په‌رینووش سه‌نیعی یه‌كێكه له ژنه رۆماننووسه‌كانی ئێران، تێمای به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره زۆرتر باس و خواسی ژن و چیرۆكی ژنه. په‌رینووس چوار رۆمانی نووسیوه، ئه‌م رۆمانانه بۆ چه‌ند زمانێكی دنیا وه‌رگێڕدراون. رووناك شوانی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ سیان له رۆمانه‌كانی ئه‌م خانمه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. كه بریتین له «به‌شی من، باوكی ئه‌و، ئه‌وانی رۆیشتن و ئه‌وانی مانه‌وه.» له‌م دیداره‌دا خاتوو رووناك له‌باره‌ی ئه‌زموونی په‌رینووش سه‌نیعییه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌دوێ و له‌باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌م نووسه‌ره قسان ده‌كات.
*ئه‌گه‌ر بكرێت كورته‌یه‌ك له ژیان و چالاكی ئه‌ده‌بی په‌رینووش سه‌نیعیمان بۆ باس بكه‌یت؟
–خانمه نووسه‌ری ئێرانی په‌رینووش سه‌نیعی له ساڵی 1949 له تاران له دایكبووه، له ره‌چه‌ڵه‌كدا خه‌ڵكی ناوچه‌ی دیزفولی باشووری رۆژئاوای ئێرانه. هه‌رچه‌نده له قۆناغی ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌ی خوێندووه و ئاشنای دنیا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ئه‌ده‌بی ئێران بووه، به‌ڵام له زانكۆ له به‌شی ده‌روونناسی درێژه‌ی به‌خویندن داوه و له‌و بواره‌دا بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناوه. پاشان له دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ییدا وه‌كو كارگێڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونناس ئیشی كردووه، هه‌روه‌كو تێبینی ده‌كرێت ئه‌زموون و پسپۆڕیی كاره‌كه‌ی له رۆمانه‌كانیدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو رۆمانی(به‌شی من و باوكی ئه‌و)دا. په‌رینووش چه‌ند ساڵێكه نیشتمانی خۆی به‌جێهێشتووه و ئێستا له كالیفۆرنیای، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ژی. به‌گوته‌ی خۆی هیچ به‌رهه‌مێكی نوێی له‌به‌رده‌ستدا نییه و رۆمانی (ئه‌وانی رۆیشتن و ئه‌وانی مانه‌وه) چواره‌مین و دوا رۆمانێتی، كه تاوه‌كو ئێستاش به زمانی فارسی چاپ نه‌كراوه، له كاتێكدا وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانه‌كانی نه‌رویجی و رۆمانی و منیش وه‌رمگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، كه به فۆرمی پی دی ئێف بۆی ناردم. نووسه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت، رۆمانه‌كه له كاتی خۆیدا چێژ و كاریگه‌ریی هه‌بوو، بۆیه چیتر پێم خۆش نه‌بوو به فارسی بڵاوببێته‌وه.
*كتێبه‌كانی بۆ چه‌ند زمان وه‌رگێڕدراون؟
–په‌رینووش نووسه‌رێكی پڕ به‌رهه‌م نییه، ته‌نها چوار رۆمانی نووسیوه و نێوبانگێكی باشی پێ په‌یدا كردووه ( به‌شی من) كه نۆبه‌ره رۆمانییه‌تی بۆ سه‌ر21 زمان وه‌رگێڕدراوه. له 2010 پاش ئه‌وه‌ی بۆ زمانی ئیتالیایی پاچڤه‌كرا وه‌كو باشترین رۆمانی ژن خه‌ڵاتی پیكاچۆی پێ به‌خشرا، له ساڵی 2015 له ئیسپانیا خه‌ڵاتی باشترین كتیبی ساڵ، واتا خه‌ڵاتی سباستیانی به‌ده‌ستهێنا.
هێنده‌ی ئاگادار بم رۆمانی (باوكی ئه‌و) جگه له زمانی كوردی بۆ زمانه‌كانی ئینگلیزی، سویدی، ئازه‌ری و توركی وه‌رگێڕدراوه.
سه‌باره‌ت به رۆمانی (ئازاری پێكه‌وه‌لكان) كه سێیه‌مین رۆمانی په‌رینووشه، باسی ژیانی دوو كچه جمكه‌سیامییه‌كه، واتا پێكه‌وه لكاوه‌كه‌ی (لاله و لادن) ده‌كات. ئه‌م رۆمانه پاش چاپی یه‌كه‌می له‌سه‌ر داوای په‌رینووش چیتر چاپ و بڵاونه‌كرایه‌وه. چواره‌مین رۆمان له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژه‌م پێداوه، كه جگه له زمانی كوردی بۆ زمانه‌كانی نه‌رویجی و رۆمانیش وه‌رگێڕدراوه.
*له رۆمانه‌كانیدا زیاتر قسه له‌سه‌ر چی ده‌كات؟
–هه‌روه‌كو ده‌زانین ژینگه‌ی كار و شوێنی ژیان كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤێك هه‌یه، به‌تایبه‌تیش نووسه‌ر، له‌و سۆنگه‌یه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی په‌رینووش پتر له ده‌وروبه‌ری بابه‌تی ده‌روونناسی و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌خولێنه‌وه، شیكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كات، له فایل و چه‌كمه‌جه‌ی نووسینگه‌كه‌ی ده‌یانهێنێته‌ده‌ر و له چوارچێوه‌ی رۆمان‌دا بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه. خانمی نووسه‌ر له چاوپێكه‌تنێكدا باسی رۆمانی به‌شی من ده‌كات و ده‌ڵێت»هه‌لومه‌رجی كاره‌كه‌م پێویستی به‌نووسینه‌وه‌ی راپۆرتی رۆژانه سه‌باره‌ت به‌لێكۆڵینه‌وه‌كانم ده‌كرد، منیش دواتر ئه‌نجامه‌كه‌م له شێوه‌ی بابه‌ت له هه‌ندی گۆڤار و رۆژنامه‌دا بڵاوده‌كردنه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه رۆژێك له رۆژان بیانكه‌م به رۆمان و منیش ببم به رۆماننووس. له راستییدا رۆمانی به‌شی من له سه‌ره‌تادا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بوو سه‌باره‌ت به نه‌وه‌یه‌ك له ژنانی ئێران، كه به‌هۆی بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاته‌وه به‌ڕاده‌یه‌ك چه‌وساوه، بێ ماف و په‌راوێزخراوبوون، بگره كۆمه‌ڵگه‌ش له یادی كردبوون و قوربانیدان و له‌خۆبرده‌ییانمان به ئه‌رك ده‌زانی، دیاره چیرۆكی زۆرێك له‌و ژنانه‌شم له‌به‌رده‌ستدا بوون و به بۆچوونی من خستنه‌ڕووی هه‌لومه‌رجی ژیانی ئه‌و ژنانه ده‌یتوانی ده‌رگا له‌سه‌ر گه‌لێك پرسیار سه‌باره‌ت به سایكۆلۆژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكاته‌وه. دواتر له خۆم پرسی، چۆن بتوانم ئه‌نجامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له به‌رهه‌مێكدا به كۆمه‌ڵگه بناسێنم، كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌وی كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌بێت؟ بۆیه بڕیارمدا له چوارچێوه‌ی رۆمان‌دا به‌هاوكاری چه‌ند هاوكارێكم و كتێبخانه‌ی شاره‌كه‌م ئه‌و رۆمانه بنووسمه‌وه« ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێ، كه په‌رینووش ده‌روونناسه. له رۆمانی دووه‌م و سێیه‌مییدا شیكارییه‌كی ده‌روونی یه‌ك به‌یه‌كی كاره‌كته‌ره‌كانمان به‌رچاو ده‌كه‌وێ.
*وه‌ك جه‌نابت له وه‌رگێڕانه‌كانتدا بۆت ده‌ركه‌وتووه شێوازی نووسینی ئه‌م ژنه چۆنه؟ تایبه‌ت و تازه‌یه یان ته‌قلیدییه؟
–شێوازی نووسینی په‌رینووش له رۆمان‌دا تا راده‌یه‌ك ساده و بێگرێ و گۆڵه، بگره زمانی نووسینیشی زمانێكی ساده‌ی نێو خه‌ڵكه و هه‌موو كه‌سێ ده‌توانێ بیخوینێته‌وه و لێی تێبگات. به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی ناوه‌ڕۆك و فراوانی خه‌یاڵ، داڕشتنی ئه‌ده‌بی، ده‌ستپێك، ئاراسته‌كردنی رووداوه‌كان، پێكه‌وه گرێدانیان و له كۆتاییدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌ڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات، كه به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی ئیڤێنتی داهاتووه و ئه‌نجامه‌كه‌ی ببێ.
*بۆچی زیاتر رۆمانه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره وه‌رده‌گێڕی؟
– له‌ڕاستییدا جگه له رۆمانی (به‌شی من) كه خۆم هه‌ڵمبژارد، وه‌رگێڕانی هه‌ردوو رۆمانی (باوكی ئه‌و) و (ئه‌وانی رۆیشتن و ئه‌وانی مانه‌وه) له‌سه‌ر پێشنیازی خودی نووسه‌ر بوو، دیاره پاش ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كانم خوێندنه‌وه و به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم، كه ده‌قی جوانن و په‌یامی گرنگ و بنیاتنه‌ریان تێدایه، پاشان بڕیاری وه‌رگیڕانیانم دا. پێموایه لای خوێنه‌ران جێگه‌یان گرت و دوو رۆمانی یه‌كه‌م چه‌ندین جار چاپ كرانه‌وه. ئه‌گینا له نێوان وه‌رگێڕانی رۆمانه‌كانی سه‌نیعی و پاش ئه‌وانه‌ش چه‌ندین وه‌رگێڕانی دیكه‌م هه‌ن.
* په‌یامه‌كانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تا چه‌ند گرنگن؟
– له‌ڕاستییدا په‌یامی نێو رۆمانه‌كانی سه‌نیعی هانده‌ری یه‌كه‌مم بوون بۆ وه‌رگێڕانیان. بۆ نموونه، له رۆمانی باوكی ئه‌ودا، شه‌هاب منداڵێكی ئاساییه و ته‌نها كێشه‌ی زمانگیرانی هه‌یه، به‌ڵام كه‌سوكار و ده‌وروبه‌ر لێی ده‌كه‌ن به‌گرێی ده‌روونی، سه‌ره‌نجام منداڵێكی شه‌رمێونی لێده‌رده‌چێ و له قسه‌كردن مان ده‌گرێ. وه‌كو ده‌زانین له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان، مرۆڤی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، یان گه‌ر كه‌سێ نوقسانییه‌كی جه‌سته‌یی هه‌بێ به‌چاوێكی كه‌متر لێی ده‌ڕوانرێ، بگره جاری وا هه‌یه سووكایه‌تیشی پێده‌كرێ، ده‌توانم ناوی ده‌یان كه‌ستان بۆ بژمێرم نوقسانییه‌كه‌یان وای كردووه به‌كه‌م سه‌یر ده‌كرێن وه‌كو (كوێر، شه‌ل، گۆج و هتد…) به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستن به‌ڵكو له ژیانی رۆژانه‌دا به‌ربه‌ست و كێشه‌یان بۆ دروستده‌كه‌ن، رێگه‌ی گه‌شه‌كردن و خۆپێگه‌یاندنیان بۆ دابین ناكه‌ن، دیاره سیستمی په‌روه‌رده و كاركردنیش ده‌رفه‌تی ئه‌وتۆیان بۆ ناڕه‌خسێنن. له‌ولاوه ژنێكی ژیر له ژووره ته‌نگه‌كه‌ی شه‌هابه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌كی له رووی ژیان بۆ واڵا ده‌كات. ناته‌ندروستی په‌روه‌رده‌ی خێزانیی و جیاكاری نێوان منداڵان له خێزاندا كێشه‌گه‌لی بنه‌ڕه‌تی و چاره‌سه‌رنه‌كراوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شن و ئه‌م رۆمانه ده‌ستی بۆ ده‌بات. رۆمانی به‌شی من، كه چیرۆكی هه‌زاران ژنی كوردیشه، په‌یامی تێكۆشانی نه‌پساوه‌ی كیژێك، دایكێك و ژنێكی ته‌نیامان، له پێناوی بوون و سه‌لماندنی خوددا پێده‌گه‌یه‌نێ. بۆیه خه‌ڵاتی باشترین رۆمانی ژنی پێ به‌خشرا. گه‌ر له دێڕه‌كانی رۆمانی ئه‌وانی رۆیشتن و ئه‌وانی مانه‌وه وردبینه‌وه، كێشه و لێكنه‌گه‌یشتنی هه‌نده‌راننشین و كه‌سوكاری وڵات نشینمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات، سه‌ره‌ڕای نه‌هامه‌تی و ئازاره‌كانی غوربه‌ت، لاپه‌ڕه‌كانی بیره‌وه‌رییه تاڵه‌كان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و تاوتۆی مه‌وداكانی بیركردنه‌وه له نێوان هه‌ردووبه‌ره‌ددا ده‌كه‌ن. په‌رینووش هه‌روه‌كو له پێشه‌كی رۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێداوه، له‌م رۆمانه په‌یامی لێكنزیككردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو به‌ره‌یه و به هاووڵاتی ناساندنی هه‌نده‌راننشینان و نه‌وه‌كانیانی پێیه. پێموایه گه‌ر ئه‌مڕۆش هه‌ست به‌م كێشه قووڵه‌ی كوردی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌كرێ، چه‌ند ساڵێكی تر زۆرێكمان له‌و كێشانه به‌رگوێ ده‌كه‌ون.