WFP هۆشداری دەدات

09:27 - 2022-06-22
ڕاپۆرت
295 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

دوای كەمكردنەوەی بەشە خۆراكیان، پڕۆگرامی جیهانیی خۆراك (WFP) سەر بە نەتەوە  یەكگرتووەكان، هۆشداریی دەدات لەوەی كە بەهۆی كەمبوونەوەی پارەداركردنیان، پەنابەرانی خۆرهەڵات ‌و خۆرئاوای ئەفریقا بەشە خۆراكی كەمتریان پێدەدرێت.
روونیشیكردۆتەوە: سێ لەسەر چواری پەنابەران لە خۆرهەڵاتی كیشوەری ئەفریقا كە لەلایەن بەرنامەكەیانەوە پشتیوانی دەكرێن، بەڕێژەی 50 % بەشە خۆراكیان كەمبۆتەوە، بەوەش زۆرترین زیان بەر پەنابەران لە ئەسیوپیا ‌و كینیا ‌و باشووری سودان ‌و ئۆگەندا دەكەوێت.
داڤید بیزلی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری (WFP) رایگەیاندووە: رێكخراوەكەیان ناچارە بڕیاری سەخت بدات بۆ كەمكردنەوەی بەشە خۆراكی پەنابەران، كە بۆ مانەوەیان پشتی پێدەبەستن. وتیشی: ئەو بەشە خۆراكەی لەبەردەستیاندایە، بەشی ئەو هەموو داواكارییە ناکات کە لەسەر خۆراكە لە سەرانسەری جیهاندا ‌و هۆشداریی ئەوەشی دا كە پشێوی گەورە لە ئەنگۆلا ‌و مەلاوی ‌و مۆزەمبیق ‌و كۆماری كۆنگۆی دیموكرات ‌و تەنزانیا ‌و زیمبابۆی بەڕێوەیە. 
بەرنامەی خۆراكی جیهانی بەشێوەیەكی بەرچاو بەشە خۆراكی لە خۆرئاوای ئەفریقا كەمكردۆتەوە، بە دیاریكراویش لە بوركینافاسۆ ‌و كامیرۆن ‌و چاد ‌و مالی ‌و مۆریتانیا ‌و نەیجەر. هەروەها رێكخراوەكە بانگەوازی كردووە بۆ كۆكردنەوەی بڕی 426 ملیۆن دۆلار بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی برسێتی لە باشووری سودان، كە بەهۆی ململانێ ‌و لافاوەوە ملیۆنان كەس ناچاربوون ماڵ ‌و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
ئاماژەی بەوەشداوە: زیاتر لە سێ یەكی دانیشتوان پێویستیان بە هاوكاریی مرۆییە، لەگەڵ پێشبینیكردنی ئەوەی كە هەشت ملیۆن ‌و 300 هەزار كەس، لە نێویشیاندا پەنابەران، لەم ساڵدا دووچاری برسێتیی مەترسیدار ببنەوە.
جێی ئاماژەیە، جەنگی ئۆكرانیا هۆكارێكی دیكەی ئاڵۆزتربوونی تەنگژەی پەنابەران ‌و مەترسییەكانی برسێتییە، نەك تەنها بۆتە هۆی زیادبوونی شەش ملیۆن ئاوارەی دیكە لە كۆی ئەو پەنابەرە بەساڵاچوانەی ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشتووە، بەڵكو بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەكییەكانیش، بەتایبەتی دانەوێڵە.

 سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان