ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
كێشه‌م له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا نییه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌مناسن ئه‌و راستییه ده‌زانن، هه‌روه‌ك پێشتریش هه‌ر وابووم من ناتوانم بێده‌نگبم.
جارێكیان خه‌ونم بینی له‌به‌رخۆمه‌وه قسه‌م ده‌كرد، هه‌موو وشه‌كانم ده‌بوونه ره‌گ، ره‌گه‌كان به‌ناو هۆڵه‌كه‌دا بڵاو ده‌بوونه‌وه، زۆرێك له‌وانه‌ی ئه‌م دیمه‌نه‌یان بینی به‌پرتاو هۆڵه‌كه‌یان به‌جێهیشت، ره‌گه‌كان سوێندیان خواردبوو له كۆڵیان نه‌بنه‌وه.
له خه‌ونێكی تردا، سێبه‌ره‌كه‌م تووشی راوه‌دوونان بوو، ره‌گێك دوای كه‌وتبوو، هه‌ر وابووه ره‌گ دوای سێبه‌ر ده‌كه‌وێت، گه‌ر ره‌گیش نه‌بێت سێبه‌ر نابێت.
كه‌سانی ناو هۆڵه‌كه خه‌ڵكانی زمان درێژ بوون، ئه‌وانه‌ی به‌ده‌م خه‌ویشه‌وه درۆ به‌ده‌م رابردووی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن، ئاساییه ئه‌مجۆره كه‌سانه ره‌گیان نه‌بێت.
چۆن بتوانم بێده‌نگبم…؟ خه‌ریكه له بێئاویدا وشك ده‌بم، وا خه‌ریكه ده‌خنكێم، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه لێره‌م تیشكی خۆرم نه‌بینیوه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینم، چه‌ند كورسییه‌كی پێشه‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌یه له پێشه‌وه قات له‌به‌ری شین، ئه‌وه‌ی منی كوشت یه‌كێك بوو له دانیشتووه‌كانی پێشه‌وه‌ی قات شینه‌كان، هه‌موو وشه‌یه‌كی ره‌گی چه‌ندین ساڵه‌می وشك ده‌كرد به درۆ‌و ده‌له‌سه‌كانی.
من ته‌نها گوڵێكی نایلۆن بووم له‌به‌رده‌م میكره‌فۆنه‌كه‌دا، به‌ده‌ستی ئه‌و كچه دروستكراو بوو كه ئێستا باوكی درۆ به‌ده‌م هه‌موو شتێكه‌وه ده‌كات. ته‌نانه‌ت رابردووی هاوڕێكانیشی.
له ته‌نیشت مایكه‌كه‌وه دانرابووم، له پشتمه‌وه ناو شار دیاربوو، له پێشمه‌وه ئاسووده‌ییه‌ك گه‌ڕه‌كی ماڵه هه‌ژاره‌كان بوو، ئه‌ملاو ئه‌ولام به‌لاوه گرنگ نه‌بوو چونكه سروشتم وایه، زۆر ئاوڕ له‌ملاو لا ناده‌مه‌وه.
ره‌گ هه‌میشه بۆ پێشه‌وه ده‌ڕوات، سێبه‌ر له زۆر كاتدا ئاوڕ له دواوه ده‌داته‌وه. هه‌روه‌كو وتم له سێبه‌ری خۆم به‌گومانم. ئێستا نازانم بۆ كوێ بڕۆم؟ دواده‌رفه‌تم بۆ ئه‌و هه‌موو قات شینانه یه‌ك ده‌رفه‌تم له‌به‌ر ده‌ستدایه له نهۆمی شه‌شه‌مه‌وه خۆم فڕێده‌مه ناو ماڵه هه‌ژارێكه‌وه.
له شه‌وێكی تردا به‌ده‌م خه‌وه‌وه قسه‌م ده‌كرد. خه‌وی زۆرخۆشم بینی، هه‌موو ناو ماڵی خه‌وه‌كه‌م ببوون به‌بۆن.
ریشه‌ی بۆن له‌ناو ره‌گه‌كاندایه، ره‌گ بێ شوناسی بۆن چۆن به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو تاریكییه ده‌گرێت. كه خۆیان كرد به‌ناو هۆڵه‌كه‌دا هیچ بۆنێك نه‌ما، ره‌گه‌كان په‌لوپۆیانی هاویشت، له‌بیرتان نه‌چێت من ره‌گێكی له‌بیركراوبووم، هیچ نه‌بووم، ره‌گم له‌ناو ماڵه هه‌ژاره‌كانه، بۆنی هه‌ژاری چه‌ند خۆشه. له‌م دنیایه‌ی تیایدا ده‌ژیم پێم سه‌یره گوڵه نایلۆنێك ره‌گی هه‌بێت، بۆ نا هه‌موو ئه‌و وایه‌رانه‌ی به مایكه‌كانه‌وه به‌سترابوون، به ره‌گی خۆم ده‌زانی، ره‌گی من له‌ناو ده‌نگه‌كاندایه، وشه راسته‌قینه‌كان بۆنی ژیان ده‌گرن.
دوای چۆڵبوونی هۆڵه‌كه خه‌فه‌تێك به‌رۆكی گرتم، به ته‌نها مامه‌وه، درۆكان گوڵباران ده‌كران، گوڵی سوور… گوڵه باخ… درۆزنه‌كه‌ش كه باوكم بوو هیچی بۆ نه‌مابووه‌وه ته‌نها ده‌ست له‌سه‌ر سنگ، ده‌ست له‌سه‌ر سه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئاماده‌بواندا ده‌شكایه‌وه، هۆڵه‌كه چۆڵ بوو، ته‌نها كه‌سێك كه منی برده‌وه بۆ ماڵه‌وه پاسه‌وانی هۆڵه‌كه‌بوو.