ئا: هێدی گەڵاڵی
له سنووری قه‌زای مه‌خموور و ناحییه‌كانی كه‌ندێناوه و باقرته و گوێڕ و ده‌شتی شه‌مامك، زۆرێك له شوێنه‌واری كۆن هه‌ن، له‌نێوان هه‌ردوو ئیداره‌ی هه‌رێم و عیراق په‌راوێز خراون، به‌شێكیان مێژووی دروستبوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی ساسانی و رۆمانی و عوسمانییه‌كان، وه‌ك مێژوونووسان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، مانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی سنووره‌كه به‌و جۆره مه‌ترسی له‌ناوچوون و شێواندنی زیاتری هه‌یه.
عه‌باس نادر، نووسه‌ری بواری مێژوو و كه‌لتور و شاره‌زا له مێژوو و جوگرافیای سنووره‌كه به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ناوه‌ندی مه‌خمور شوێنی كه‌له‌پوور و شوێنه‌واری زۆری هه‌یه، به‌و پێیه‌ی شارۆچكه‌ی مه‌خمور و ناحیه‌ی باقڕته، به‌ر له هاتنی له‌شكری عه‌ره‌بی ئیسلام ناویان هاتووه، له سنووری مه‌خموور و ده‌ورووبه‌ریدا شوێنه‌واری زۆر هه‌ن له‌وانه، قشڵه‌ی مه‌خموور كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ندی شاره‌كه، بینایه‌كی دوو نهۆمی شێوه لاكێشه‌ییه، رووبه‌ره‌كه‌ی 888 مەتر 2 یە له ساڵی 1907 له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان له‌به‌رد و گه‌چ و قسڵ دروستكراوه، ئه‌و كات وه‌ك بنكه و شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ سه‌ربازه‌كانیان به‌كارده‌هات.
ئاوی بن به‌رد، یه‌كێكی تره له شوێنه‌واره گرنگه‌كانی مه‌خمور، كانییه‌ك بوو له دامێنی چیای قه‌ره‌چوخ، كاتی خۆی بۆ چاندنی سه‌وزایی و كاری كشتوكاڵی و وه‌ك ئاوی خواردنه‌وه‌ش بۆ مه‌ڕ و ماڵاته‌كانیان به‌كارهێنراوه.
عوسمانییه‌كان كاتی خۆی خانوویەكیان به به‌رزی 2 مه‌تر له‌سه‌ر كانی ئاوی بن به‌رد دروستكردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا هه‌م خه‌ریكه ئاسه‌واری خانووه‌كه نه‌مێنێت و هه‌م كانییه‌كه‌ش وشكبووه، به‌جۆرێك ئه‌و شوێنه‌واره به ته‌واوی فه‌رامۆشكراوه!.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: قه‌ڵای مه‌خمور، ئێستا ته‌نیا ئاسه‌واره‌كه‌ی ماوه، یه‌كێكی دیكه‌یه له شوێنه‌واری ناوچه‌كه، به‌دووریی یه‌ك كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته رۆژئاوای قه‌زاكه، ئه‌ویش مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، كاتی خۆی برایم ئاغای بایز ئاغا، وه‌ك بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ پاراستنی مه‌خمور له هێرشی عه‌ره‌به كۆچه‌رییه‌كان به‌كاریهێناوه.
ئه‌و مێژوونووسه باسی له‌چه‌ند شوێنه‌وارێكی دیكه‌ی سنووره‌كه كرد و وتی: شوێنه‌واری گۆڕستانی داوده‌ڕه‌ش، گردێكی گه‌وره‌ی شوێنه‌وارییه و كراوه‌ته گۆڕستان، كه‌وتۆته گه‌ڕه‌كی حه‌سه‌ن ئاغا له ناوه‌ندی ناحیه‌ی دیبه‌گه. شوێنێكی پانتا فراوانی تێدایه، گۆڕێكی گه‌وره‌ی به‌ناوی داوده‌ڕه‌شی لێیه و خه‌ڵكی سنووره‌كه به شوێنێكی پیرۆز ناوی ده‌به‌ن. جگه له‌و گۆڕه له نزیكیدا گۆڕی دیكه‌ی زۆر هه‌ن.
پێش ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناحیه‌ی كه‌ندێناوه ئه‌و گۆڕستانه بوونی هه‌بووه، واتا 200 ساڵ پێش ئێستا، هه‌ر له ناحیه‌ی دیبه‌گه گردی سه‌لكانی هه‌یه، ئه‌ویش گردێكی ئاساییه پڕه له ئاسه‌وار و پاشماوه‌ی كه‌لله سه‌ری مرۆڤ، ده‌كه‌وێته نێوان ناحیه‌ی دیبه‌گه و گوندی كاریتان.
ئه‌و نووسه‌ره كه شاره‌زای مێژووی سنووره‌كه‌یه ده‌شڵێت: كاوله كه‌ندار، یه‌كێكی تره له شوێنه‌واره كۆنه‌كانی نزیك ناحیه‌ی دیبه‌گه له ئاقاری گوندی كه‌ندار و یارمچه‌ی ئێستا، پێش هاتنی له‌شكری عه‌ره‌بی ئیسلام شاربووه، به‌ساڵاچووه‌كانی ئه‌و سنووره ده‌یانگوت كه‌ندار شارگه بووه، واته شارێكی بازرگانی بووه له‌سه‌رده‌می ساسانی و رۆمانییه‌كان شوێنی گۆڕینه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی بازرگانی بووه له‌نێوان ئه‌و دوو ئیمپراتۆریه‌ته.
وتیشی: ئاشی با، یه‌كێكی تره له‌و شوێنه‌وارانه‌ی سه‌ر چیای قه‌ره‌چووخ، گوایه به‌هێزی با كاری كردووه و مێژووه‌كه‌ی بۆ زیاتر له هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌كه‌وێته نێوان گوندی گاوه‌ره و خدرجیجه، ئێستا چاڵێكه پڕ له‌به‌رد كراوه، به‌داخه‌وه ئه‌ویش وێرانكراوه و زۆربه‌ی به‌رده‌كانیشیان بردووه و به‌سه‌ریه‌كدا رووخاندوویانه.
هه‌روه‌ك باسی ده‌كات قه‌ڵای عه‌وێنه و قه‌سری شه‌مامكێ و ده‌یان شوێنی شوێنه‌واری و كه‌له‌پووری له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، وه‌ك قشڵه‌ی گوێڕ و گۆڕستانی سه‌ید عوبێد و گردی چه‌ڵتووك و كلكه‌ی داره بزماره و كلكه‌ی قه‌ره‌بۆتك و بازاڕگه و كه‌ركێ حوسێنێ غازی و مه‌خموره گچكه‌له و هه‌وێزه خڕه و بیری مه‌حمودی سه‌نان و گردی هێسكان و فه‌قێیان و شاخاو و عه‌مباراو و شاخه باریكه و كه‌ندێ كۆتران و هه‌نجبرۆك و تك تكۆك و قه‌سران و ده‌رماناوه و كۆده‌ره و قوڕه‌به‌گ.
كه‌یفی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: به‌پێی یاسای شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێ پرۆسه‌ی كنه و پشكنین ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و سنووره ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ره و جێ ناكۆكه، بۆیه ئێمه ناتوانین به ته‌نیا به‌و كاره هه‌ستین.
وتیشی: كاركردن له شوێنه‌واره‌كانی ئه‌و سنووره پێویستی به ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عیراقه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت ئیداره‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، به‌تایبه‌تیش قائیمقامی مه‌خمور به ئاگاداری و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری موسڵ كاری پێویست بكه‌ن.