‎هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

08:29 - 2024-07-01
کوردستان
84 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بە ناوهێنانی هێزەکانی 70 لە ئاگرەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک، هێزەکانی حەفتا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەو رووداوانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە هێزەکانی حەفتاوە نییە.
دەقی روونکردنەوەکەی هێزەکانی حەفتا:
‎بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک، دوور و نزیک هێزەکانمان و هێزەکانی تری هەرێمی كوردستان پەیوەندییان بەو رووداوانەوە نییە کە لە هەولێری خۆشەویست، دهۆکی دەلال و کەرکوکی قودسی کوردستان روویانداوە.


‎جێگەی نیگەرانی و سەرسووڕمانە كە تەنیا نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بەغدا بە مەرامی تایبەت و وەك تۆمەت ئاماژە بە ناوی هێزەكانمان و سنووری سلێمانی دەكات. وە بەڕێز وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەڕوونی ئاماژەی بە زانیارییەكاندا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێك بهێنێت.


‎لێرەوە رایدەگەیەنین کە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەغدا وتی: ئەو تۆمەتبارانە لەبەرامبەر بڕەپارەیەکدا "تەجنید" کراون. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە و جەختیش دەکەینەوە کە؛ ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکیترمان ئەو کارەیان کردووە و نە پەیوەندیی بەهێزەکانمانەوە هەبووە.
‎ئێمە لە هێزەکانمان چاوەڕێی رێڕەوی تەواوی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقین تاوەكو راست و دروستی دوور لەمەرام و پیلانی ناڕەوا بۆ رایگشتیی وڵاتەکەمان ئاشکرابکەن  كە هەر كەس و لایەنێك لەپشت سووتاندنی بازاڕەكانەوەیە، رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان