جەواد حەیدەری
نەفرەت لە دەستەیێڤسكی چوارەمین رۆمانی نووسەری ئەفغان» عەتیق رەحیمی-یە، كە لە لایەن ئازاد بەرزنجی لە عەرەبییەوە كراوە بە كوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
بەر لە هەموو شتێك دەبێت ئاماژە بەوە بدەین كە سێبەری رۆمانی» تاوان و سزا» ی دەستەیێڤسكی بەسەر تەواوی رۆمانەكەدا زاڵە و بگرە بیرۆكەی سەرەكیی رۆمانەكەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەگەر كەسێتییەكی ئەفغانی هەمان تاوانەكەی راسكۆلینكۆڤی رۆمانی تاوان و سزا لە كۆمەڵگەی ئەفغاندا بكاتەوە، ئاخۆ دەبێت كاردانەوەكان چۆن بن؟
نووسەر لە رۆمانەكەیدا مەسەلەی كوشتن دەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقییەوە و لە رێی دادگاییكردنەی رەسوڵەوە بۆ خودی خۆی، تەواوی كۆمەڵگەی ئەفغانی دەخاتە بەردەم دادگای ویژدان و بەها مرۆییەكانەوە، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكدا كە لۆجێكی كوشتن بەسەر هەموو لۆجیكەكانی تردا زاڵە و كوشتن ریسایە كێ گوێ لە دەنگی ویژدان دەگرێت و كێ بەرامبەر بەو جیهانە نامرۆییە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات. رۆمانەكە باس لە كوشتنی پیرێژنێكی سوودخۆر دەكات لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی رەسوڵ، دواتر بكوژەكە هەست بە گوناح دەكات و دەچێت تا خۆی رادەستی دادگا بكات.
ئەگەر بە وردی سەرنجی رومانەكە بدەیت دەبینی كە رۆمانەكە زمانێكی سادە و شاعیرانە بەسەریدا زاڵە، زمانێك كە هەم گوزارشت لە شتەكانی ژیانی رۆژانەی كارەكتەرەكان و هزر و دەروونیان دەكات و هەمیش لەو نیگەرانی و شڵەژانە رۆحییەی كە دوچاری كارەكتەرەكان دەبێتەوە، دەكات. بە هەرحاڵ رۆمانەكە بە جۆرێك لەو جۆرەكان باس لەو توندوتیژییەی كە ئەمڕۆ هێزە سیاسی و سەربازییەكانی ئەفغانستان لەو وڵاتە دەیكەین.