قوباد تاڵەبانی: خەڵكی كوردستان متمانەی زۆریان بە یەكێتی هەیە

12:47 - 2024-07-01
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، لەگەڵ مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی لە چەمچەماڵ كۆبووەوە و دوای گوێگرتن لە بۆچوونەكانیان سەبارەت بە بارودۆخی یەكێتی لە سنوورەكەدا، سیاسەت و دۆخی ئێستای یەكێتی لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا، روونكردەوە.
راشیگەیاند: یەكێتی لەم قۆناغەدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەبێتە جێی متمانەی خەڵكی كوردستان و زۆرینەی كۆمەڵگەش دەزانن یەكێتی ئامانج و سیاسەتی چییە، بۆیە دەبێت هەنگاوی زیاتر بنێین و بە یەك ئاڕاستە كاربكەین. وتیشی: ئەم یەكێتییەی ناو یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ئەنجامەكەی دەردەكەوێت و لەماوەی رابردووشدا یەكێتی بە سەركردایەتیی سەرۆك بافڵ، هاوسەنگی هێزی لەناو هەرێمدا راستكردووەتەوە، بەڵام گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە كە دەبێت یەكێتی سەركەوتنێكی ئەوەندە گەورە بەدەستبهێنێت تا لەپێناوی چاكسازیی ریشەییدا، بە قورساییەكی زۆر گەورەوە لەناو هەموو دامەزراوەكاندا حزوری هەبێت.
راشیگەیاند: خەڵكی كوردستان ئەوەی بۆ دەركەوتووە كە یەكێتی تاكە لایەنە دەتوانێت چاكسازیی راستەقینە بكات. داواشیكرد كە ئەندامانی مەڵبەند و كادرانی یەكێتی لە سنووری چەمچەماڵ زیاتر بچنەناو خەڵكەوە و ئەو متمانەیەی خەڵك بە یەكێتی بەهێزتر بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان