بۆچوونی جیاوازی دروستكردووە

12:17 - 2024-08-06
عیراق
131 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

 
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی بانگهێشتكردنی وەزیری كارەبا هەیە، ئاماژە بەوەش دەكات لێپرسینەوە لە وەزیری كارەبا یان هەر وەزیرێكی تر مافی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و نابێت كەس رێگری لێبكات.
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە بەهۆی خراپیی بارودۆخی كارەبا لە عیراقدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران ئیمزایان بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری كارەبا كۆكردووەتەوە بۆ لێپرسینەوەی لەگەڵیدا و تا هۆكاری رەوشی كارەبا و چارەسەرنەكردنی كێشەكان، روون بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد لەگەڵ ئەو داواكارییەی بەشێك لە پەرلەمانتاران، ژمارەیەك لە ئەندامانی دیكە دژی بانگهێشتكردنی وەزیری ناوبراون و فشار دەكەن تاكو لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكرێت، كە ئەوەش بۆ پشكپشكێنەی حزبی و مەزهەبی دەگەڕێتەوە و نایانەوێت لێپرسینەوە لە وەزیرەكە بكرێت. وتیشی: لێپرسینەوە لە وەزیرەكان و لێپرسراوانی حكومەت، مافی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەكانە، ئەوەش بە یاسا رێكخراوە و لە پەیڕەوی ناوخۆدا تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە، بۆیە پێویستە هەر وەزیرێك كەمتەرخەمی هەبێت بانگهێشتی نوێنەران بكرێت.
سەبارەت بە هۆكاری كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری كارەبا، وتی: ساڵانە وەزارەتی كارەبا بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت، بەڵام رەوشی كارەبا لە هەندێك شوێن زۆر خراپە و ناڕەزایی زۆری لێكەوتووەتەوە و كێشەكانی بەردەم ئەو كەرتە بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان