چــێــوەی زەوی

09:41 - 2022-06-26
ژینگە
113 جار خوێندراوەتەوە
شێوەی ژمارە 1

د. ئیبراهیم محەمەد*

1-2

گومانم نییە هەموومان دەزانین ئەم هەسارە شینەی ناوی زەوییە و جێگەی نیشتەجێبوونی مرۆڤە تائێستاش جێی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی وردی زانایانە و بە دەیان پرسیار هەیە کە وەڵامی روون و ئاشکرای نەدراوەتەوە!
لەوانەیە هەندێک زانیاری ورد هەبێت کەم کەس پرسیاری لەبارەوە بکەن و وەک بڵێن نەبووەتە جێگەی تێڕامانی خەڵک! بۆیە هەوڵدەدەین بە دوو بەش چەند پرسیارێکی ساکار، بەڵام زۆر گرنگ راڤە بکەین و لێیان وردبینەوە و بزانین چۆن زانایان بۆ یەکەمجار گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە؟
بۆ نموونە: چێوە و نیوەتیرەی زەوی چۆن ئەژمارکراوە؟ چۆن قەبارەی زەوی دیاریکراوە؟ چۆن چڕی زەوی دیاریکراوە؟  کەواتە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی دروستە بۆ ئێستا لەوانەیە زۆر ئاسان بن و یەکسەر لە پێگەی گوگڵ وەڵامەکەیت دەستکەوێت، بەڵام ئەو پرسیارانە پێش دوو هەزار ساڵ یان دووسەد ساڵ چۆن وەڵام دراوەنەتەوە؟ بابزانین زانایان چۆن گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە گرنگانە:
چۆن ئیراتۆسینیس چێوەی زەوی دیاریکرد؟
پێش هەموو شتێک باش وایە بزانین ئیراتۆسینیس کێیە و پیشەی چی بووە، ئیراتۆسینیس زانایەکی گەردونناسی جوگرافیناسی گریکییە (یۆنانیە) لە ناوچەی سیرینای باکووری ئەفریکا (لیبیای ئێستا) لە نێوان ساڵەکانی 276 بۆ 195 پێش زایین ژیاوە، ئەوکاتە ئەوناوچەیە سەر بە ئیمپراتۆریەتی گریکی بووە، ئەم زانایە سەرنج  و تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە سێبەری ئەستێرەی خۆر باسکردووە، لێرەدا پێویستە هەندێک زانیاری وردتر بخەینەڕوو سەبارەت بە سێبەر.
ئەگەر لە تاقیکردنەوەیەکی ساکارەوە دەستپێبکەین بۆ روونکردنەوەی بابەتەکە باشترە لایتێکی دەستی وەک خۆر دادەنێین و تۆپێکیش وەک هەسارەیەک، چەند دارێک لە چەند ناوچەیەکی جیاواز چەقێنراون کاتێک رووناکی دەکەوێتە سەر تۆپەکە ناوچەی سێبەر لەپشت هەر دارێکەوە دروست دەبێت وەک( شێوەی ژمارە 1) . 
بۆئەوەی کە گەشتی حوشترەکان راستەهێڵ نەبووە و گۆڕینی ستادیا بەوردی نییە و وەک لە دوایدا دەرکەوت کە زەوی شێوەیەکی گۆیی تەواونییە.
قەبارەی سێبەری لای هەردارێک پەیوەستە بە شوێنی دارەکە و دووری رووناکی لە تۆپەکەوە، سێبەری ئەودارەی دوورە لە ناوەڕاستی تۆپەکە درێژترە بەبەراورد بەوانەی کە نزیکن لە ناوەڕاستی تۆپەکەوە و درێژترین دەبێت لە هەرشوێنێک کە رووناکی نزیکترە لە تۆپەکە، بەڵام کاتێک رووناکی زۆر دووربێت لە تۆپەکەوە، لەم کاتەدا رووناکییەکە وەک ئەوە وایە کە تەریب بن بە یەکترو لەمکاتەدا درێژی سێبەرەکە تەنیا پەیوەستە بەشوێنی هەریەکێک لەدارەکان لەسەر تۆپەکە و پەیوەندی بە دووری رووناکییەکەوە نییە. 
وەک دەزانین دووری نێوان هەسارەی زەوی لەگەڵ ئەستێرەی خۆر بەنزیکی 150 ملیۆن کیلۆمەتر دەبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە درێژی سێبەری هەر رووناکییەک  لە هەر کاتێکی دیاریکراودا تەنیا پەیوەستە بەهێڵی پانی. 
کەواتە با ئێستا بگەڕێینەوە بۆ سەرنجەکانی ئیراتۆسینیس و بزانین لەم رووەوە چیکردووە، دروستە زانای گریکی ئیراتۆسینیس لە شاری ئەسکەندەریەی میسر ژیاوە، بەڵام هەندێک لە کاتەکانی چووە بۆ ناوچەی سینا و بەتایبەتی لە کاتی گۆڕانی هاوینەیدا ( Summer solstice ). 
وەک ئاشکرایە گۆڕانی هاوینە بەو رۆژە دەوترێت کە زۆرترین تیشکی خۆر لە هەر ساڵێکدا هەیە و خۆر لەکاتی نیوەڕۆدا لە بەرزترین خاڵدا دەبێت وەک ( شێوەی ژمارە 2).
ئیراتۆسینیس تێبینی ئەوەی کردبوو خۆر لەناو بیرێکدا لە سینا هەبوو دەدرەوشێتەوە و ناو بیرەکە رووناک دەکاتەوە بەبێ بوونی سێبەر! ئەمەش مانای ئەوەیە کە رووناکی بە ستوونی دەیدات لەناو ئاوی بیرەکە.
بۆ ساڵی داهاتوو کاتێک ئیراتۆسینیس لە رۆژی گۆڕانی هاوینە لە ماڵی خۆی لە ئەسکەندەریە  دەبێت، لە نیوەڕۆدا تێبینی ئەوەیکرد کە تیشکی خۆر بەشێوەیەکی ستوونی نادات لە ستوونێکی کەڤریی کۆتاییەکەی شێوە هەرەمییە و سێبەرێکی لەسەر زەوی دروستکردووە! ئیراتۆسینیس هات و دووری نێوان بنکەی پەیکەرەکە بۆ لێواری سێبەرەکەی پێوا و گۆشەی سێبەرەکەشی لەلای پەیکەرەکەوە پێوا کە یەکسان بوو بە حەوت پلە، ئەمە مانای ئەوەبوو کە تیشکی خۆر دەگاتە سەر زەوی بەگۆشەی حەوت پلە لە ستوونەوە.
ئیراتۆسینیس گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە پێویستە هەسارەی زەوی شێوەیەکی گۆیی هەبێت بۆ ئەوەی سێبەری جیاواز لە شوێنە جیاوازەکان لە هەمانکاتدا دەستکەوێت وەک ( شێوەی ژمارە 1). 
بەوردی سەیری (شێوەی ژمارە 3) بکە تێبینی ئەوە دەکەیت دووری گۆشەیی نێوان دوو شار جووتە یان هاوشێوەیە لەگەڵ جیاوازی گۆشەکانی سێبەر، بۆ نموونە کاتێک خۆر بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ستوونی لەسەر سینا دەبێت، بەڵام  حەوت پلەی لە ستوونەوە دەبێت لە شاری ئەسکەندەریە لەهەمان رۆژ و کاتدا، لەهەمانکاتدا ئەو دووشارە  حەوت پلە لەی ەکترەوە دوورن لەسەر رووی زەوی.
ئیراتۆسینیس لەمەوە گەیشتە ئەوەی ئەگەر دووری نێوان سینا بۆ ئەسکەندەریە بزانێت، لەمەوە دەتوانێت چێوەی زەوی بدۆزێتەوە (مەبەست لە چێوەی زەوی درێژی تەواوی چواردەوری رووی زەوی)یە. لەوکاتەدا ئەمە چۆن بپێوێت؟ خۆ ئۆتۆمبێل نەبووە تا سواربێت و ئەژماری بکات، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ سوود وەرگرتن لە گەشتەکانی ئەوکاتە کە بە حوشتر ئەنجام دەدرا، دەیزانی کە کاروانی حوشتر پێویستی بە نزیکەی 50 رۆژ دەبێت بۆ بڕینی ئەو دوورییە ( شێوەی ژمارە 4). تێکڕای گەشتی حوشتر 100 ستادیایە لە رۆژێکدا (ستادیا بریتییە لە یەکەیەکی کۆنی پێوانە کە بەنزیکی بەرامبەرە بە شەش یەکی کیلۆمەترێک)، کاروانی حوشترەکان بە لێواری رووباری نیلدا گەشتیان دەکرد، ئەمەش مانای وایە کە دوورییەکە بەشێوەی هێڵێکی راست نەبووە، واتە لە باکوور بۆ باشوور نەبووە! بەڵام بێگومان ئەوە باشترین داتا بووە لەو رۆژەدا و ئیراتۆسینیس ئەو دوورییەی دانا بە 5000 ستادیا.
ئیراتۆسینیس توانی بگاتە رێژەیەک کە چێوەی زەوی دیاریبکات، ئەویش لە رێگەی ئەم رێژەیەوە:
حەوت پلە\5000 ستادیا = 360 پلە\ستادیا
کەواتە چێوەی زەوی = 257000 ستادیا. ئەمەش = 42800 کیلۆمەتر. لە راستیدا ئەم بڕە زۆر نزیکە لەبڕی ئێستا کە بەڕێگەی نوێ دۆزراوەتەوە و یەکسانە بە 40030 کیلۆمەتر. بێگومان ئەم جیاوازییەش دەکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی کە گەشتی حوشترەکان راستەهێڵ نەبووە و گۆڕینی ستادیا بەوردی نییە و وەک لە دوایدا دەرکەوت کە زەوی شێوەیەکی گۆیی تەواو نییە.

شێوەی ژمارە 2

سەرچاوەکان:

1-Smith, G.A., and Pun, A., 2006, How does earth work? Pearson, Prentice Hall.
2-Mohialdeen, I.M.J., 2013, Principles of Geology (in Kurdish), University of Sulaimani, Sulaimani,  Akam Printing House, Kurdistan, 354p.
3-Mohialdeen, I.M.J., 2011, Dictionary of Geology, English-Kurdish, University of Sulaimani, Sulaimani, Paywand Printing House, Kurdistan, 269p.

*پڕۆفیسۆر  لە بەشی زەویناسی زانکۆی سلێمانی

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان