بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێکران، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان و گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندیی یەکێتیی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی حوکمڕانی پێویستیان بە گۆڕانکارییە، هەڵبژاردنیش باشترین بژاردەیە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و پاراستنی مافی هەموو لایەک. بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی پڕۆسەکە، لێدانە لە خواستی خەڵک و زیانگەیاندنە بە هەرێمەکەمان.
لەبارەی ئیدارەی خۆجێیی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە، سەرۆک بافڵ جەختی لە خێراترکردنی هەنگاوەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کردەوە و رایگەیاند، هیوادارین هەنگاوەکان لە خزمەت خەڵک و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیاندابن، مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت و ئیرادەی دەنگدەران پشتگوێ نەخرێت، بەپێچەوانەوە بەتوندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە مافی دەنگدەران و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێشێل بکات. دڵنیایی دەدەینە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان کە سازش لە مافەکانیان ناکەین و رێگەنادەین چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر ببرێت.
یەکخستنەوەی ماڵی کورد و ئاستەنگییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکەبوو، سەرۆک بافڵ خواستی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە و راشیگەیاند، یەکڕیزی و یەکگرتووییمان زامنی بەهێزی و مانەوەمان دەکات، بۆیە هەمیشە دەرگای گفتوگۆ و کاری هاوبەشمان کراوەبووە و پێشوازیمان لە هەر هەوڵێک کردووە کە ئامانجەکەی خزمەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بووبێت. ئامانجی ئێمە روونە و لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان هەموو سازشێک دەکەین، ژیانی خەڵکەکەمان لەسەروو هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەنگاوێکیش دەنێین لەو پێناوەدا.