محه‌مه‌دفه‌ریق حه‌سه‌ن
دایك
به سه‌به‌ته‌یه‌كه‌وه چاوم به كاڵاكاندا ده‌گێڕا. وه‌ختێ سه‌رم هه‌ڵێنا، چی ببینم؟ ژنێكی گه‌نج، ده‌موچاو پانكه‌ڵه‌ی گه‌نمڕه‌نگی له‌چك ره‌ش، چاوه ره‌شه فرمێسكتێزاوه‌كانی تێبڕیوم، نایانترووكێنێ. خۆم لێ نه‌بان كرد و چاوم بڕییه‌وه كاڵاكان. لێ ئه‌و، نه‌دی و نه‌ناس، باوه‌شی پێدا كردم. ده‌سته‌كانی ئه‌ڵقانده گه‌ردنم. نه جارێك نه دووان، ئه‌ملاوئه‌ولای ماچ كردم. نه‌مزانی چۆنچۆنی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاته كوتوپره‌دا بكه‌م. ژنه بڕێك كشایه‌وه، په‌نجه‌كه‌ڵه‌ی نوشتاندوه و چوارپه‌نجه‌ی به روومدا به‌رزكردوه، به دانیماركییه‌كی تێكشكاو، به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه، به ده‌نگێكی به‌سۆز و له‌رزیوه‌وه، گوتی:
–(من چوار مانگه دایكم له كابول كۆچی دوایی كردووه!)
له‌كوتوپڕیی دۆخه‌كه نه‌متوانی بێمه‌گۆ. باوه‌شی پێدا كردمه‌وه. ئه‌مجاره‌یان بۆنی به سینگمه ده‌كرد و به‌قووڵی هه‌ڵیده‌مژی. هه‌یتا هه‌یتا بلووزه‌كه‌می ماچ ده‌كرد. من سه‌به‌ته‌كم له ده‌ست به‌ربووه‌وه، ئه‌ویش له‌سه‌ری رۆی:
–(دایكم رێك له تۆ ده‌چوو. حه‌یف! من نه‌متوانی بگه‌ڕێمه‌وه و بیبینم!)
لێم هاته‌وه پێش. له‌سه‌ر نووكی پێ وه‌ستا. سه‌ری هه‌ڵبڕی و قژی ماچ كردم.
–(تۆ دایكی منی و هاتووی بۆ ئه‌مشاره! چۆن گه‌یشتی؟ به‌چی هاتی؟ فریشته‌كان تۆیان هێنا، یان هه‌ر خۆت هاتی؟)
به‌قوڵپی گریانه‌وه، وه‌ك منداڵی ساوا ده‌كڕووزایه‌وه. هه‌ڵای حه‌په‌سان به‌رینه‌دابووم، وه‌ختێ لام كردوه، ئاپۆرای بازاڕه‌كه دیقه‌تی ئێمه‌یان ده‌دا.
–(ئینشائه‌ڵڵا دایكت له به‌هه‌شته!)
ئاوا هاتمه‌گۆ و منیش دڵم پڕ بوو. ئه‌و ده‌سته سارده‌كانمی خسته ناو ده‌سته گه‌رمه‌كانی خۆی و له‌سه‌ریه‌ك ماچی ده‌كردن. باوه‌شی پێدا كردمه‌وه، توند به‌خۆیه‌وه نووساندم. منیش نه‌رم ده‌ستم به پشتیدا، به له‌چكه‌كه‌یدا ده‌هێنا و گوتم:
–(دایكت چووه بۆ باخه‌كانی به‌هه‌شت!)
چاوی بڕیبووه چاوم و فرمێسكی ده‌باراند. ئه‌وجا من باوه‌شم به‌ودا كرد. به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌مگوت و ده‌مگوته‌وه:
–(مه‌گری كچه جوانه‌كه‌م، دایكت چووه بۆ لای خوا!)
