونەوەی

12:10 - 2024-06-24
هەمەرەنگ
847 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندێكە تا دڵ حەزبكا خۆشەویست، تا چاو بڕبكا ئازیز ، تا عەقڵ بیربكا بەوەفا بۆ هونەر و مرۆڤایەتی.  ئەو زاتە، هۆمەرە چاوچنۆكەكەی (هەبوو نەبوو)ی هەولێرییان و زایەر عەبدوڵڵاكەی بەرنامەی بەرنامەكەی سلێمانییە. 
چۆن كاتێك هەندێك سەركردە و سیمبولی دەوڵەت و نەتەوە نەخۆش دەبن، هەموو وڵات خەمبار و كزە، بە خوا لەوەتەی زایەر عەبدوڵڵاكەی خۆشمان نەخۆشە هەولێر و قەڵا كز كزن و بەحاڵ نوزەیان 
لێوەدێت !.
خارە زایەر، كە خۆی و  شیرین خان-ی هاوسەری بە درێژایی نیو سەدەیە خزمەت بەهونەر و دراما و شانۆ و میدیای كوردی دەكەن، بەو پێیەی كاك زایەر و دادە شیرین بۆ ئێمە وەكو برا و خوشكی گەورە وان، بۆیە قەت گوێم لێنەبووە، ئەم دوو زاتە بێزاربن لە هونەر و گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی بە خەڵك، بەڵكو هەموو خەمێكیان خزمەتی خەڵك بووە.
كاك زایەر، لە گەڕەكە نازدارەكەی تەیراوە-ی هەولێر لە دایكبووە، كوڕێكە تا بڵێی بەوەفا بۆ هەموو سوچ و كۆڵان و كەسەكانی گەڕەكەكەی، كە بەم دواییانە وەكو یاداشت و بیرەوەری لە كتێبەكانی باسی كردوون.
ئەم هونەرمەندە، جارێكی تر شێرپەنجە تەنگی پێهەڵچنیووە، كە بەداخەوە دەبێت بڵێم ئەوە دووەم جارە ئەم نەخۆشییە نەگریسە یەخەی ئەم ئازیزەمان دەگرێت...
ئێستا كاك زایەر سەفەرێكی چارەسەری لە پێشە، بەهیواین لەجاران زیاتر و بە گوڕتر بگەڕێتەوە نێو دنیای هونەر ، چونكە بە دڵنیایی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بە نەخۆش كەوتنی كوردستانی خەفەتبار كردووە. 
هەموومان دەست لەسەر دڵ و روو لە یەزدان، نزا بۆ چاكبووtنەوەت دەكەین باوكی لاوێن !.
مەریوان مەسعود

بابەتە پەیوەندیدارەکان