شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: بە گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ هەرێمی کوردستان خزمەتی زیاتری خەڵک دەکرێت

07:26 - 2024-08-10
کوردستان
235 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە 10/8/2024 شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سالار مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و مەحمود سەنگاوی لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری گەرمیان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکدا باس لە رۆڵی بەرچاوی خەڵکی نیشتمانپەروەری گەرمیان کرا و ئاماژەی بەوە درا گەرمیانییەکان لە شۆڕش و تێکۆشانی گەلەکەماندا و جێ دەستیان لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق و تیرۆریستانی داعشدا دیاربووە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی جددی داوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی گەرمیان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ژێرخانەی ناوچەکە، کە لەئاکامی شاڵاوی ئەنفالدا وێران بووە و کۆمەڵێک پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێکراوە، بەڵام تاکو ئێستا نەتوانراوە وەکو پێویست کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان خزمەت بکرێن، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمە لە کابینەی داهاتوودا زیاتر دەستی خزمەت و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە درێژ بکات.
هاوکات لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئامادەبووانی هاندا بۆ هاوکاری و پابەندبوون بەو پێویستیانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دیارییان دەکات، جەختیکردەوە ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرنگە و دەبێت هەمووان كار بۆ سەرخستنی لیستی یەکێتی و كاندیدەکانی بكەین، تاکو بتوانرێت زۆرترین كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكرێت و هاوسەنگی سیاسی بۆ هەرێم بگەڕێنرێتەوە و ئەو کات دەتوانرێت باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بکرێت.
لای خۆشیەوە مەحمود سەنگاوی، ستایشی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی گەرمیانی کرد و ئاماژەی دا بەکۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە خزمەت و ئاوەدانی لە ناوچەکە.
لەکۆتایشدا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، بە تێڕوانین و تێبینییەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بەپێزترکرد و هەندێک داواکاریی پەیوەندیدار بە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی خستەڕوو بۆ ئەوەی کاری پێویستیان لەسەر بکرێت.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان