وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رایدەگەیەنێت: ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئاڕاستەی هەردوو دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عیراق دەكەن، ئاماژە بەوەشدەكات ناوەڕاستی مانگی داهاتوو قۆناغی تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و كاندیدەكان دەستپێدەكات.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق، قۆناغی وردبینی لە ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێكراوە، كە ژمارەیان 1196 كەسە، دواتر ئەو ناوانە ئاڕاستەی هەردوو دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان و عیراق دەكرێت، بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی هیچ دۆسێیەكی گەندەڵی لەسەریان، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابین كە هیچ تاوانێكیان لەسەر نییە، ناوی كاندیدەكان پێشكەش بە بەڵگەی تاوانەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و بەغدا دەكرێن، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو لایەنی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ لە 15 رۆژدا وەڵامی كۆمسیۆن بدەنەوە.
وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای قۆناغی وردبینییەكان، پرۆسەی تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و كاندیدەكان و پێكهاتەكانی بەشداربوو لەو هەڵبژاردنە ئەنجامدەدرێت، كە چاوەڕواندەكرێت لە ناوەڕاستی مانگی هەشت بەڕێوەبچێت.