رەوەند مەلا مەحمود: یەكێتی، زۆرترین دەنگی پارێزگاكەیە و پارێزگار ئیستحقاقی خۆمانە

11:54 - 2024-07-22
کوردستان
215 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد


دوێنێ لە كەركوك، لەسەر داوای كۆمەڵی دادگەریی، حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوە. لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: هەموو لایەنەكانی نێو كۆبوونەوەكە كۆكن كە ئەو پۆستە بۆ كورد بێت. وتیشی: وەك یەكێتی ئەو پۆستە بە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین، بەوپێیەی زۆرترین دەنگی پارێزگاكەمان بەدەستهێناوە. بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی دادگەریش دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە لایەنە براوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرا بەزوویی حكومەتی خۆجێیی كەركوك پێكبهێنن.
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: هەموو لایەنە براوەكانی پارێزگای كەركوك لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە رێكەوتن لەسەر پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و جێگرەكانی و پارێزگاری شارەكە، لەگەڵ سەرجەم ئەو پۆستانەی كە پێویستە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، بۆ ئەوەش لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەنجومەنی شارەكە كۆبوونەوەی دووەمی خۆی بكات و كێشەكان چارەسەربكرێن. وتیشی: گفتوگۆكان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ناو پێشكەش بكرێت بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام هەموو لایەنەكان پێیانوایە ئەو پۆستە بۆ كورد بێت، ئێمەش وەك یەكێتی پۆستی پارێزگار بە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین و خاوەنی زۆرترین دەنگی شارەكەین.
هەر سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، محەمەد سۆران بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا پرس ‌و مەترسییەكانی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی كەركوك باس كرا كە بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت ‌و دەبێت كورد لەو پرۆسەیەدا بەشداربێت ‌و نەبێتە كەمینە لە شارەكەدا، چونكە مەترسی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیا و كەلتور و ئایندەی شارەكە دەبێت. هەروەها مەترسییەكانی هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ شارەكە یەكێكی تر بوو لە تەوەرەكان.

#کەرکوک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان