مەترسییەکە بەرۆکی فەرەنسای گرت

09:57 - 2022-06-25
ڕاپۆرت
95 جار خوێندراوەتەوە
#سەرکەوتنی ماکرۆن بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی لە پەرلەمانی فەرەنسادا ئاوەژوو بۆوە

شرۆڤەی: جەمال ئارێز

ئەگەرچی گەلی فەرەنسا لە دەنگدانی راستەوخۆدا بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە کە بە دوو قۆناغ لە 10 و 24 ی نیسانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو بە جیاوازییەکی تا رادەیەک زۆر دەنگیان بە ئیمانۆیل ماکرۆن دایەوە، سەرەڕای رەخنەکانیان لە حکومەت و ئیدارەکەی بەتایبەتی و پاشەکشە کردنی لە دابینکردنی هەلی کار و یاسای خانەنشینان، بەڵام لە ترسی ئەجێندا و بەرنامەکانی حزب و بەرەکەی مارین لۆپان-ی رکابەری کە بانگەشەی بێ پێچ و پەنا بوو بۆ پاشەکشەکردن لە پێکەوەژیان و دیموکراسی و ئازادییەکانی تاک و چوونە دەرەوە لە تەکێتیی ئەوروپا.
مەترسییە خەفەکراوەکە
هەر لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی سەرکەوتنی ماکرۆنیان بە سەرکەوتنی دیموکراسی و پڕەنسیپە سەرەتاییەکانی فەرەنسا وەک یەکێک لە باوکە داهێنەرەکانی سیستمی دیموکراسی و لیبراڵی وەسفکرد، بەڵام لەوەش غافڵ نەبوون کە ئەو دەنگانەی کە ماری لۆپان و هاوپەیمان و هاوبیرەکانی بەدەستیان هێناوە مەترسییەکی خەفەکراوە بۆ ئایندەی فەرەنسا، بەتایبەتی کە رێژەکان تاڕادەیەک نزیک بوون چونکە ئەستەمە مەترسی لەوەدا نەبێت کە بە بەرەی ناوەند و چەپ و لیبراڵ رێژەی دەنگەکانیان نزیکەی (58 ٪) بێت و رێژەی دەنگی راسیست و کۆنەپەرست و دژە رەوەند و کۆچەر و بێگانە نزیکەی (42 ٪) بێت.
پەرلەمان ترسەکەی چەسپاند 
ئەوەی چاودیران و شرۆڤەکاران لێی دەترسان لە پەرلەمانی فەرەنساوە بە ئاشکرا هاتەدی، چونکە ماکرۆن و بەرەکەی لەسەر ئاستی میللی توانیان شکستێکی کاتی بەو رەوت و ئاراستەیە بهێنن کە دەیەوێت فەرەنسا بگەڕێنێتەوە بۆ چەند دەیەیەک بەرلە ئێستا، لانیکەم بۆ پێش شۆڕشی خوێندکارانی فەرەنسا لە (1968)، بەڵام پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە ئەو خەونەیان زڕاند کە فەرەنسییە دژە راسیست و دژە پۆپۆلیستییەکان دەیانبینی بە رزگارکردنی وڵاتەکەیان لە پاشەکشە، لەو رووەشەوە لە سەروبەندی جەمسەربەندیی قەوارە و فراکسیۆن و هاوپەیمانێتییەکاندا، هاوپەیمانییەکەی ماکرۆن نەیتوانیوە لە 240 کورسی زیاتر بەدەست بهێنێت لە کۆی 577 کورسی کە ئەوە بۆخۆی زەنگی شکستهێنان یان لانیکەم لاوازبوونی ئیدارەی داهاتووی ئەو وڵاتە دەبێت بەوپێیەی ناکۆکی و ململانێکان لە نێوان سەرۆکایەتی و حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا زەق دەبێتەوە.
زیانمەندی سەرەکی لەم گەمەیەدا
ئەگەرچی وەک سەرەتای دەرکەوتنی ئەنجامەکان سەرکردەی بەرەی چەپی ئەو وڵاتە خۆشحاڵە بەوەی کە ماکرۆن پاشەکشەی کردووە، بەڵام هێشتا دیاریش نییە کە ئاخۆ ئەگەر و ئەنجامی هاوپەیمانیی داهاتووی چەپەکان لەگەڵ لایەنی ئەوپەڕی راستی توندڕەو هەر لە بنەمادا سەردەگرێت؟ یان ئەگەر سەیشی گرت بەردەام دەبێت؟ لەکاتێکدا ئاراستەی دیدگا و ئایدیۆلۆژیای ئەو دوو رەوتە 180 پلە پێچەوانەی یەکترە، بەڵام پێدەچێت لەسەر بنەمای ناکۆکیی ئەمپەڕی چەپ  بۆ ئەوپەڕی راست ئامادەبن ببنە بەرەیەک لەبەرامبەر رکابەرە هاوبەشەکەیان، بەڵام ئەوەی لەو گەمە نا لۆژیکییەدا زیانە گەورەکەی بەردەکەوێت گەلی فەرەنسا و کۆچەر و پەنابەر و رەگەز و پێکهاتە جیاوازەکانن کە کۆی گۆمەڵگەی فەرەنسییان پێکهێناوە.
کاریگەرییەکانی بۆ دەرەوەی فەرەنسا
رەنگە هەندێک هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی لە ستراکچەر و بونیاتی دەوڵەتاندا کاریگەرییەکەی بۆسەر خودی وڵاتەکە و گەلەکەی یان کەمێک بۆسەر وڵاتانی دەوروبەری خۆی هەبێت، ئەوەش بە گوێرەی کاریگەریی و هێزی سیاسی و سەربازیی و ئابووریی و کەلتوریی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، بەڵام تێکچوونی باڵانسی حکومەت و دەوڵەتداریی و لە وڵاتانی زلهێزی جیهاندا کە فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانە، کاریگەریی بۆسەر زۆر شوێن و ناوچە و بگرە سیستمی سیاسی لە جیهاندا بەجێ دەهێڵێت.
کاریگەریی لەسەر ئەوروپا
لە دوای کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ئێستا فەرەنسا لەگەڵ ئەڵمانیادا گەورەترین و بەهێزترین وڵات و جەمسەری ناو یەکێتیی ئەوروپان. یەکێتیی ئەوروپاش ئێستا و لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا –ئۆکرانیاوە لە دۆخێکدایە کە هەڕەشەی گەورەی لەسەرە چ لەڕووی سەربازییەوە و چ لەڕووی ئابوورییەوە. فەرەنسا وەک هێزێکی کاریگەری ئەو یەکێتییە لەم قۆناغەدا دەبوو سەرقاڵبوون بێت بە گرفت و هەڕەشە سەربازیی و ئابوورییەکانی روسیاوە لەسەر یەکێتییەکە، بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا لە سەرەتاوە جگەلەوەی ئەنجامی ئەم شکستەی بەرەکەی ماکرۆن و سەرکەوتنی بەرەی رکابەری، سەقامگیریی حکومڕانی و دەوڵەتداریی لەو وڵاتەدا نا سەقامگیر دەکات، هاوکات ئەو نا سەقامگیرییە حکومڕانی و سیاسییە دەگوازرێتەوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش، بەتایبەتی کە لۆپان بە دۆستێکی نزیکی روسیا ناسراوە و خوازیاری هاتنە دەرەوەی فەرەنسایە لە یەکێتیی ئەوروپا و بگرە لە ناتۆش، بۆیە ئەگەر ئەو خەونانەی لوپان هەمووشی نەیەتەدی، بەڵام دەبێتە مایەی سەرئێشە بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەلیزێ و کاریگەریشی لەسەر پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەبێت.
کۆلۆنیا و حکومەتە سێبەرەکان
فەرەنسا سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا خۆی بە باوکی دیموکراسی و شۆڕشی رێنیسانس دەزانێت، بەڵام ئەوە شاراوە نییە کە هێشتا وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیست، چەندین کۆلۆنی لە ناوەڕاست و خۆرئاوای ئەفریقادا هەیە، ئەگەرچی ئەو وڵاتانە زۆربەیان ناویان وڵاتی سەربەخۆیە، بەڵام حکومڕانییەکەیان هێشتا لەژێر سایە و سێبەری پاریسدایە و بەبێ بڕیاری ئەلیزێ پەنجە لە ئاو ناکەن، بۆیە قەیران و ناسەقامگیریی حکومڕانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەشێت تەرجەمە ببێت بۆسەر خاکی ئەو کۆلۆنیایانەش و ناسەقامگیریی گەورە و جەنگی ناوخۆیی گەورە لەو وڵاتانەدا بێنێتە کایەوە.
کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانی عەرەبی و ئیسلامی
مەترسییەکی زۆر زەق ئەوەیە کە هێشتاش زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە گوێرەی ناکۆکییان لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیادا لە زلهێزە خۆرئاواییەکاندا ئومێدێکیان بە فەرەنسییەکانە لە پشتیوانیکردنی بەردەوامی ئەو وڵاتە لە مەسەلەی فەلەستین بەتایبەتی و کێشەی عەرەب ئیسرائیل بەشێوەیەکی گشتی، چونکە پێیانوایە فەرەنسا کراوەترە لە بەرامبەریاندا بەراورد بە ئەمریکا و بەریتانیا، لەسەر ئاستی میللیش خەڵکێکی زۆر وەک پەناهەندەی سیاسیی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە لە فەرەنسا گیرساونەتەوە و سوودیان لە یاساکانی ئەو وڵاتە وەرگرتووە، بەڵام بەهێزبوونی بەرەی راسیست و راستڕەوی توندڕەو هەم گرفت بۆ پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و پاریس دەخوڵقێنێت و هەم دەشبێتە مەترسی لەسەر ژیانی ئەو پەنابەر و کۆچەرانە.

# فەرەنسا

بابەتە پەیوەندیدارەکان