ماوه‌یه‌ك ئێمه یه‌كمان راژه‌ند و بازاڕكه‌رانیش سه‌رنجیان ده‌داین و نه‌یانده‌زانی حاڵ و مه‌سه‌له چییه. من له جێی خۆم روابووم و هه‌ڵای ده‌ستم به پشتیدا ده‌هێنا، وه‌ختێ ئه‌و لێم جیابووه، پاشه‌وپاش لێم دووركه‌وته‌وه و چاویشمان هه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك بوو، تا له جه‌نجاڵیی بازاڕه‌كه‌دا، دیار نه‌ما.
من زۆر له‌خۆم بوومه‌وه. ده‌بوو ناو و ژماره ته‌له‌فۆنیم پرسیبا. جارێك دووان، زه‌نگم بۆ لێبدابا و پێم گوتبا: مه‌گری، كچی شیرینم، دایكت چووه بۆ لای خوا! مه‌گری كچی نازدارم، دایكت له باخه‌كانی به‌هه‌شته!
ئه‌لیاس شنگالی
پیاوێكی مل بارێك، ردێن و سمێڵ سپی، ئاژه‌ڵه‌كانی له‌ته‌ویله‌دا تاقه‌ت كرد. هه‌ر به‌و جلكانه‌وه، كه له‌مێژه بۆی نه‌لواوه بیانگۆڕێت و بیانشوات. كه‌مه‌ی كوڵه گۆچانێك له قولی مستدا، لاكه‌لاك خۆی گه‌یانده ماڵی ئه‌میر. وه‌ختێ ئه‌میر له ده‌رگه‌وه ده‌ركه‌وت. پیاوه‌كه‌یش به سه‌ری كز، چاوی شكاو و روخساری خۆربردووه‌وه، گوتی:
–(من ئه‌لیاس شنگالیی شوانم. له خزمه‌ت جه‌نابتاندا گله‌ییم هه‌یه!)
–( گله‌ییه‌كه‌ت بڵێ ئه‌لیاسی شوان!)
–(من رۆژی ژه‌مێك په‌تاته‌ی كوڵاو مووچه‌مه! ئایا خودێ رابه‌رداری هه‌یه ئاژه‌ڵه‌كانی ئێوه تێر بن و شوانه‌كه‌شتان برسی؟)
ئه‌میری ده‌ست له‌سه‌ر مشتووی شمشێر، له پلیكانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ماڵی خۆیه‌وه، سه‌رنجی به باڵای ئه‌لیاسدا سه‌رخست، كه له تاكێكی پێڵاوه‌كه‌یه‌وه په‌نجه كه‌ڵه‌ی خۆڵاوی و قڵیشاوی سه‌ری ده‌رهێنابوو. جامه‌دانییه سووره رێ رێ خۆربردووه‌كه‌ی، له پشت سه‌ریه‌وه گرێ دابوو. ئه‌میر، به ده‌نگێكی كه‌رخ، گوتی:
–(به‌ڵێ، ئه‌ڵڵا رابه‌رداری هه‌یه! یه‌ك له‌باری ئێمه، ئاژه‌ڵ له شوان به‌سوودتره!)
ئه‌میر، پاشه‌وپاش كشایه‌وه. شاااق، ده‌رگه‌ی پێوه‌دا. ئه‌لیاسیش نا‌ئومێد پشتی كرده ده‌رگه‌ی ئه‌میر. گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی هه‌ڵگێڕایه‌وه. كه‌مه‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر زه‌وی و كلكه‌كه‌ی توند گرت. چه‌ند جارێك به بان سه‌ری خۆیدا سووڕاندی و هه‌تا ده‌ستی گرتی تووڕی هه‌ڵدا.
جنێو
هه‌ر ئه‌و جنێوه‌كه‌ی له‌ده‌م ده‌رچوو، من سه‌رم لێی سووڕما و یه‌كسه‌ر بۆی هه‌ڵسام. هه‌ر من بۆی هه‌ڵسام، ئه‌و چنگ له‌سه‌ر شان بۆی ده‌رچوو. منیش به هه‌موو هێزمه‌وه دوای كه‌وتبووم و با‌نگم ده‌كرد:
–(ئا تۆ چركه‌یه‌ك بۆم بوه‌سته!)
بێ سوود بوو. ئه‌و یه‌كبین هه‌ڵده‌هات و منیش به شوێنیا. له پێچی كۆڵانێكدا كه‌وته نه‌دیوی و نه‌مزانی كوێوه چوو. وه‌ختی لۆش لۆش گه‌ڕامه‌وه لای هاوڕێیكانم یه‌كێكیان لێی پرسیم:
–( راستم پێ بڵێ، ئه‌گه‌ر به‌و هه‌موو رق و قینه‌وه بتگرتایه چێت لێ ده‌كرد؟)
–(من كه یه‌كه‌م جارم بوو ئه‌و جنێوه ببیستم، بمگرتایه مانای جنێوه‌كه‌م لێ ده‌پرسی و هیچی تر!)
راستی
دایكه‌كه مستێكی قایمی كوتایه سینگی خۆی و زاری داچه‌قاند، وه‌ختێ خۆێنی به‌لاجانگی تاقانه‌كه‌یه‌وه بینی. به هه‌ڵه‌داوان به‌ره‌وپیری چوو:
–( هه‌یڕۆ، ئه‌وه كێ وای لێ كردی؟)
–(باوكم!) كوڕه به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه وای گوت.
–( باوكت؟ ئه‌و دڵی نه‌ده‌هات قسه‌یه‌كی كاڵیشت پێ بڵێ! راستم پێ بڵێ، كێ وای لێ كردی؟)
كوڕ، پچڕ پچڕ به ده‌م هه‌نسكه‌وه گوتی:
–(ئه‌ی بیرت نایه‌ت، پێی ده‌گوتم، له سه‌ریشت بده‌ن، نابێ درۆ بكه‌یت؟ منیش ئه‌مڕۆ به عه‌دنان-م گوت: هه‌تیو، ‹›تۆ باوكت جاش بووه!›› ئیتر ئه‌ویش ئاوای لێ كردم!) دایك په‌لی كوڕی خۆی گرت و بردییه ژووڕێ. به ده‌م تێماركردنیه‌وه، گوتی:
–( ئه‌وه بۆیه به‌م چله‌ی زستانه، گۆڕه‌كه‌ی بابت بووه به یه‌ك پارچه گوڵاڵه!)
كه‌ڵه‌شێر
نیوه‌شه‌و، بارهه‌ڵگرێكی سپی، له‌پێش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا خاوی كرده‌وه. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی پاراستنی وه‌زاره‌تیان پێ سپێردرابوو، ده‌سبه‌جێ ده‌نگیان دا‌و له جێ‌دا وه‌ستانیان. دوانی بازۆڵه ئه‌ستوور، هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌ستی دایه باڵێكی شۆفێری ریوه‌ڵه و، بۆ ناو وه‌زاره‌ت رفاندیان. ده‌سته‌یه‌كیش، به تفاقی دۆزینه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نییه‌وه بۆ لای بارهه‌ڵگره‌كه چوون. وه‌ختێ شوفێره‌كه، پشووی هاته‌وه‌به‌ر، به پاسه‌وانانی گوت:
–(زارم وشكه، په‌رداخێك ئاوم بۆ بێنن، تا راستیتان پێ بڵێم!)
دوای خوارنه‌وه‌ی په‌رداخه ئاوه‌كه، نامه‌یه‌كی له باخه‌ڵی ده‌رهێنا، تێدا نووسرابوو. ((له فڵانی كوڕی فڵانه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه. بابه‌ت: یه‌ك ملیار دۆلار! ئه‌وا له‌و ماڵه سپییه‌ی كه من بۆ رۆژی ره‌ش هه‌ڵمگرتبوو، یه‌ك ملیار دۆلاری ئه‌مریكاییم به‌دیاری بۆ ناردن. تكایه چه‌ند مووچه‌ی پێشمه‌رگه قه‌رزارن لێی بده‌ن، ئه‌وه‌یشی مایه‌وه بیده‌ن به…)) نه‌یهێشت! رێك له‌وكاته‌دا، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌مان بانگی به‌یانیی دا، ئاخ كه‌ڵه‌شێر! داخ كه‌ڵه‌شێر!.
شه‌هید
چه‌كه خۆڵاوی و خوێناوییه‌كه‌ی له‌پاڵیدا كه‌وتبوو، لێكدا لێكدا زه‌نگی ته‌له‌فوونه‌كه‌شی لێیده‌دا. تارمایی دایك، ده‌زگیران و كۆتره سپییه‌كانی به یه‌كدا ده‌هاتن. به ده‌م زامی سه‌خته‌وه، ده‌ستی خۆێناویی بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕی و مرتاندی:((هه‌ر كه‌سێكه با به حاڵی من نه‌زانێ!))
چاوی له قووڵایی ئاسمان بڕی. كۆترێك، وه‌ك خۆی ته‌نیا، به‌سه‌ر دره‌خته‌كه‌ی به‌رانبه‌ریه‌وه نیشته‌وه، ئه‌م چاوی لێڵی تێبڕی و مرتاندی: ((چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی تر، رۆحم ده‌چێته پۆستی ئه‌و كۆتره سپییه‌وه، به‌ره‌و ئاسمان ده‌فڕێ!))
به ده‌م گیانه‌ڵاوه، خه‌نده‌یه‌ك له‌سه‌ر لێوه سپی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی نیشته‌وه و گیانی سپارد. وه‌ختێ هه‌ڤاڵه‌كانی گه‌یشتنه سه‌ری، ئه‌وه‌یان كه پێڵووه‌كانی بۆ داخست، گوتی:
–(بڕاونن، له حاڵی گیانكه‌نشتدا به ده‌م فریشته‌وه پێكه‌نیوه!)
ئایدیۆلۆگیا
پیاوه پێشكه‌شكاره‌كه، دووگۆشه‌ی ئه‌ستووری خستبووه ژێرخۆی، تاكو باڵای هاوتای باڵای من بێت. له‌دووه‌م پرسیاردا، ریزێك چرچی خسته نێوچاوانه پۆدره‌كراوه‌كه‌ی و نزیكه‌ی دووخوله‌ك پرسی ئادیۆلۆگیا- ی كوتایه‌وه، گوایه مێشكی مرۆڤ په‌ك ده‌خات و ده‌یكات به تاكێكی دۆگما، به راده‌یه‌ك وه‌ك به‌ردی لێ دێت. هه‌تا مردن گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. تاكی ئایدیۆلۆگیست قینی له هه‌موو ره‌وه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌بێته‌وه و… ئه‌وجا بێده‌نگ چاوی بڕییه چاوم و چاوه‌ڕاونی وه‌ڵامی من بوو. خۆ من سوور ده‌مزانی ئه‌و بوارم نادات و دیسان قسه‌كان له زارم‌دا به شه‌كر ده‌بڕێ. له‌بریی وه‌ڵام، له كاكی پێشكه‌شاكارم پرسی :
–( ده‌كرێت به كورتی پێناسه‌ی ئایدیۆلۆگیام بۆ بكه‌یت؟)
ئه‌و كه چاوه‌ڕوانی پرسیاری له میوانی خۆی نه‌كردبوو، قه‌ده‌رێك لێم مۆڕ بووه‌وه. ئه‌وجا سه‌ری هه‌ڵبڕی، له بنمیچی ستۆدیۆكه راما و زاری بوو به تاق. دواجار رووی كرده ئه‌و كامێرایه‌ی، كه گوڵۆپه سووره‌كه‌ی هه‌ڵبووبوو، به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ده‌ستكرده‌وه، گوتی:
–(ناوبڕێك و ده‌گه‌ڕێینه‌وه لاتان!)