قاوە، لەپشت عیرفان و فەلسەفە و سیاسەتەوە...!

05:13 - 2024-07-04
کەلتور
206 جار خوێندراوەتەوە
تابلۆی قاوەخانەیەکی سەدەی حەڤدە

مەحمود شێرزاد

لە مێژ نییە قاوە دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆتە یەکێک لە خۆشەویستترین خواردنەوەکانی جیهان. خواردنەوەیەکی تاڵە، بەڵام لەودیوی تاڵییەکەیەوە خۆشی و وزەیەکی تایبەت بە کەسەکە دەبەخشێ، هەروەها قاوە تا ئێستاش ئاماژە بە جیاوازیی چینایەتی دەکات و تەنانەت هەڵگری کۆمەڵێک پەیامە.
لەسەرەتادا خواردنەوەی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان بوو، قاوەیان بۆ کەسێک دروست دەکرد کە بەلایانەوە کەسێکی گرنگ بوایە، ئێستاش تا رادەیەک وایە لە هەندێک شوێن بۆئەوەی رێزت لێ بنێن، دەڵێن قاوەی بۆ بهێنن، دەنا دەڵێن چایەک یان ئاوێکی بۆ بهێنن و...هتد. 
قاوە بە رواڵەت خواردنەوەیەکی سادەیە، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک مانایە و کۆمەڵێک گۆڕانکاریی زۆر گەورەوەی لەپشتەوەیە، لەڕاستیدا ئەگەر پێشتر لەم بارەوە موتاڵات نەبووبێت، رەنگە پێت سەیر بێت، لەدوای دۆزینەوە و بەکارهێنانی قاوەوە شارستانییەتی مرۆیی لە زۆر بواردا بازی گەورەی دا.
دۆزینەوەی قاوە
لەبارەی کات و شێوازی دۆزینەوەی قاوەوە، جگە لە حیکایەتی پزیشکە دوورخراوەکە، حیکایەتێکی سەرنجڕاکێش هەیە، بەسەرهاتەکە دەڵێت: «لە سەدەی (9) ی زایینیدا شوانێکی خەڵکی (ئەسیوپیا) کە هەندێ سەرچاوە دەڵێن ناوی «کاڵدی» بووە و هەندێکیش دەڵێن ناوی «خالید»بووە، چەند جارێک لە دەشت و دەر تێبینی ئەوەی کردووە هەر کاتێک بزنەکانی بەری گیای (کۆفی عەرەبیکا) دەخۆن، وزەیان زۆر دەبێ و شاد دەبن و دەست بە یاریکردن دەکەن بە یەکەوە، لەبەرئەوە رۆژێک هەوڵدەدا خۆشی تاقیبکاتەوە، چەند دەنکێکی کۆفی عەرەبیکا دەخوا و دوای ئەوە وزەی زۆر و سەری خۆش دەبێ، زۆر چێژی لێدەبینێ، تا ئێوارە رێژەیەکی باشی لێ کۆدەکاتەوە و دەیباتەوە بۆ ئاوایی و لەگەڵ ژنەکەیدا دەیەبەن بۆ قەشەی گوندەکەیان، ئەویش تاقیدەکاتەوە و هەمان شت ئەزموون دەکات.
قاوە و عیرفان
 ئەم قەشەیە لەمە بەدواوە دەنکی قاوە کۆدەکاتەوە خۆی و هاوڕێکانی بە تایبەتی شەوان بەکاری دەهێنن، چونکە شەوان هەوڵدەدەن نەخەون و زیاتر خەریکی شەونوێژ و تێڕامان بن، ئێستا قاوە بە ئاسانی خەویان دەزڕێنێ و ئەوانیش تا بەیانی بە وزەوە کاری خۆیان دەکەن. 
لێرەوە قاوە لەم ناوچەیە لە دوای (رئوهوم) کە خواردنەوەی پیرۆزی کوردانی قەدیم و زەردەشتییەکان بووە و لە دوای شەرابەوە دەبێتە دووەم خواردنەوەی پێغەمبەران و عارفان و کەسانی رۆحانی، دیارە پێش قاوە، شەراب و خواردنەوە سەرخۆشکەرەکان هەموویان خواردنەوەی بەشێک لە پێغەمبەران و عارفان و پیاوچاک و حەکیمان بوون، هەر ئەوانیش دۆزیبوویانەوە و توانیبوویان لەرێگەی زانستەکانیانەوە بەرهەمیان بێین و بەمەبەستی دینی و عیرفانی و پزیشکی بەکاریان بهێنن. 
بۆچی پێغەمبەران و عارف و پیاوچاکان شەراب یان خواردنەوە و ماددە هۆشبەرەکانیان بەکاردەهێنا؟  هۆکارەکەی ئەوەبوو، ئەو خواردنەوە و ماددە هۆشبەرانە دەبوونە هۆی خامۆشکردنی زەین و راگرتنی بیرکردنەوە و ترس و نیگەرانییە زەینی و دنیاییەکان، ئەوکات پێیانوابوو لەم رێگەیەوە باشتر دەتوانن تێڕامان بکەن و قووڵتر دەتوانن پەیوەست ببنەوە بە سەرچاوەوە، واتە بە خوداوە. لەبەرئەوە شەراب و دواتریش چایی و قاوە رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە پەرەپێدانی دین و مەعنەوییەت و عیرفاندا، بەڵام دواتر ئاراستەکە گۆڕا و لەلایەن هەندێک دین و کەسەوە لەبەرئەوەی زێدەڕۆیی تێدا دەکرا، حەرام و قەدەغە کران.
دیارە ئەم رەوتە تائێستا بەردەوامە، ئێستا هەر بەو مەبەستە زۆر گیاوگوڵ و حەب و خواردنەوەی جۆراوجۆر بەرهەمهێنراون و بەداخەوە خەڵکانێک بەکاریان دەهێنن کە دواتر لە زۆر رووە تووشی کێشەی جەستەیی و زەینیی جۆراوجۆر دەبن، بۆیە یۆگا پێشنیاز دەکا کەس هەرگیز ئەم جۆرە خواردنەوە و ماددە هۆشبەرانە بەکارنەهێنێ. یۆگا هەر لەسەرەتاوە بە مەبەستی پەیوەستبوونەوە دژی بەکارهێنانی هەر چەشنە خۆراک و خواردنەوە و کەرەستەیەکی دەرەکی و هۆشبەر بووە، یۆگا دەڵێت: «تۆ خۆت دەتوانی راستەوخۆ لە رێگەی تێڕامانی بەردەوامەوە، زەین خامۆش بکەیت و پەیوەست ببیتەوە بە بنەڕەت و سەرچاوەوە، پێویست ناکای شتێک بەکاربهێنیت کە دواتر جگەلەوەی خووی پێدەگریت و لە درێژخایەنیشدا لەوانەیە پێی تووشی لاوازی مێشک و جەستە بیت، بەکاربهێنیت.
قەدەغەکردنی قاوە لەلایەن کڵێساوە
قاوە لە سەدەی شازدەدا بە ئەوروپادا بڵاوبووەوە، لە سەرەتادا لەگەڵ دژایەتی توندی کڵێسای کاتۆلیک و هەروەها دەسەڵاتی سیاسی رووبەڕوو بووەوە. کڵێسا پێیوابوو قاوە خواردنەوەیەکی سەرخۆشکەر، ماددەیەکی هۆشبەرە و خەڵک لە دوای بەکارهێنانییەوە تووشی تاوان و لادانی ئەخلاقی دەبن، کەواتە کڵێسا بۆ ماوەیەک قاوەی حەرام کرد، چونکە پێیوابوو خواردنەوەی قاوە ئازایەتییەک بە کەسەکان دەبەخشێ لە سنوورە دیاریکراوەکانی دین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی دەربچن و چیتر ملکەچی کڵێسا نەبن.

 

یورگن هابرماس دەڵی: (ئەگەر قاوە نەبوایە قۆناغی رۆشنگەری سەری هەڵنەدەدا، لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا قاوەخانەکان لە ئەوروپا ببوون بە شوێنی کۆبوونەوەی بیرمەندان و شوێنی سەرهەڵدانی بیرۆکەی رەخنەیی و فەلسەفی لە بواری جیاجیادا)

 

 

قاوە و فەلسەفە
 لە دوای قاوەوە، قاوەخانەکان کرانەوە، کرانەوەی قاوەخانەکان رووداوێکی گرنگە لە مێژووی هاوچەرخدا، خەڵک لە قاوەخانەکان کۆدەبوونەوە و پێکەوە قاوەیان دەخواردەوە و لەبارەی بابەتی جۆراوجۆرەوە قسەیان دەکرد، بەرەنجامی ئەو کۆبوونەوە و قاوەخواردنەوانە، پەرەسەندنی فەلسەفە و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە. 
بیرمەندی ناسراوی هاوچەرخ یورگن هابرماس دەڵێت: (ئەگەر قاوە نەبوایە قۆناغی رۆشنگەری سەری هەڵنەدەدا، لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا قاوەخانەکان لە ئەوروپا ببوون بە شوێنی کۆبوونەوەی بیرمەندان و شوێنی سەرهەڵدانی بیرۆکەی رەخنەیی و فەلسەفی لە بواری جیاجیادا). قاوە زەینی دەکردنەوە و ئەوانیش پەییان بە بابەتی زیاتر دەبرد و دەیانتوانی بابەتەکان زیاتر شیبکەنەوە و باشتر لە رۆحی بابەتەکان رۆبچن، تەنانەت دەڵێن بیرمەندە دیارەکانی سەردەمی رۆشنگەری، عاشقی قاوەخواردنەوە بوون، بۆ نموونە (مایکڵ پووڵان) دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (کاتی خۆی ڤۆڵتەر بۆ یارمەتیدانی دیدرۆ لە نووسینی کتێبی (ئەنیسکلۆپێدی)دا کە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی سەردەمی رۆشنگەری دادەنرێت، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا دەیان قاوەی دەخواردەوە. هەروەها زۆربەی کاتەکان ئەو کەسانەی لە پشتی بزووتنەوە و شۆڕشەکان و دامەزراندنی رەوت و رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانەوە بوون، لە قاوەخانەکاندا پێکەوە کۆدەبوونەوە و لەوێوە بناغەی بیرۆکەکانیان گەڵاڵە دەکرد، تەنانەت تائێستاش وایە.
قاوە و سیاسەت
ئەو رووداوەی چارڵزی دووەم لەبارەی قاوەوە زۆر بەناوبانگە، چارڵزی دووەم قاوەخانەکانی داخست، چونکە پێیوابوو بوونەتە ماکی ئاژاوەگێڕیی و شوێنی کۆبوونەوەی نەیارانی دەسەڵات و...هتد. چارڵز پێیوابوو ئەگەر قاوەخانەکان بمێنن، بە زوویی ناڕەزایی و شۆڕشێک لەوێوە لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەو سەرهەڵدەدات، کەواتە بڕیاریدا قاوەخانەکان دابخرێن.
 قاوە و شوناس
لەدوای دۆزینەوەی قاوەوە زۆر شت گۆڕانکاریی بەسەردا هات، تەنانەت کۆیلایەتی و  شەڕ، دوای ئەوەی گیاکەی بە دنیادا بڵاوبووەوە، سەرمایەدار و دەستڕۆیشتووەکان خەڵکیكی زۆریان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی قاوە دەکردە کۆیلە و لە کێڵگەکاندا کاریان پێدەکردن. هەروەها لەبەرەکانی شەڕدا قاوەیان دەدا بە سەربازەکان تا چالاکانەتر شەڕ بکەن، جگە لەهەمووی ئەوانە قاوە بوو بە کاڵایەکی بازرگانی پڕ سوود، لەڕووی نەتەوەییشەوە بوو بە بابەتێکی بەهێز بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەیی بە دنیا. 
ئێستا زۆر وڵات بەهۆی قاوەکەیەوە لەدنیادا ناسراوە و زیاتر لە سیاسەت و کەلتور و زانستەکانی، بەهۆی قاوە ناوی دێت، دیارە کورد لەم بوارەشدا ستەمی لێکراوە، زۆربەمان چیرۆکی گۆڕینی قاوەی کوردی بە قاوەی تورکیمان بیستووە کە چۆن تورکەکان پارەیەکی زۆریان داوە تا ناوی قاوەی کوردی بۆ قاوەی تورکی بگۆڕن و...هتد. تەنانەت لە ماوەی رابردوودا هونەرمەندی دیاری کورد ناسری رەزازی گێڕایەوە لە هەفتە بازاڕێک لە ئەوروپا پیاڵە و ژێرپیاڵەیەکی کۆنی کڕیوە لەسەری نووسراوە قاوەی کوردی، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە قاوەی تورکی!
قاوە بە کەمی بخۆنەوە
ئەمڕۆ قاوە کارکردی عیرفانی و فەلسەفی و سیاسی لەدەست داوە، قاوە ئێستا لە دنیادا کارکردی زەینی و دەروونی و بازرگانیی هەیە. مرۆڤی ئەم سەردەمە بە مەبەستی ئارامبوونەوە و پشوودان قاوە دەخۆنەوە و بە مەبەستی  کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ هانا بۆ قاوە دەبەن، بەڵام بە داخەوە قاوە بە زوویی دەبێتە یەکێک لە خووە خراپەکان و کافایینەکەی لە رێگەی خوێنەوە مێشک و کارکردی مێشک کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵی کەسەکە.
قاوە ئەگەر رۆژانە و بەیانیان، ئەویش جاروبار کوپێکی لێ بخورێتەوە، خراپ نییە، ئەگەر رۆژانە و دوانیوەڕوان بەکاربهێنرێ دەبێتەهۆی تێکدانی سیستمی لەش، بەتایبەتی گلاندی سنەوبەریی ناهاوسەنگ دەکات و ئەوەش یەکەم شت خەو و کوالێتی و کاتی خەو تێکدەدا، جگە لەوە دەبێتە هۆی تێکدانی ترشەڵۆکی گەدە و دڵەکزێ و ...هتد، لەبەرئەوە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە یان نەیخۆینەوە، یان جاروبار بیخۆینەوە.

هابرماس لەکاتی قاوەخواردنەوەدا



بابەتە پەیوەندیدارەکان