لە سلێمانی رێکاری گونجاو بۆ روبەڕوبونەوەی کۆلێرا گیراوەتەبەر

02:19 - 2022-06-20
کوردستان
473 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سلێمانی رێکاری باش بۆ روبەڕوبونەوەی سکچون و رشانەوە گیراوەتەبەر و لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین.
د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم لە بارەی روبەروبوونەوەی کۆلێرا کۆبووینەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ نەخۆشی کۆلێرا کرد و جەختکرایەوە کە چالاکییەکان بەردەوام بێت تاوەکو رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکەین.
وتیشی: وەزیری تەندروستی هەرێم بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی داوە و پێداویستیی نەخۆشخانەکانی دابینکرد.
هاوکات دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: بەهۆی گەرما و وشکەساڵییەوە کۆلێرا بڵاوبووەتەوە، لە سلێمانی رێکاری باش بۆ روبەڕوبوونەوەی سکچون و رشانەوە گیراوەتەبەر، لەو چوارچێوەیەشدا چوار نەخۆشخانە لە سلێمانی بۆ توشبووانی سکچون و رشانەوە تەرخانکراون. 
راشیگەیاند: رۆژانە هەزار کانیۆلا بۆ توشبووانی سکچوون و رشانەوە دادەنرێت و هەر نەخۆشێک لە 24 سەعاتدا 20 بتڵ رینگەر لاکتەیتی بۆ بەکاردەهێنرێت.
وتیشی: پلانی گشتیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە هەرێم هەیە و لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە و دابینکردنی پێداویستییەکان دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی هەرێم  800 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە.
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند: هەندێک حاڵەت کە مەترسیان لەسەرە ئەو کەسانەن کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش رێژەیەکی باشی دەرمانی گیراوەمان رەوانەی سلێمانی کردووە.

# کۆلێرا

بابەتە پەیوەندیدارەکان