«یەکێتی دژی دواخستنی دابەشكردنی مووچە و نەناردنی لیستی مووچەیە بۆ وەزارەتی دارایی عیراق»

10:31 - 2024-06-27
کوردستان
73 جار خوێندراوەتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمایی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دیاریکردنەوەی وادەی نوێی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێم و هەڵوێستی یەکێتییەوە، وتی: هەرچەندە وەک یەکێتیی پێمان باش بوو کە لە 10/6 یان زووتریش لەوکاتەی بۆی دیاریکراوە هەڵبژاردن بکرایە، بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنمان لەلا پیرۆزە و ئێستاش ئامادەی هەڵبژاردنین. وتیشی: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی میللەتەکەمان و  ئەو لایەنە سیاسییانەی لەگەڵ هەڵبژاردندابوون و ئیرادەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، هەرچەندە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردندا، راوێژ بە یەکێتی و لایەنەکانی دیکە نەکراوە.

سەعدی پیرە: هەموو هەوڵەکانی یەکێتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا


گێڕانەوەی بەشێک لە کورسیی پێکهاتەکان
وتیشی: یەکێتی جەختی لە چوار بازنەیی کردووەتەوە و هەڵوەشانەوەی کۆتای پێکهاتەکان، داخوازی یەکێتی نەبووە، بەڵام لایەنەکان و دادگامان رازیکرد بۆ ئەوەی بەشێک لە کورسیی پێکهاتەکان بگێڕدرێتەوە. هەروەها کورسی پێکهاتەکانمان وەک تێکدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەکارنەهێنا.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی دژی دواخستنی دابەشكردنی مووچە و نەناردنی لیستی مووچەیە بۆ وەزارەتی دارایی عیراق.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند: هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە هەموو هەوڵەکانی یەکێتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا و هەموو سیناریۆکانیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە کە ئەگەری ئەوەی هەیە بێتە پێشەوە.

تۆماری دەنگدەران  پاک دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، جێی خۆشحاڵییە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە بێلایەنانە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکە دەکات و چیتر دەنگەکان دەستکاری ناکرێن، هەروەها تۆماری دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا پاک دەبێت و مردووەکان دەنگ نادەن و خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگ نادات، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا جگە لە کارتی دەنگدان، کارتی نیشتمانیش وەردەگیرێت. هەرچەندە پێشتر هەندێک لە ئاوارەکانیش بە دیکۆمێنتی ساختە بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو دیکۆمێنتانە نەماون و دەنگ لە ئاوارەکان وەرناگیرێت.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، وتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بەوەدا: لایەنەکان خۆیان ئامادە دەکەن تاکو لە 31 ی ئابەوە دەست بە کەمپینێکی هەڵبژاردنی گونجاو و رێکوپێک بکەن و رێگە لەوە بگرن، لایەنێکی سیاسی بە پاساوی جیاجیا هەڵبژاردن دوابخات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان