کورتەچیرۆک

چیرۆكی سه‌عاتێك

12:43 - 2022-02-24
ئەدەب و هونەر
372 جار خوێندراوەتەوە

كه‌یت شوپێن

به‌ ئاگاداری له‌وه‌ی كه‌ «مالارد» خان دڵی ته‌واو نییه‌، زۆر ورد و وریا بوون، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا ده‌كرێت به‌ ئارامی هه‌واڵی مردنی مێرده‌كه‌ی پێ بڵێن. «جۆزفین»ی خوشكی به‌ هه‌ندێك رسته‌ی سه‌ر و گوێ شكاو، به‌ نیمچه‌ پێچراوه‌یی هه‌واڵه‌كه‌ی پێگوت.
«ریچارد» هاوڕێی مێرده‌كه‌شی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌لای بوو. كاتێ «ریچارد» له‌ نووسینگه‌ی رۆژنامه‌ بوو هه‌واڵی رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی هێڵی ئاسنی پێگه‌یشت، ناوی «برێنتلی مالارد» له‌ناو لیستی مردووه‌كاندا بوو. كاتێكی ویست هه‌تا به‌ بروسكه‌ی دووه‌م له‌ هه‌واڵه‌كه‌ دڵنیا بێت، به‌ خێرایی رۆیشت بۆ ئه‌وه‌ی باقی دۆستان له‌م هه‌واڵه‌ خه‌مباره‌ ئاگادار بكاته‌وه‌.

كاردانه‌وه‌ی «مالارد» خان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی باقی ژنانه‌وه‌ بوو. ده‌تگوت له‌ قبووڵكردنی راستییه‌كه‌دا تووشی ئیفلیجی بووە و بڕستی لێبڕاوه‌. پاشان له‌ناكاو دایه‌ پڕمه‌ی گریان و شێتانه‌ خۆی فڕێدایه‌ باوه‌شی خوشكه‌كه‌یه‌وه‌. كاتێ گه‌رده‌لووله‌كه‌ نیشته‌وه‌، به‌ته‌نیا چووه‌ ژووره‌كه‌ی خۆی. كه‌س به‌ دوایدا نه‌ڕۆیشت.
له‌وێ به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌ كراوه‌كه‌ وه‌ستا، كورسییه‌كی گه‌وره‌ و فه‌ره‌حی لێبوو. «مالارد» خان كه‌ له‌ ژێر فشاری شه‌كه‌تیی به‌ده‌نیدا بوو، ده‌تگوت ئه‌و شه‌كه‌تییه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ ناو رۆحی، له‌ناو ژووره‌كه‌دا ون بوو.

له‌ په‌نجه‌ره‌ كراوه‌كه‌وه‌ ده‌یتوانی چڵه‌پۆپه‌ی ئه‌و دارانه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ببینێت كه‌ بارانی به‌هار گه‌شاندبوونییه‌وه‌. بۆنی خۆشی بارانیش به‌و ناوه‌دا بڵاوببۆوه‌ بۆیه‌ هه‌ناسه‌دان خۆش بوو. له‌ شه‌قامه‌كه‌ی خواره‌وه‌ فرۆشیارێكی گه‌ڕۆك بۆ فرۆشتی شته‌كانی هاواری ده‌كرد. ده‌نگی كزی گۆرانی وتنی كه‌سێك له‌ شه‌قامه‌كه‌وه‌ هاته‌ گوێی، چۆله‌كه‌یه‌كی زۆر له‌ بن بنمیچه‌ له‌وحه‌كه‌دا ده‌یانجریواند.

له‌ نێوانی ئه‌و گه‌واڵه‌ هه‌ورانه‌وه‌ كه‌ له‌ خۆرئاوا یه‌كیان گرتبوو، له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ ببوون، هه‌ندێ به‌شی ئاسمانی شین دیار بوو. «مالارد» خان له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ دانیشت و سه‌ری خست به‌ پشتدا، هیچ جووڵه‌یه‌كی نه‌ده‌كرد. ته‌نیا كاتێ هه‌نسكی گریان هاته‌ قوڕگییه‌وه‌، هێنایه‌ جووڵه‌، وه‌كو مناڵێك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌گری و هه‌تا خه‌و ده‌یباته‌وه‌، پاشان به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ هه‌نسك هه‌ڵده‌دات.

گه‌نج و جوان بوو، روخسارێكی سپی و ئارامی به‌لاوه‌ بوو. خه‌ته‌كانی ده‌موچاوی ئه‌وه‌یان نیشان ده‌دا كه‌ له‌ ژێر فشاردایه‌ و ته‌نانه‌ت بێده‌سه‌ڵاتیش نییه‌. به‌ڵام ئێستا چاوانی ئه‌بڵه‌ق و بێڕۆح بوون و له‌ به‌شێكی ئاسمانی شین رامابوون. ئه‌م نیگایه‌ی رامان و قووڵبوونه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو نیشانه‌ی خه‌یاڵلێدان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی هۆشمه‌ندانه‌ بوو.
شتێك به‌ره‌و لای «مالارد»خان ده‌هات و به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كرد. ئه‌و شته‌ چی بوو؟ نه‌یده‌زانی. شتێكی ته‌مومژاویتر بوو له‌وه‌ی بتوانیت ناوێكی لێ بنێیت. به‌ڵام هه‌ستی پێده‌كرد. ئه‌و شته‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هات و به‌ناو ده‌نگ و ره‌نگ و بۆدا كه‌ ئاسمانیان سیخناخ ده‌كرد ده‌گه‌یشته‌ لای.

ئێستا قه‌فه‌زه‌ی سینگی به‌خێرایی به‌رز و نزم ده‌بۆوه‌. ورده‌ ورده‌ خه‌ریك بوو ئه‌و شته‌ی ده‌ناسی كه‌ به‌ره‌و لای ده‌كشا بۆ ئه‌وه‌ی وجودی پڕ بكات، هه‌وڵیده‌دا به‌ هێزی ئیراده‌ی پاڵی پێوه‌ بنێت بۆ دواوه‌، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سته‌ سپی و لاوازه‌كانی توانای ئه‌وه‌یان نه‌بێت. كاتێ هاته‌وه‌ سه‌ر خۆی، وشه‌یه‌ك وه‌كو چرپه‌ له‌ نێوان لێوانییه‌وه‌ هاته‌ده‌رێ. له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ ئارامی هه‌ناسه‌ی ده‌دا چه‌ند جارێك وشه‌كه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌: «ئازاد! ئازاد! ئازاد!» نیگا بۆشه‌كه‌ی و ئه‌و ترسه‌ی به‌ دوایدا هات له‌ چاوانیدا ده‌ركه‌وت، چاوانی كرانه‌وه‌ و گه‌شانه‌وه‌. دڵی به‌خێرایی لێی ده‌دا و هاتوچۆی خوێن هه‌موو به‌شێكی به‌ده‌نی گه‌رم و ئاسووده‌ ده‌كرد.

به‌رده‌وام له‌ خۆی ده‌پرسی ئه‌م شادییه‌ هیولاییه‌ كه‌ وجودی داگیر كردووه‌ چییه‌؟ ده‌یزانی ئه‌گه‌ر كاتێ دووباره‌ ئه‌و ده‌سته‌ نه‌رم و میهره‌بانانه‌ ببینێت كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رگدا تێكه‌ڵبوون، ده‌گری. ئه‌و روخساره‌ی به‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ نه‌بێت قه‌ت نیگایه‌كی ئه‌می نه‌كردبوو، ئێستا مردووه‌ و بووه‌ به‌ خۆڵه‌مێشی و بێجووڵه‌یه‌. به‌ڵام له‌ پشت ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ تاڵه‌وه‌، ساڵانێكی دوورودرێژی ده‌بینی كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا موڵكی خۆی ده‌بن. بۆ پێشوازی له‌و ساڵانه‌ باوه‌شی كردبۆوه‌.

له‌و ساڵانه‌ی له‌به‌رده‌میدا بوو، ئیتر كه‌سێك نه‌بوو كه‌ له‌به‌ر خاتری ئه‌و بژی. ئیتر له‌به‌ر خاتری خۆی ده‌ژی. ئیتر ئه‌و زۆره‌ملێیه‌ی كه‌ پیاوان و ژنان له‌ په‌یوه‌ندی هاوسەری له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا به‌ ره‌وای ده‌زانن. كۆتایی دێت و وجودی نابێت. له‌و ساته‌وه‌خته‌ كورته‌دا به‌لایه‌وه‌ كه‌شفكردنی نیه‌تباشی هیچی له‌ تاوان كه‌متر نه‌بوو.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جاریوابوو خۆشیده‌ویست. جاریواش بوو نه‌خێر. جیاوازیی چییه‌. له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوت: «ئازادبوو. به‌ده‌ن و رۆحی هه‌ردووكیان ئازاد بوو.»

جۆزفین له‌ كاتێكدا كه‌ به‌رامبه‌ر ده‌رگا داخراوه‌كه‌ به‌چۆكا هاتبوو، ده‌می نابوو به‌ كونی كلیلی ده‌رگاكه‌وه‌، تكای لێده‌كرد رێگه‌ی بدات بچێته‌ ژووره‌وه‌. «لوییس، ده‌رگاكه‌ بكه‌ره‌وه‌. تكا ده‌كه‌م ده‌رگاكه‌ بكه‌ره‌وه‌. نه‌خۆش ده‌كه‌وی. چی ده‌كه‌ی لوییس؟ بیكه‌ به‌ خاتری خوا ده‌رگاكه‌ بكه‌ره‌وه‌.» «دووربكه‌وه‌ره‌وه‌. نه‌خۆش ناكه‌وم». له‌ په‌نجه‌ره‌ كراوه‌كه‌وه‌ وزه‌ی ژیانێكی نوێ خۆی نیشان ده‌دا. خه‌یاڵی بۆ ئه‌و رۆژانه‌ ده‌چوو كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن. رۆژانی به‌هار، رۆژانی هاوین و هه‌موو رۆژه‌كانی تر هی خۆی ده‌بن. له‌ ژێر لێوه‌وه‌ نزای ده‌كرد ته‌مه‌نێكی درێژی هه‌بێت. هه‌ر دوێنێ بوو كاتێ وێنای ئه‌وه‌ی كردبوو ته‌مه‌نی درێژ ده‌بێت گیانی له‌رزیبوو.

ئاخری لە ئەنجامی پارانه‌وه‌كانی خوشكه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵسا و ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌. نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی تا ئامێز له‌ چاوانیدا دیاربوو، وه‌كو خواوه‌ندی سه‌ركه‌وتن ده‌جووڵایه‌وه‌. هه‌ردوو بازووی بۆ كه‌مه‌ری خوشكه‌كه‌ی كرد به‌ كۆت و پێكه‌وه‌ به‌ پلیكانه‌كاندا چوونه‌ خواره‌وه‌. له‌ خوار قادرمه‌كانه‌وه‌ «ریچارد» چاوه‌ڕێیان بوو.

كه‌سێك خه‌ریكبوو به‌ كلیل ده‌رگای پێشه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌. «برێنتلی مالارد»ی مێردی له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ هاته‌ ژووره‌وه‌، ته‌پ و تۆزێكی زۆری سه‌فه‌ر به‌ سه‌ر و روخسارییه‌وه‌ دیار بوو، عه‌لاگه‌یه‌ك و چه‌تره‌كه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو. بە ته‌واوی له‌ رووداوی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌وه‌ دوور بووه‌ و ته‌نانه‌ت ئاگای له‌ هه‌واڵی رووداوه‌كه‌ش نه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ قیژه‌ گه‌وره‌كه‌ی «جۆزفین»دا به‌ حه‌په‌ساوییه‌وه‌ ره‌ق راوه‌ستا. «ریچارد»یش هه‌وڵیده‌دا له‌به‌رچاوی ژنه‌كه‌ی دووری بخاته‌وه‌.

كاتێ دكتۆره‌كان گه‌یشتن، رایانگه‌یاند «مالارد» خان كه‌ نه‌خۆشی دڵی هه‌بوو به‌هۆی شادیی له‌ راده‌به‌ده‌ره‌وه‌ به‌ جه‌ڵته‌ مردووه‌.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

سه‌رچاوه‌: Nebesht.com

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان