ئه‌سعه‌د عه‌زیز محه‌مه‌د
شه‌هره‌زاد ئه‌و به‌یانییه پێش هه‌ڵهاتنی گزنگی خۆر به‌بیستنی ده‌نگی قووقه‌ی كه‌ڵه‌شێر له خه‌وێكی زۆر قووڵ به‌ئاگا هاته‌وه، به خه‌به‌رهاتنی بووه هۆی پچڕانی دیمه‌نی خه‌ونه‌كه، به‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی په‌رده‌ی كۆتایی خه‌ونه‌كه دابخرێت نمایشه‌كه كۆتایی بێت. ده‌نگی كه‌ڵه‌بابه‌كه زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی گاڵته‌ئامێزی هێنایه سه‌ر لێوی. وه‌ك جاران له ناخه‌وه ده‌گه‌ڵ خۆی كه‌وته دواندن به‌خۆی گوت « به‌درێژایی هه‌زار و یه‌كشه‌و هاوكات ده‌گه‌ڵ قووقه‌ی كه‌ڵه‌شێردا خه‌وم لێده‌كه‌وت. وا ئه‌م به‌یانییه ده‌نگ و سه‌دای كه‌ڵه‌شێر به‌خه‌به‌رم دێنێت.» له‌وه‌ته‌ی چیرۆكه‌كه‌ی ته‌واوبووه، خه‌م و په‌ژاره دایگرتووه، نیگه‌رانی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ په‌لكێشی كردووه. هه‌وڵیده‌دا خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه نوێیه‌دا بگونجێنێت، له‌سه‌ر ریتمی ئه‌و رۆژانه بژێت كه چیرۆكی هه‌زار و یه‌كشه‌وه كۆتایی هاتووه، كاره‌كه‌ی بێ‌سود بوو، هیچ كات نه‌یده‌توانی ژیانێكی ئاسایی رۆژانه ده‌ست پێبكاته‌وه، كه‌سێكی هاونشینی شه‌و بوو، كه‌سێك بوو له باوه‌شی تاریكی و له‌سه‌ر نوێنی پاشا شه‌هریار چیرۆكه‌كانی سه‌ندیبادی ده‌ریایی و عه‌لی بابا و عه‌لادین و چرا ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی ده‌گێڕایه‌وه. دڵته‌نگی و خه‌مباری و بێ ئومێدی شه‌هره‌زاد تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو، ره‌نگ به‌ڕوویه‌وه نه‌مابوو، به‌خێرایی ئه‌وه به‌بیركردنه‌وه‌یدا تێپه‌ڕی هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ی به‌درێژایی هه‌زار و یه‌كشه‌و بۆ پاشای گێڕایه‌وه كه‌وتۆته سه‌ر زاری هه‌موو خه‌ڵكی به‌ڵام چیرۆكی راسته‌قینه‌ی ئه‌و بۆ هه‌تا هه‌تایه شاردراوه‌ته‌وه و هیچ كه‌س نایگێڕێته‌وه. نه‌یده‌زانی چ رێگه‌یه‌ك بگرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ی خۆی بگێڕێته‌وه.
له سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كاندا هه‌ندێ كلیله وشه یاخود كۆدی به‌كارهێنا له سه‌ره‌تای حیكایه‌تێكیدا وتی» من بووم به‌هۆی ئه‌وه‌ی مێینه‌ی ئه‌م مه‌ملكه‌ته شه‌و به‌ئارامی بنوێت به‌ڵام خۆم ده‌بێت شه‌ونخونی بكێشم و نه‌خه‌وم.» له دوای گێڕانه‌وه‌ی چه‌ندین سه‌رگوزشته‌ی چیرۆكی تر له ده‌ستپێكی چیرۆكێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت»زۆر ره‌نجم دا و هه‌وڵی بێوچانم دا تا بتوانم كچانی ئه‌م شاره ئاسووده بكه‌م و دڵیان خۆش بكه‌م كه‌چی شكستم هێنا و نه‌متوانی تۆزقاڵێ دڵی خۆم خۆش بكه‌م.» یاخود شه‌وێكیان چیرۆكێكی زۆر خه‌مباری بۆ شازاده ده‌گێڕایه‌وه، به‌سه‌رهاتی كچێكی خه‌مبار و دڵته‌نگ و نامراد بوو، حیكایه‌تێكی زۆر درێژ و خه‌ماوی بوو. له كۆتایی ئه‌وشه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ گزنگی به‌یاندا كه‌ڵه‌شێره‌كه قووقانی و ئه‌ویش وتی « پاشای زانا و شاره‌زا، له‌دڵ و ناخم بێ ئاگا، كۆتایی چیرۆكم ئه‌م شه‌و، وه‌ك من كچێكی دڵ سووتاو، به‌جێماوه له هه‌وار، بووه قوربانی كچانی شار.
چاوه‌ڕوان به تا سبه‌ی شه‌و، تۆش ده‌سپێرم به‌خه‌و.» رۆژێك له دوای هه‌زار و یه‌كشه‌و كاره‌كته‌ره‌كانی نێو چیرۆكی هه‌زار و یه‌كشه‌و له نێو كوچه‌وكۆڵان و گه‌ڕه‌ك و بازاڕی شاردا وێنا ده‌كران و نمایش ده‌كران سه‌ركێشییه‌كانی سه‌ندیبادی ده‌ریایی ببووه جێگه‌ی باس و خواستی خه‌ڵك، له دوای ئه‌و چیرۆكه‌وه چه‌ندین بازرگانی ناوداری شار خۆی به‌سه‌ندیباد هاته پێش چاو سواری كه‌شتییه‌كان بوون و گه‌شتی ده‌ریاییان كرد و هه‌ندێكیان تا ئێستاش هیچ كه‌س ده‌نگ و باسیان نازانێت ئایا له ژیاندا ماون و له‌ناو دنیادا بزربوون یان ده‌ریای بێ بن هه‌ڵیلووشیون و ژیانییان كۆتایی هاتووه. له ناوه‌ڕۆكی هه‌زار و یه‌كشه‌ودا ئه‌وه‌نده باس له سیحر و جادوو و سیحری شین و سیحری ره‌ش كراوه، باس له رۆڵی سیحرباز كراوه. پاش حیكایه‌ته‌كانی هه‌زار و یه‌كشه‌و شه‌پۆلێكی كاری سیحر و جادوو له هه‌موو شاردا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، چه‌ندین ساحیری گه‌وره له مه‌مله‌كه‌ت په‌یدابوون، بارودۆخ و ره‌وشی سه‌قامگیریی ئاسایش و ئارامی شار خه‌ریك بوو له ده‌ست ده‌ربچێت. بۆ به‌رهه‌ڵستی كردنی ئه‌و دۆخه فه‌رمانێكی پاشایی له كۆشكه‌وه ده‌ركرا به قه‌ده‌غه‌كردنی كاری سیحربازی له هه‌موو مه‌مله‌كه‌ت ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و هێمنی بۆ دانیشتوانی شار و به‌رقه‌راربوونی ئاسایش. بازاڕی باڵنده فرۆشه‌كان بۆ سه‌رنجڕاكێشانی كڕیاره‌كانیان ناوی چه‌ندین توتییان به ناوی یاسه‌مین توتییه‌كه‌ی سندیباده‌وه نابوو.
هه‌ركه‌س له به‌غدا تووشی زیانێكی گه‌وره بهاتایه و بكه‌وتایه سه‌رساجی عه‌لی ده‌یانوت « وه‌ك عه‌لی شار» ی به‌سه‌ردا هاتووه كه پاڵه‌وانی حیكایه‌تێكی هه‌زار و یه‌كشه‌و بوو. رۆژێك پاش هه‌زار و یه‌كشه‌و جه‌عفه‌ر باوكی شه‌هره‌زاد كچه‌كه‌ی بینی ره‌نگی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕابوو، چاوی له قووڵاییدا بوو، زۆر خه‌مبار و ماندوو دیاربوو، روخساری ئه‌وه‌ی ده‌رده‌خست كه نه‌خۆشه لێی پرسی»كچم ئه‌وه چیته؟ بۆچی وات به سه‌رهاتوه؟ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیت، پزیشكت بۆ دێنم.
ئه‌گه‌ر خه‌مێك له دڵتدایه بۆ باوكتی باسبكه. بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك به دیقه‌ته‌وه روانییه چاوی باوكی، دۆش دامابوو، له نێو بیلبیله‌ی دیده‌ی باوكی‌دا هه‌ستی به ترسێكی سامناك كرد، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر زوو له‌وه په‌شیمان بووه‌وه كه هه‌رچی له دڵیدایه بۆ باوكی بگێڕێته‌وه. هیچ شتێكی باس نه‌كرد، به ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی به باوكی گوت « هیچی نییه، ته‌نها كه‌مێك ماندووه و پێویستی به حه‌سانه‌وه‌یه.» له دوای ئه‌و دیداره ئیتر جه‌عفه‌ر چاوی به‌كچه‌كه‌ی نه‌كه‌وته‌وه، نه‌یده‌زانی ئه‌وه دوایه‌كتر بینینی نێوانیانه، دوای ئه‌و رۆژه ده‌یه‌هاجار له‌ناخه‌وه به‌خۆی ده‌گوت» خۆزگه ئه‌و كاته فشارم بخستایه سه‌ری بۆئه‌وه‌ی بزانم ئه‌م كچه بۆ واپه‌رێشان و خه‌مبار و ده‌رده‌داره.
رۆژێك له‌كاتی خۆرهه‌ڵهاتنه‌وه تاوه‌كو خۆر ئاوابوون هه‌واڵی دیار نه‌مانی شه‌هره‌زاد بووه چیرۆكێك و ده‌م به ده‌م ده‌یان گێڕایه‌وه، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی چیرۆكه‌كه‌یان باس ده‌كرد ته‌نها خاڵ هه‌مووی له‌سه‌ری كۆك بوون دیار نه‌مانی شه‌هره‌زاد بوو. هه‌رشتێكیان بۆ زیاد بكردایه ئه‌وه له داڕشتن و هه‌ڵبه‌ستنی خودی خۆیان بوو هیچ بنه‌ماییه‌كی راسته‌قینه‌ی نه‌بوو.
به‌چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر هۆكاری نه‌مانی شه‌هره‌زاد باس ده‌كرا، یه‌كێك ده‌یوت» شه‌هره‌زاد له مێژه‌وه عاشقی شا زه‌مان پاشای هه‌رێمی فارس بوو كه ده‌كاته برای شه‌هریار، له دوای ته‌واو بوونی هه‌زار و یه‌كشه‌و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت به‌ره‌و لای شازه‌مان رۆیشت.» هه‌ندێكی تر ئه‌وانه‌ی دوژمنی سه‌رسه‌ختی خانه‌واده‌ی پاشا بوون باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه شه‌هریاری خوێنمژ خۆی شه‌هره‌زادی هاوشێوه‌ی كچانیتر كوشتووه. هه‌ندێ كه‌س باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ساحیره‌كان وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه له شه‌هریار ئه‌ویان رفاندووه، هه‌ر شه‌وێكی نێو هه‌زار و یه‌كشه‌و سه‌دان جار ده‌یانگێڕایه‌وه، به‌ڵام چیرۆكی شه‌هره‌زاد ته‌نها یه‌ك رۆژبووه باسی خه‌ڵك و له باوه‌شی تاریكی شه‌ودا باسه‌كه كڵۆمدراو ئیتر دۆسێكه داخرا. شه‌هره‌زاد به‌سه‌رهات و سه‌رگوزشته‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی شار و مه‌مله‌كه‌تی كرده چیرۆك و له بیره‌وه‌ری هه‌موو خه‌ڵك هێشتییه‌وه ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه ئێمه زۆر زوو چیرۆكی ئه‌ومان له‌بیر خۆمان برده‌وه و دۆسێیه‌كه‌مان بۆ هه‌تا هه‌تایی كۆتایی پێهێنا، دامان خست.