چەمکی دیدی گشتی، رای گشتی

11:29 - 2022-06-20
دووتوێ
436 جار خوێندراوەتەوە

د.هێمن مەجید*

بۆ تێگەیشتن و ناسینی دیدی گشتی، پێویستە بە دوای ناسنامەکەیدا بگەڕێین و خۆ بگەیەنینە سەرچاوە ناسکاریی(مەعریفی)یەکەی. ئەوەش لەبەرئەوەی توانای دیاریکردنی شوێن پێکەیمان هەبێت لە پانتایی پۆلێنکارییە زانستییە جیاوازییەکاندا. بۆ ئەوەش پێویستە سەردانی دوو وێستگەی بنەڕەتی بکەین کە بریتین لە:

یەکەم: ئەم زاراوەیە وەک یەکەیەکی زمانەوانی (دیدی گشتی) لەم (دوو بڕگە)یە پێکهاتووە:

-1دید (را)
بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی (ئاوەز)ی مرۆڤ و (بیرکردنەوە) کەی. واتە ئەو (پێناسە)یەیە کە لەرێی کۆمەڵە (روونە) و (هێما)یەکەوە، لە بەرامبەر (رووداو، کێشە، دۆز)ێکی دیاریکراودا، بە شێوە و شێوازی جیاجیا، لە پانتاییە (ئاشکرا و نا ئاشکرا)کاندا، گوزارشت لە خۆی دەکات. واتە بەرهەمی کارلێکی (ئاوەز)ە لەگەڵ وردەکاری (رووداو، کێشە، دۆز)ەکاندا. لێرەشەوە بازنەکانی پەیدابوونی هەردوو چەمکی (دید و ئاوەز) ئاوێتەی یەک دەبن و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز دەبێت، تەنانەت پرۆسەی جیاکردنەوەشیان لە یەکدی دەبێتە کارێکی گران و ستەم و لێرەشەوە، (دەربڕینی دید) دەبێتە کردەیەکی (ناسکاریی)یانە و لە پانتاییەکی (تایبەت)دا پێگەی خۆی دیاری دەکات. واتە لەو شوێنەیە کە (ئاوەز و ناسین و بیرکردنەوە)ی لێیە و پێچەوانەکەشی دروستە. لەوێشەوە و لە بەر تیشکی ئەو زانیارییە نمایشکراوانەدا، دەگەینە ئەوەی کە رەگەزە (پێکهاتەیی)یەکانی چەمکی (دید)، لە هەردوو پانتاییە (تایبەتی و گشتی)یەکەیدا، بریتین لە:
ئاوەز  (mind)
تاوتوێکردنی چەمکی (ئاوەز)، کارێکی ئاڵۆزە و پەیوەستە بە پێگە و واتاکانی ئەو رەهەندانەوە کە سەرچاوەن بۆ بینین و سەرنجدانی و لەوێشەوە بە جۆر و (ناسە)کانی ئەو تێڕوانینانەوە کە ئاڕاستەی دەکرێت و دەیخوێننەوە. دیارە ئەوەش، مەبەستی ئێمە نییە لەم پانتاییە تایبەتەدا، بەڵکو ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا بریتییە لە گەیشتنمان بەوەی کە لە پانتایی واتا پێکهاتەییە گشتییەکەیدا بیناسین و ناسەکانیمان لێ ئاشکرابێت و بەو پێیەش، ئاوەز گوزارشتە لە هەبوونی توانایەکی تەندروستانەی بیرکردنەوە و بڕیاردان. واتە بوونەوەری ئاوەزدار و ئاوەزمەند، ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت بیربکاتەوە و بڕیاری (ئاوەز)ییانە بدات.
بیرکردنەوە
واتە توانای تێڕوانین و بەکارهێنان و خستنەگەڕی ئاوەز و تواناکانی، بە ئامانجی گەیشتن بە هۆکاری روودانی بزاوت و جووڵەکانی دەوروبەر و داچۆڕەکانیان و لەوێشەوە چۆنێتی جڵەوکردنێکی ناسکارییانەیان.

دیدی گشتی کەڵەکەکردنی یەکە یەکەی رای تاکەکان نییە، بەڵکو رێکخستنی بەرهەمی هاوکاری و هاوبەشیکردنیانە لە کردەی گەیاندن و ئاڵوگۆڕکردنی کاریگەرێتی دوو لایەنەیاندا

ناسین یان ناسکاری یان ناسداری (المعرفە)
واتە بوونی توانای (تێگەیشتن و خواستی شۆڕبوونەوە)یەکی (بابەتی و بنکۆڵکاریی)یانە، بە (ناخی دەوروبەر و داچۆڕ)ەکانیدا و ئاوێتەبوون بە قووڵاییەکانی ئەو شۆڕبوونەوەیە و (گەیشتن) بە (ناخە پێکهاتە و ئەرکە پێکهاتەیی)یەکانیان و لەوێشەوە دەستەبەرکردنی (رێکار)ەکانی جڵەوکردنیان، لە رێی کردەکانی (توێکاری و راڤەکاریی و شیکاریی)یەوە. بە کوردی و بە کورتی، ناسین ئاوێتەبوونە بە کردەکانی (هەڵوەشاندن و پێکەوەلکاندن)ەوە. لەوێشەوە، لەبەر رۆشنایی تێگەیشتن و ئاوێتەبوونی ناسکارییانەی رەگەزەکانی ئەو چەمکەدا، واتە (ئاوەز و ناسین و بیرکردنەوە)دا، دەگەینە ئەوەی  کە (دید) چەمکێکی ناسکارانە و زانکارانەیە و تایبەتە بەو (تاکانەی کە ئاوەزمەندن و تواناکانی ناسین و بیرکردنەوەیان هەیە). هاوکات، بۆ ناسین و تێگەیشتنێکی فراوانتری ئەو چەمکە، پێویستە ئاشناییەکیش پەیدا بکەین لەگەڵ کۆمەڵە چەمکێکی دیکەدا کە زۆرینەی جار لەپانتاییەکی هاو واتایانەدا دەناسێنرێن و تێکەڵدەکرێن لەگەڵیدا لەوانەش:
•بۆچوون: بریتییە لەو چەمکەی کە گوزارشت لە پێکهاتە و رێکخراوبوونی هەست و ناسین (معرفە) و تێڕوانین و رەفتاری تاکەکانی کۆمەڵ دەکات. واتە ئامادەییان بۆ رەفتارە دیاریکراوەکان، کە لە چوارچێوەی پەسەندکردن و پەسەندنەکردنی بابەتەکانی بۆچوونەکەدا خۆ دەنوێنن. بە واتایەکی دیکە، بریتییە لەو ئاڕاستە جێگیرەی کە ناسین و هەڵچوون و رەفتارەکانی مرۆڤ لەخۆدەگرێت و ژیانەشێوە (کلتور)ی هەر کۆمەڵێکی دیاریکراوی لەپشتەوەیە. 
•ئایدیۆلۆژیا: ئەو کۆمەڵە هزرە رێکخراوەیە کە لەدواجاردا دەبێتە هۆکار و بنەمای پێکهاتن و بەرهەمهێنانی تێڕوانین و گۆشەنیگایەکی تۆکمە و گشتگیری هەڵگرەکانی، سەبارەت بە ئەو دۆز و بابەتانەی کە پەیوەستن بە کاروباری ژیانی رۆژانە و لایەنە فەلسەفییەکانی ئەو پرس و بابەتە (رامناسی یان رامیاری)یانەوە کە کاریگەرێتییان لەسەر دادەنێت. بە واتایەکی دی، ژمارەیەک لەو دیاریکارە ئاوەزی و شێوە جێگیرانەی (تاک و دەستە)کانە، کە بوونەتە سەرچاوەی دیاریکردنی تێڕوانینە گشتی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بەرانبەر ژیان و کۆمەڵ و خودی خۆشی، وەک (باوەڕە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان و ..تاد.
•رەفتار: بریتییە لە کردەی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی (جەستەیی و کیمیایی)یانەی هەر زیندەوەرێک لە بەرانبەر هەر هەڵوێستێکدا کە رووبەڕووی دەبێتەوە و بەرهەمی ئەزموونەکانی رابووردوویەتی، وەک (جووڵە، گۆکردن، فێربوون، بیرکردنەوە، بیرکەوتنەوە، تێگەیشتن، پێکەنین و گریان و .. تاد.
•سۆز: کۆی ئەو هەستانەیە کە هەڵچوونە بەردەوامەکان بەرهەمیان دەهێنن و دەبنە هۆی جێگیربوونی دۆخێکی دەروونی لە بەرانبەر (تاک و شت و بەها) دیاریکراوەکاندا. بۆنموونە، کاتێک بە بینینی یەکەمجاری کەسێک ئاسوودە دەبێت و چەند جارێکیش دووپات دەبێتەوە، جۆرێک لە خۆشەویستی دەسازێت و پێچەوانەکەشی هەر راستە. 
•داوەریی: داوەری وەک چەمکێکی فەلسەفەیی، ئەو بیرۆکەیەیە کە لە شێوەی ڕستەیەکی چارەنووسسازدا گوزارشت لەخۆی دەکات و پشت بە یاسا و بەڵگەکان دەبەستێ و جەخت لە چەند بابەتێکی دیاریکراو دەکاتەوە، جا ئەو جەختکردنە بابەتی بێت یان نا.

-2گشت: 
واتە هەبوونی هاوبەش لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا، کە رەنگە لەگەڵ بەرژەوەندی تایبەتی تاکەکەسیدا نەیەتەوە، واتە بە دیوێک لە دیوەکاندا بەرژەوەندییە گشتییە (تایبەتەکان و گشتییەکان)یش دەگرێتەوە و لەم شێوانەدا وێنا دەبێت: 
•ئاپۆرە: کۆبوونەوەیەکی ناڕێکوپێکی بێ پێشینە و بێ پلانی کۆمەڵە کەسێکە، بەمەبەستی خستنەڕووی داخوازییەکانیان، سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو، لەڕێی پیادەکردن و بەرجەستەکردنی (توندوتیژی و وێرانکاری)ییەوە، ئەمەش تایبەتمەندییەکانێتی:
-1فەرامۆشکردن و دەرچوون لە ئاکاری سەردەم وگەڕانەوە بۆ بەرەڵایی.
-2تەشەنەکردنی خێرا و خۆکارانەی رەفتارە سۆزاوییەکان.
-3لەدەستدانی هۆشیاری و توانەوە لە بێ ئاگاییدا.
•توێژ، گەل: شێوەیەکی نیمچە رێکخراوی (تاک و دەستە و تاقم)ەکانە و تیایدا لەڕێی (ئامرازەکانی گەیاندن)ەوە پەیوەندییەکانیان بەرجەستە دەکەن و بە گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە، سەبارەت بە دۆز و گرفتە دیاریکراوەکان دەگەنە رێکەوتن، وەک هونەرمەند و هونەردۆستان، یاریزان و یاریدۆستان، ئەدیب و ئەدەبدۆستان و .. تاد.
•کۆتوێژ، جەماوەر (Mass) پێکهاتەیەکی نا دیاریکراوی بێ ناسنامەیە و چەندین دەستە و تاقمی فراوان و گەورەی هەمەجۆر و لێکدابڕاو لەخۆدەگرێت و (گەلی کوردستان)یش بەنموونە، لەپانتایی ئەم تایبەتمەندێتیانەدا وێنا دەبێت:
-سەر بە ژیانەشێوە (کلتوور) و بەهای جیاوازن و ( ئیسلام و ئێزدی و یارسان و کورد و تورکمان و سۆرانی و گۆرانی و بادینی و ... تاد)یش بەنموونە.
-پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان جیاوازە و (نەدارا و دارا و باندارا و ... تاد)یش بەنموونە.
-پەیوەندی راستەوخۆیان لە نێواندا نییە و یەکدی ناناسن.
-هاوبەشن لە بۆچوون و بەرژەوەندیدا. 

دووەم: وەک زاراوەیەکی زانستی
ژمارەیەکی زۆری توێژینەوەکان سەبارەت بەو دۆزە جەخت لەوە دەکەنەوە  کە دیدی گشتی چەندین سەرچاوەی لێک جیاوازی هەیە و لە پانتایی تاکە سەرچاوەیەکی دیاریکراودا قەتیس ناکرێت. واتە ئەم چەمکە لە ئامێزی زانستە جیاوازەکانی وەک (سیاسەت و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و گەیاندن)دا پەیدا دەبێت و هەر یەکێک لەوانەش بە بەرهەمی منداڵدانی خۆی دەزانێت و لەوەشدا چەندین بەڵگەی تایبەت بەو دۆخە نمایش دەکەن و بە بایەخەوە لە پانتایی بەرنامەکانی خوێندنی خۆیاندا جێگیرییان کردووە. لەوەشەوە دەگەینە ئەوەی کە سەپاندنی پێناسەیەکی یەکڕەنگ بەسەر چەمکی دیدی گشتیدا، کارێکی (ناوەزانە و نازانستی)یە و ستەمە بە مانا دروست و بنەما بابەتییەکانی ئەو چەمکەمان بگەیەنێت. هەر لێرەشەوە و بە پشتبەستن بە گەڕانەوەمان بۆ زۆربەی سەرچاوە فەراهەمبووەکان، چەندین رەوتی جیاوازی پێناسەکردنی  دیدی گشتی  سەرهەڵدەدەن و هەریەکەیان بەشێوەیەکی تایبەت بەخۆی لێی تێدەگات و دەیناسێنێت، کە دەکرێ لە چوار رەوتدا بەرجەستە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا هەرچواریان سەر بە (دوو) رەهەندی جیاوازن، واتە(مێژووییەکان و کۆمەڵایەتییەکان):

بنەی یەکەم/ کۆمەڵایەتییەکان:
بەپێی لێکدانەوەی ئەم بنەیە، دیدی گشتی (دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی)یە و ئەم رەوتانە لەخۆدەگرێت:
-1رەوتی کۆمەڵناسان: لایەنگرانی ئەم رەوتە پێیانوایە روودانی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان بنەمای پێکهاتنی دیدی گشتیین و دەستە و تاقمە کۆمەڵایەتییەکانیش هێزە بناغەییەکەیەتی. لێرەشەوە، لیۆنارد دوب Leonard Doob پێیوایە (دیدی گشتی بۆچوونی کەسانێکی وابەستەیە بە دەستە و تاقمێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوەوە، سەبارەت بە رووداوێکی دیاریکراو و لەپانتایی گفتوگۆیەکی دیموکراسییانەدا). واتە بنەماکانی ئەم رەوتە (بەرجەستەبوونی کارلێکی کۆمەڵایەتی و رۆڵی گروپەکان)ە. ولیەم ئالبێج  William Albigکە یەکێکە لە کۆمەڵناسانی سەر بەم رەوتە، سەبارەت بە دیدی گشتی دەڵێت: بەرهەمی (کارلێک)کردنی ئەو تاکانەی (دەستە و تاقم)ێکی دیاریکراوە لەکاتی تاوتوێکردنی دۆز یان بابەتێکی چارەنووسسازی تایبەت بەخۆیاندا.
-2رەوتی دەروونناسان: ئەم رەوتەش جەخت لەسەر کردەکانی (ئاوێتەبوونی دەروونیانە)ی تاکەکان دەکاتەوە، بەو بابەتەوە کە وروژاندوونی و دەیکاتە بنەمای پێکهاتنی کۆی دیدە گشتییەکان، واتە دیدی گشتی دەبێتە بەرهەمی قایلبوون و هاوبەشیکردنی کردەنییانەی ئەو تاکانە لە تاوتوێکردنی بابەتە دیاریکراوەکەیاندا. لەوێشەوە، چارلز کۆلی کە دەروونناسێکی سەر بەم رەوتەیە، دەڵێت: دیدی گشتی کەڵەکەکردنی یەکە یەکەی رای تاکەکان نییە، بەڵکو رێکخستنی بەرهەمی هاوکاری و هاوبەشیکردنیانە لە کردەی گەیاندن و ئاڵوگۆڕکردنی کاریگەرێتی دوو لایەنەیاندا. دیارە ئەوەش دەکاتە ئەوەی کە بنەماکانی ئەم رەوتە بریتیبن لە: بەرجەستەبوونی بەشداربوون و ئاوێتەبوونی دەروونییانەی ئەندامانی ئەو دیدی گشتییە دیاریکراوە لەگەڵ ئەو بابەتەیاندا کە بۆی ئامادەبوون.
-3رەوتی کاریگەرێتی: لایەنگرانی ئەم رەوتە پێیانوایە جووڵە و کاریگەرێتی کردەکانی (رامناسی و گەیاندن)، بنەمای پێکهاتنی دیدی گشتییە و هۆکارە یەکلاییکەرەوەکەشیەتی. لێرەشەوە جۆرج مارتن George Martin پێیوایە: دیدی گشتی ئەو رێبازەیە کە هەڵچوونی تاکە بەشداربووەکانی رای گشتییەکە، سەبارەت بەو رووداو و گرفتە رامناسی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە رێی ئامرازەکانی گەیاندنەوە رووە و بازنەی بایەخەکانیان دەکرێتەوە، بەرجەستە بکات. بەوەش (کاریگەرێتییەکانی رامیاری و راگەیاندن لەلایەک و پشتگیریکردنی دەسەڵات لەلایەکی دیکەوە) دەبنە بنەما پێکهاتەییەکانی دیدە گشتییەکان لای ئەم رەوتە و لایەنگرەکانیان. هەر لێرەشەوەیە کە جۆرج مارتن George Martin ی لایەنگریان پێیوایە: دیدی گشتی رەنگدانەوە و پەرچەکرداری ئەو بابەتە (رامیاری و کۆمەڵایەتی)یانەیە کە لەلایەن ئامرازەکانی گەیاندنەوە ئاراستەی بایەخە بازنەی وەرگرەکانیانی دەکەن و لەسەروو هەمووشیانەوە ئەو بابەت و دۆزانەی کە پەیوەستن بە کردەکانی هەڵبژاردن و بابەتە دەرەکی و ناوەکیەکانی رامناسییەوە .

بنەی دووەم/ مێژووییەکان:
بەپێی لێکدانەوەی ئەم بنەیە،  دیدی گشتی (دیاردەیەکی مێژوویی)یە و ئەوەش لەبەرئەوەی تەنیا بۆ یەکجار لەمێژووی نوێدا، دیدی گشتی بوونی راستینەی هەبووە و ئەوجارەش لە ئەوروپای سەردەمی سەرهەڵدانی لیبرالیزمدا بووە، واتە سەدەی (نۆزدە) و لەم رەوتەدا خۆ دەنوێنێت کە بە (رەوتی رەخنەیی) ناسراوە:
-1رەوتی رەخنەیی: لایەنگرانی ئەم رەوتە پێیانوایە دیدی گشتی (دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی) نییە و (دیاردەیەکی مێژوویی)یە و پەیوەستە بە گەشەی قۆناغی سەرمایەداری کۆمەڵەکانی ئەوروپاوە، لەپانتایی بە باوبوونی هزری لیبرالیزمدا، بەڵام پاش یەخسیرکردنی جەماوەر لەلایەن چینە باڵاکانەوە و شێواندنی هۆشیارییە کۆمەڵایەتییەکەی، بووە یادەوەرییەکی رابردوو. بەواتایەکی دی، ئەم رەوتە هەر لە بنەڕەتەوە، هەبوونی کردەکانی دیدی گشتی رەتدەکەنەوە و پێیانوایە جگە لە وێناکردنێکی خەیاڵیانەی (گەیاندنناس و رامناس)ەکان بەولاوە، شتێکی دیکە نییە. هاوکات پێشیانوایە، دیدی گشتی لەم سەردەمەدا، کە سەردەمی جڵەوکردنی تەواوی (راگەیاندن و جاڕسازی)یە، جگە لەو گالیسکەیەی کە (ویست و بڕیار و بەرژەوەندی)ییەکانی دەسەڵات بەدوای خۆیدا رایدەکێشێت، هیچی دیکە نییە. لە کاتێکدا کە دەبووایە  دیدی گشتی روانگەی (رابەریکردنی رامیاری و بڕیارەکانی دەسەڵات) بوایە، نەک ببوایەتە کردەی (قایلبوون و رێککەوتنێکی گشتی دەستکردی بێ گیان و چەپڵەوان)ی دەسەڵات لە پانتایی سەرجەم هەڵوێستەکانیدا، لەوێشەوە و لەڕێی (گێلاندن و گێژاندن و خەواندن)یەوە وەک (بووکە سەماکەرەیەکی رامیارییە رێکخستەکە و فەرمانڕەوایەتییەکەی) بەرجەستە ببێت. لایەنگرانی رەوتی رەخنەیی هۆکارەکانی (جڵەوکردنی ئاوەز و هۆشیاری جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتەوە، نەبوونی ئازادییەکان، نەبوونی هۆشیاری گشتی، گێلاندنی گشتی) دەکەنە بەڵگە و بیانووی تێڕوانینەکانیان، سەبارەت بە دیدی گشتی و هەرلەوێشەوە، (یۆرگن هابرماس)ی لایەنگریان پێیوایە: (دیدی گشتی، لەپانتایی ئەم پاوانکارییەی کۆی کردەکانی جاڕسازی (ریکلام سازی)دا، جگە لەو (گالیسکە)یە کە خواست ویستەکانی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی دەیبزوێنن، شتێکی دیکە نییە.

دیدی گشتی لە سەرەتای پەیدابوونی ئاوەز و هۆشیاری مرۆڤەوە هەتا ئێستا، جگە لە چەمکێکی گریمانەیی و نا بابەتی و کاریکاتێرییانەی کردەکانی ژیان بەولاوە، شتێکی دیکە نەبووە

دواجار، لەبەر رۆشنایی ناوەرۆک و لێتێگەیشتنێکی بابەتییانەی ئەو ڕەوتانەدا دەگەینە ئەوەی کە دیدی گشتی، ئەو دیدە تاوتوێکراوەی زۆرینەی تاکەکانە لەهەر کۆمەڵ و توێژ و دەستە و قەوارەیەکی دیاریکراودا و لە پانتایی (گفتوگۆ و کارلێک و ئاوێتەبوون)ێکی ئازاد و هۆشیارانەدا، سەبارەت بە (بابەت یان کێشە یان دۆز یان .. تاد)ێکی دیاریکراوی ناو کاشوێنێکی دیاریکراودا، بەئامانجی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە گشتییە براوەکان. سەرەڕای کۆی ئەو زانیارییانەش، پێویستە ئاماژەیەک بەوەش بدەین کە جووڵەکانی بەلاڕێدابردن و ئاوەژووکردنەوەی راستییەکانی ئەو پانتاییانەی کە پەیوەستن بە دیدی گشتی و لێکەوتەکانییەوە لە ئێستادا، لە لووتکەدایە، بە تایبەتی لەلایەن ناوەندە کاریگەرەکانی زانکاری و ناسکارییەوە و لەناویشیاندا زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە. لەوێشەوە، دەیانەوێت کۆی بەرهەمەکانی ئەو رەشە بزاوت و چەپڵەلێدان و پووچە چالاکییە لێرە و لەوێیانەی مرۆڤایەتی کە جگە لە گەمەیەکی وەستایانەی دەسەڵات بە ساویلکەیی وابەستەکانیان شتێکی دیکە نییە و هیچ پاساوێکی زانستییانەش نایگرێتەخۆ، بە دیدی گشتی پێ بناسێنن و هەر بەوناوەشەوە بیکەنە بار بەسەر لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە و جوانکاری تاوان و بە لاڕێدا بردنەکانی پێبکەن. دیدی گشتی لە سەرەتای پەیدابوونی ئاوەز و هۆشیاری مرۆڤەوە هەتا ئێستا، جگە لە چەمکێکی گریمانەیی و نا بابەتی و کاریکاتێرییانەی کردەکانی ژیان بەولاوە، شتێکی دیکە نەبووە و لەو باوەڕەشدا نیم سروشتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بۆی لەباربێت.

*دکتۆرا لە بواری رای گشتی و
مامۆستای زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان