هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

دەبێت گرێكوێرەی دۆڕان لە پاڵەوانێتییەكاندا بکاتەوە

12:37 - 2024-06-25
وەرزش
115 جار خوێندراوەتەوە

عەلی کەریم

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا میژوویەكی دوور و درێژی هەیە لە گۆڕەپانەکانی تۆپی پێدا‌ و پڕە لە بە دەستهێنانی نازناوی جیهانیی و كیشوەریی، سوپایەك لە یاریزانی ئەستێرە و ئەفسانەی هەیە.
هەمیشە ئەڵمان یەكێكە لە هەڵبژاردە بە هێزەكان و بە بەردەوامی كاندیدە بۆ بردنەوەی هەر پاڵەوانیەتییەک كە بەشداریی تیایدا دەکات و ئامادەیی بەرچاوی هەیە لە زۆربەی پاڵەوانێتییە كیشوەری و جیهانییەكاندا، بەڵام ئەم هەڵبژاردەیە دوای بەدەستهینانی مۆندیالی 2014 – بەرازیل، ئاستی زۆر دابەزیوە و لە بردنەوەی نازناوەکان بێ بەش بووە.
ئەمجارە یۆرۆی 2024 كە لە وڵاتەكەی ئەو رێکدەخرێت،  هەلێکی لە بارە بۆی  تا هەوڵی بردنەوەی نازناوی ئەم یۆرۆیە بدات و بۆ جاری چوارەم جامی ئەم پاڵەوانێتییە بباتەوە، کەدەکاتە کۆی هەمان ئەو جامی مۆندیالانەش کە بردوونیەتییەوە.
 مانشافت لەم یۆرۆیەدا دوو ئەركی لەسەرشانە، یەكەمیان بردنەوەی نازناوەكەیە بۆ جاری چوارەم، دووەمیشیان كۆتاییهێنانە بەو گرێكویرەیەی كە بەرۆكی مانشافتی گرتووە لە پاڵەوانیەتییەكاندا كە تا ئێستا نەیتوانیوە لە نێو یاریگا و جەماوەری خۆیدا هیچ نازناوێک بباتەوە.
وڵاتانی میوانداریكەر و جامی یۆرۆ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا ساڵی 1964 لە نێو یاریگا و هاندەرانی خۆیدا نازناوەكەی بەدەستهێناوە، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە یۆرۆی 1968 دا كە لە ئیتاڵیا کرا، نازناوەكەی بردەوە، فەرەنسا ساڵی 1984 هەمان شتی کردووە، لە دوای ئەو ساڵەوە هیچ هەڵبژاردەیەکی وڵاتانی میواندارییکەر ئەم دەستکەوتەیان تۆمار نەکردووە.
لە یۆرۆی 2020 – ئینگلتەرا، هەڵبژاردەی ئینگلیز توانی بگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام لە یاریی كۆتاییدا تیمی ئیتاڵیا توانیان لە ئینگلیزەكان ببەنەوە و نازناوەكە لە ژێر دەستیان دەربهێنن و جەماوەركەیان تووشی شۆك كرد.
هەڵبژاردەی پورتوگالیش لە یۆرۆی 2016 دا كە لە فەرەنسا كرا، توانی شكست بە هەڵبژاردەی خاوەن ماڵ بهێنێت و كریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی بۆ یەكەمین جار جامی پاڵەوان بەرز بكاتەوە، هەر هەڵبژاردەی پورتوگال لە یۆرۆی 2004 دا كە ئەم یۆرۆیە لە پورتوگال کرا، نەیتوانی لە یاری كۆتاییدا لە یۆنان بباتەوە و یۆنان توشی شکستی کرد
كێبركێ‌ بەهێز لەم یۆرۆیەدا
ئەم یۆرۆیە لەوە ناچێت تیمی مانشافت لەوپەڕی بەهێزیدا بێت، لە بەرامبەریدا تیمی هەڵبژاردەكانی (فەرەنسا و ئینگلترا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا) لەوپەڕی بەهێزیدان، یاریزانە ئەستێرە پیشەگەرەكانیان لە زۆربەی خولە بەهێزەکاندا باشتر دەركەوتوون، بەڵام لە تۆپی پێدا یاریگاكان هێز و ئاستەكان یەكلا دەکەنەوە، شیكەرەوە وەرزشییەکانی ئەوروپا پێیان وایە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەم یۆرۆیەدا ئاستی باشتر بووە لە چاو مۆندیالی قەتەر -  2022، جێدەستی یۆلیان ناگلسمان-ی راهێنەرە لاوەكەشی پێوە دیارە، ئەم باش بوونە لە یارییە دۆستانەكانیشدا دەبینرا و ئاستێكی باشتری لە چاو جاران پێشكەش دەكرد و وتوانی زۆربەی ئەنجامەکان بەلای خۆیدا كۆتایی پێبهێنێت و كۆنترۆڵی یارییەكان بكات.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان