رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کوردستانی نوێ:

كێشەی موڵكداری و ناسنامەی بەشێک لە کوردە فەیلییەکان چارەسەر نەكراوە

10:43 - 2024-07-16
دیدار
310 جار خوێندراوەتەوە

دیداری – تەها عەبدوڵڵا 


رابحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتیی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، تیشك دەخاتە سەر باروردۆخی كوردە فەیلییەکان لە بەغدا ‌و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست‌ و باشووری عیراق، رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر كوردی فەیلیدا هاتووە، كەچی هێشتا هەستی نەتەوەیی ‌و كوردایەتییان بەرزە ‌و هەوڵی پاراستنی زمان ‌و كەلتوری خۆیان دەدەن، بە پێویستیشی دەزانێ لە رێگای چالاك كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی لە بەغدا ‌و بەڕێوەچوونی خول ‌و چالاكی رۆشنبیری‌ و زمانەوانی، كار بۆ پاراستنی ناسنامەیان بكرێ.

سەرەتا لەبارەی ژمارەی كوردانی فەیلی لە بەغدا وتی: تا ئێستا ژمارەی كوردی فەیلی دانیشتووی بەغدا دیار نییە چەندە ‌و ئامارێكی راست ‌و دروست لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، كورد لە بەغدا هەبوون، بەشی زۆریشیان لە خێزانە دەوڵەمەند و خانەدانەكانی ئەو شارە بوون ‌و لە گەڕەكە گرانبەها و پێشكەوتووەكان ژیاون.
وتیشی: هەربەهۆی بەهێزیی پێگەی كوردی فەیلی لە بەغدا و بوونی توانایەكی باشی ئابوورییان، رژێمی لەناوچووی بەعس لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بەهۆكاری نەتەوەیی ‌و مەزهەبی، سیاسەتی تەرحیلی بەسەریاندا جێبەجێكردووە‌ و دەستی بەسەر موڵك‌ و سامانی گواستراوە‌ و نەگواستراوەیاندا گرتووە. 
لەو پرۆسەیەدا، سەدان گەنجی كوردی فەیلی زیندانی کران و لەسێدارە دران، دواتر خێزانەكانیان ئاوارەی دەرەوەی عیراق بەتایبەتی ئێران کران، تاكو ئێستاش بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە و روویان لە هەندەران كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەدوای پرۆسەی ئازادیی ساڵی 2003، بەشێكی زۆریان گەڕانەوە ناوچەكانیان، لەگەڵ ئەوەش تاكو ئێستا كێشەی موڵكداری و ناسنامەیان چارەسەر نەكراوە. 

رابحە حەمەد: لەگەڵ هەموو ئەوانەی بەسەر كوردی فەیلیدا لە بەغدا‌ و شوێنەكانی تردا هاتووە، بەڵام زۆربەیان پابەندن بە نەتەوەوە و هەستی نەتەوەیی زاڵە بەسەریاندا و هیچ هۆكارێك ناتوانێت ئاڕاستەیان بگۆڕێت

سەرۆك مام جەلال لە بەغدا، بەتایبەتی دوای بوونی بە سەرۆك كۆمار، بایەخی تایبەتی داوە بە كوردی فەیلی و نوسینگەی تایبەتی بەوان هەبوو كە عادل موراد بەڕێوەی دەبرد، هاوكات زۆربەی زۆری پاسەوانانی دوو لیواكەی سەرۆكایەتی كۆمار لە كوردی بەغدا پێكهاتبوون. 
روونیشیكردەوە: جگە لەبەغدا كە زۆربەی كوردەكانیان فەیلیین، بەشێك لە كوردانی خانەقین ‌و مەندەلی لەلایەن رژێمی بەعسەوە راگواسترانەوە بۆ بەغدا، ئەوانە هەرچەندە لەڕووی مەزهەبەوە شیعەن، بەڵام بەشێكیان خۆیان وەك فەیلی و هەندێكی تریان وەك عەشیرەت و ناوچەكانیان خۆیان دەناسێنن. 
هەروەها لە شاری كوت ژمارەیەكی زۆری كورد هەبوون لە رابردوودا، بەتایبەتی لە شارۆچكەی بەدرە و زورباتیە و جەسان، وەك مام جەلال لە وتارە مێژوویەكانی ناویان دەهێنێت ‌و تەئكید لەسەر كوردستانی بوونی ناوچەكانیان دەكاتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی و هۆكاری تری ئابووری و ژیان،  ئێستا ژمارەیان كەمترە.

فەیلییەکان بە پەرۆشەوە، هەستی نەتەویی خۆیان لە بۆنە کوردییەکاندا دەردەبڕن

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتیی باسی لەوەشكرد: بەشێك لە كوردی فەیلی كاریگەریی مەزهەبی بەسەریانەوە دیارە و زیاتر لەگەڵ پارتە شیعییە عیراقییەكان، وەك حزبی دەعوە و رەوتی حیكمە كار دەكەن و لە هەڵبژاردن دەنگیان بۆ دەدەن. هۆکارەکەشی زیاتر بۆ  بارودۆخی ژیان و بەرژەوەندییەكانیان دەگەڕێتەوە، کەوای کردووە بەشێکیان لەگەڵ ئەو حزبانەدا بن كە پێگە و دەسەڵاتیان هەیە لە عیراق بە گشتی و بەغدا بەتایبەتی.
نموونەی بەوەشهێنایەوە: لە پارێزگای كوت(واست) بۆ هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و نوێنەران كۆتای كوردی فەیلی بە یاسا چەسپێندراوە، بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنەكان، پارتە شیعییەكان نوێنەرێك لەژێر ناونیشانی كۆتای كوردی فەیلی سەردەخەن،  هەر ئەو بارودۆخەی  عیراق بەگشتی وایكردووە بەغدا بۆ لایەنە كوردییەكان زیاتر گۆڕەپانی سیاسی بێت نەك جەماوەری،  بۆیە كەمتر بایەخدراوە بە هەڵبژاردن لە بەغدا.

 

کوردی فەیلی، بەهۆی ستەمی رژێمی بەعسەوە قوربانیی زۆریان داوە 

رابحە حەمەد تیشكخی خستەسەر لایەنی زمان و ناسنامەی كوردی فەیلی لە بەغدا و وتی: لەگەڵ هەموو ئەوانەی بەسەر كوردانی فەیلیدا هاتووە لە بەغدا‌ و شوێنەكانی تر، بەڵام زۆربەیان پابەندن بە نەتەوە و هەستی نەتەوەیی زاڵە بەسەریاندا و هیچ هۆكارێك ناتوانێت ئاڕاستەیان بگۆڕێت.
روونیشیكردەوە: لەبەغدا زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە زمانی كوردی بكرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی بە هۆكاری جیاواز نەیانتوانیووە هەستی نەتەوەیی خۆیان بخەنەڕوو و منداڵەكانیان فێری زمانی دایك بكەن، بۆیە ئەوان هەموو ئامادەییەكیان تێدایە تا لە رێگای خولی جۆراوجۆرەوە، زمانی خۆیان بپارێزن.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەڕووی زمانەوە زۆربەیان كوردی دەزانن، بەڵام زاراوەی لوڕی و تایبەتی خۆیان دەزانن و كەمتر لە زاراوەکانی تری کوردی تێدەگەن، بۆیە هەندێكجار لە گفتۆگۆكردن پەنا دەبەنەبەر  زمانی عەرەبی، لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووی فێربوونی زمانی كوردی دەكەن، بۆ نموونە لە بارەگای مەڵبەندی بەغدا خولێكی زمانی كوردیمان رێکخست، دواتر داوای بەردەوامی خولی لەم جۆرەیان كرد بۆ فێربوونی زمانی كوردی. 
وتیشی: هەرپەیوەست بەو بابەتە لە وەزارەتی پەوەردەی عیراق بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی هەیە، بەڵام بەڕێوەبەرە گشتییەكە رۆڵی خراپی بینیووە لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیدا، بەجۆرێک نەوەک خزمەتی بەزمانی كوردی نەكردووە، بەڵكو زیانیشی پێگەیاندووە. بۆیە دەتوانرێت لە رێگەی باش ئیدارەدانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە كاریگەریی زمانی كوردی لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دروست بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان