عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی
1
كه ده‌قێك وه‌رده‌گێڕم وا هه‌ست ده‌كه‌م به ئاره‌زووی خۆم به‌ندیخانه‌یه‌كی ئاوریشمینی نه‌رم هه‌ڵده‌بژێرم پێی ده‌ڵێم ده‌ق، خاوه‌ن ده‌قه‌كه‌یش ناوده‌نێم خاوه‌ن زیندان، ئه‌وه‌یش په‌سه‌ند ده‌كه‌م، بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك یا دوو یا سێ سه‌عات بكه‌ومه ژێر ركێفییه‌وه، به‌پێی ئاره‌زووی ئه‌و بجووڵێمه‌وه، گوێڕایه‌ڵی زمان و بیروبۆچوونی بم، كاتێكیش كاره‌كه ته‌واو ده‌كه‌م، واهه‌ست ده‌كه‌م سه‌ربه‌ستیی خۆم وه‌ده‌س دێنمه‌وه، سه‌رله‌نوێ ئاو و هه‌وایه‌كی ئازادانه ده‌بینم، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت، كه وه‌ك خاوه‌ن ده‌قه‌كه‌م لێبێت و ببم به سێبه‌ری ته‌واوی ئه‌و.
لێره‌وه ده‌ڵێم شتێكی مه‌حاڵه ده‌قی وه‌رگێڕاو له زمانی یه‌كه‌م و دووه‌مدا وه‌ك یه‌ك ده‌رچێت.
لێكچوونی ده‌قی وه‌رگێڕدراو
2
باوه‌ڕم به وه‌ك یه‌كبوونی ده‌ق له زمانی یه‌كه‌م و دووه‌مدا نییه، به‌ڵكو باوه‌ڕم به نزیكبوونه‌وه هه‌یه، نزیكبوونه‌وه‌كه‌یش رێژه‌ییه. ره‌نگه رێژه‌كه‌ی لای من له رێژه‌ی لای تۆ كه‌متر بێت، رێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌ویش له رێژه‌ی تۆ زیاتر بێت.
سه‌ركه‌وتن له وه‌رگێڕاندا
3
هه‌موو كاتێك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌م و ئه‌وه له وه‌رگێڕ داواده‌كه‌م، كه به دروستی كاره‌كه‌ی ته‌واو بكات، داوای ئه‌وه‌ی لێ ناكه‌م له سه‌دا سه‌د كاره‌كه بگه‌یه‌نێته پۆپه‌ی جوانی. جوانیی وه‌رگێڕانیش رێژه‌ییه، بۆ نموونه، رێژه‌كه‌ی لای من شه‌ست له سه‌دایه، لای تۆ حه‌فتا له سه‌د ده‌رده‌چێت، لای ئه‌و له سه‌دا هه‌شتا، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه له هه‌ڵه‌كاری دووربكه‌وێته‌وه.
رێژه‌ی جوانی
4
وه‌ك یه‌ك ده‌رچوونی ده‌ق له زمانی دووه‌مدا بۆیه مه‌حاڵه، چونكه ده‌ق له دوو زه‌مه‌نی جیاواز و دوو رۆشنبیریی جیاوازدا ده‌نووسرێت، وه‌رگێڕیش وه‌ك وه‌رگری ده‌ق، ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ریده‌گرێت و له‌كاتێكی تردا به‌شێوه‌یه‌كی تر، زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه و وه‌رگرتنی ده‌ق هه‌موو كاتێك به‌یه‌ك جۆر ده‌رناچێت.
وه‌رگرتنی ده‌قی وه‌رگێڕدراو به پێی زه‌مه‌نی جیاوازه
5
ئه‌گه‌ر شیعری یه‌كێك له شاعیره‌كانی سه‌رده‌می جاهیلی بۆ زمانی كوردی وه‌ربگێڕم، بۆنموونه، ئیمروئه‌لقه‌یس، عه‌نته‌ره، نایه‌م به زمانی مه‌دهۆش یا وه‌لی دێوانه وه‌ریبگێڕم، به‌ڵكو به‌دوای زمان و شێوازی شاعیرێكی كوردا ده‌گه‌ڕێم كه له‌وانه‌وه نزیك بێت.
ئه‌گه‌ر شیعری شاعیری ناوداری عه‌ره‌ب موته‌نه‌بی بكه‌م به كوردی، ده‌چم نالی ده‌خوێنمه‌وه، تاوه‌كو بۆ كاره‌كه‌م سوود له جیهان و شێوازه‌كه‌ی ببینم، چونكه شێوازیان له‌یه‌كه‌وه نزیكه، هه‌ردوو بایه‌خ به هونه‌ری ره‌وانبێژی ده‌ده‌ن و (منمنییان، منخوازییان) به زه‌قی ده‌ركه‌وتووه.
ئه‌گه‌ر ده‌قێكی نزار قه‌بانی بۆ كوردی وه‌ربگێڕم چاكتره بۆ ئه‌كتیفكردنی زمانه‌كه سوود له شاعیرێكی وه‌ك ئه‌حمه‌د هه‌ردی یا هێمن ببینم. یا ئه‌گه‌ر، شاعیرێكی وه‌ك مه‌وله‌وی بكه‌م به عه‌ره‌بی، پێش ئه‌وه سوود له زمان و جیهانی شاعیرێكی وه‌ك ئیبن ئه‌لفارز ده‌بینم.
زمان و شێوازی گونجاو بۆ وه‌رگێڕان
6
ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان لای هه‌ندێك كه‌س ناپاكی بێت، لای من ناپاكییه‌كی خۆش و جوان و به‌سووده، له‌و جۆره ناپاكییه ناچێت، كه كه‌سێك له نیشتمانه‌كه‌ی ده‌یكات، یا كوڕێكی ساخته‌كار له كچێكی دڵسۆز ده‌یكات.
له مێژه له جیهانی وه‌رگێڕاندا، ئه‌و وته ئیتالییمه‌مان بیستووه (هۆ وه‌رگێڕ هۆ تاوانبار) به‌ڵام وته‌كه مه‌جازییه، ناكه‌وێته چوارچێوه‌ی واقیعییه‌وه، چونكه به‌دوادا چوونی یاسایی بۆ ناكرێت.
له‌و وته ئیتالییه تیژتر، وته‌یه‌كی نووسه‌ر و مامۆستای ئیسپانی جۆلێۆ سیزار سانتۆیه كه ده‌ڵێت: من سه‌رم له‌وه سووڕماوه چۆن به‌ندیخانه‌كان پڕناكرێن له وه‌رگێڕ، چونكه وه‌رگێڕانه‌كانیان پڕن له تاوانی درۆكاری، شاردنه‌وه‌ی ڕاستی، ساخته‌كاری.
لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌ین، وه‌رگێڕ هه‌ڵه ده‌كات، چونكه كارده‌كات، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه بزانین جۆر و رێژه‌ی هه‌ڵه‌كه چۆنه، بۆ نموونه فڵان ده‌قێك ده‌كات به كوردی یا توركی و ده‌قه‌كه‌ی شیعرێكه له‌باره‌ی ده‌ریاوه، بێگومان وشه‌ی ده‌ریا، چه‌ندین وشه‌ی هاوشێوه و نزیك، به‌دوای خۆیدا دێنێت كه له‌یه‌ك ده‌چن وه‌ك (ده‌ریا ، رووبار، جۆگه، چه‌م، گۆم) كه ئه‌مانه هه‌موویان په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه و خزمی یه‌كترن. جا ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ سه‌هوی كرد و له‌جیاتی جۆگه، گۆمی به‌كارهێنا، ئه‌وه ئه‌م هه‌ڵه‌یه وه‌ك ئه‌و هه‌ڵه زه‌قه نییه كه وه‌رگێڕێك ده‌ڵێت (انسان العین) كه مانای گلێنه‌ی چاوه، وشه به وشه وه‌ریده‌گێڕێت و ده‌یكات به (مرۆڤی چاوه‌كانت) ، (انسان + العین) كه له سیاقی ده‌قه‌كه‌دا هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت.
جۆری هه‌ڵه
7
وه‌رگێڕان له زمانی یه‌كه‌مه‌وه پێداویستییه، ئه‌مه شتێكی چه‌سپاوه، ته‌نانه‌ت نه‌ك له ئێستای ژیانماندا، به‌ڵكو له قۆناغی ناوه‌ندیشماندا فێریان ده‌كردین، وه‌ڕگێڕان له زمانی یه‌كه‌مه‌وه بایه‌خی زیاتری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه رێگه له‌وه ناگرێت له زمانی دووه‌مه‌وه بابه‌ت وه‌رنه‌گێڕین.
بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان لای كورد له زمانی دووه‌مه‌وه و به زمانی دووه‌م ده‌ستی پێكردووه. له‌سه‌ر شانی ئه‌و كه‌وتووه‌ته‌ڕێ و نه‌شونمای كردووه، بۆ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێت، ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی جیهانمان، له رێگه‌ی وه‌رگێڕانی ده‌ستی دووه‌وه پێگه‌یشتووه.
دوای راپه‌ڕین و دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم په‌ره‌ی زیاتری سه‌ند، كتێبێكی زۆر كه‌وتنه‌بازاره‌وه، ئیتر وه‌رگێڕانه‌كه چۆن بێت ئه‌وه بابه‌تێكی تره.
هه‌موومان حه‌زده‌كه‌ین وه‌رگێڕان له زمانی یه‌كه‌مه‌وه بكه‌وێته گه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌مه زه‌مه‌ن و كات و كه‌ره‌سته‌ی خۆی ده‌وێت. ئه‌گه‌ر من له جێی كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بوومایه، له كۆلێجی ئاداب – به‌شی زماندا، له جیاتی به‌شێكی زمانی بیانی ده به‌شی زمانی جیاوازم ده‌كرده‌وه، تا بیست چل ساڵێك كۆمه‌ڵێك قوتابی ده‌رده‌چوون، ناڵێم هه‌موویان ده‌بوون به وه‌رگێڕ، به‌ڵام چه‌ند كه‌سێكی به توانا و هه‌ڵكه‌وتوویان تیا ده‌رده‌كه‌وت، مه‌رجیش نییه هه‌موو زمانزانێك ببێت به وه‌رگێڕ.
ئێستا وه‌رگێڕمان له زمانی یه‌كه‌مه‌وه هه‌یه، له ساڵانی رابردوویشدا هه‌مانبووه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده نیین. ئه‌توانم بڵێم بزووتنه‌وه‌كه له قۆناغی گاڵگۆڵكێ و داره‌داره‌دایه، ره‌نگه سی چل ساڵێكی بوێت تاوه‌كو رێگه‌ی دروستی خۆی بدۆزێته‌وه.
بۆچوونێكی سه‌قه‌تیش هه‌یه، خاوه‌نه‌كه‌ی وا ده‌زانێت، وه‌رگێڕان له ده‌ستی دووه‌وه هه‌ر ته‌نها فارسی و عه‌ره‌بی و توركی ده‌گرێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر له روسیشه‌وه یا له ئیتالیشه‌وه یا له هۆڵه‌ندییه‌وه یا هه‌ر زمانێكی تریشه‌وه بابه‌تێك كرابێت به فه‌ره‌نسی یا ئیسپانی و پاشان كرابێت به كوردی ئه‌وه هه‌ر له زمانی دووه‌مه‌وه‌یه.
وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌مه‌وه
8
وه‌رگێڕانیش وه‌ك ئه‌ده‌ب كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ت و ئیدیۆلۆجیاوه، ئه‌ده‌بی ئێمه و میلله‌تانی رۆژهه‌ڵات ده‌مێكه باره‌كه‌ی به سیاسه‌ت قورسكراوه، ئیدیۆلۆجیا ئه‌ده‌بی له جه‌وهه‌ر و راره‌وی راسته‌قینه‌ی خۆی دوورخستووه‌ته‌وه.
خراپترین ناپاكی لای وه‌رگێڕی ئیدیۆلۆجییه، كه خزمه‌تی ئیدیۆلۆجیا و بیروبۆچوونی خۆی ده‌كات، یاخود خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپێك ده‌كات. به مه‌به‌ست نه‌ك به هه‌ڵه ده‌سكاری ده‌ق ده‌كات. به مه‌به‌ست، شتی خۆی تێده‌ئاخنێت، به‌مه‌به‌ست نه‌ك به‌هه‌ڵه رسته، بڕگه و لاپه‌ڕه‌ی لێ ده‌قرتێنێت. ئه‌مه جیایه له‌و وه‌رگێڕه‌ی كه له نه‌زانینه‌وه باز به‌سه‌ر هه‌ندێك بڕگه‌دا ده‌دا.
نووسه‌ری ناودار، ئه‌ندرێ لۆفیڤه‌ر نموونه‌یه‌كی جوان بۆ وه‌رگێڕی ئیدیۆلۆجی دێنێته‌وه، ئه‌و ئاماژه به شانۆنامه‌ی (لیسیستراتا) ده‌دات، كه ئه‌ریستۆفانیس 411 پ . ز نووسیویه. لیسیستراتا، هه‌م ناونیشانی شانۆنامه‌كه‌یه و هه‌م ناوی كه‌سی سه‌ره‌كیشێتی. هه‌وڵی سه‌ره‌كی لیسیستراتا رێگرتنه له شه‌ڕی نێوان ئه‌سینا و ئیسبارته، رێگرتن له خوێنڕشتن و دوورخستنه‌وه‌ی گه‌نجان له شه‌ڕه‌نگێزیی.
ئه‌م شانۆنامه‌یه چه‌ندین جار وه‌رگێڕاوه، یه‌كێك له وه‌رگێره‌كان (سیڵدز) بڕگه‌یه‌كی بۆ ده‌قه‌كه زیادكردووه، رێگا به ئه‌ندامانی مه‌جلیسی پیران ده‌دات، له كۆرسا به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجی شانۆنامه‌كه‌وه قسه‌بكه‌ن، نوێنه‌ره‌كه‌یان ده‌ڵێت نه‌خێر ئێمه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی جه‌نگداین، وه‌ستانی جه‌نگ یانی پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه ئێمه ده‌رمانكردوون، جه‌نگ بوه‌ستێت شتێك نامێنێت خۆمانی پێوه خه‌ریك بكه‌ین.
له‌بواری ئایین و سیاسه‌ت و بیروبۆچوونی گرووپی سیاسی‌دا، ده‌سكاریی له‌م جۆره كراوه، گرووپی سیاسی جۆراوجۆر، به‌مه‌به‌ست بۆ شێواندنی نه‌یاری خۆیان و داكۆكیكردن له ئیدیۆلۆجیا و به‌رژه‌وه‌ندی، كاری وه‌هایان كردووه.
وه‌رگێڕان و ئیدیۆلۆجیا
9
وه‌ك چۆن مرۆڤ له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر كۆچ ده‌كات، وشه له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر كۆچ ده‌كات، ئاوه‌ها ده‌قیش به‌هۆی وه‌رگێڕانه‌وه كۆچ ده‌كات.
وه‌رگێڕان یه‌كێكه له وه‌سیله‌كانی كۆچكردنی ده‌ق، ده‌ق له كۆچدا تووشی غوربه‌تێكی جوان ده‌بێت، بۆن و ره‌نگێكی نوێ بۆ زمانی دووه‌م ده‌بات، له‌و كۆچه‌یشدا وه‌ك ئه‌وه وایه سه‌رله‌نوێ بنووسرێته‌وه و ته‌مه‌نی درێژتر بێت.
كۆچی وه‌رگێڕان
10
كه بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی وه‌رده‌گێڕم بۆ ئه‌وه‌م نییه بیكوردێنم، نامه‌وێت وه‌ك به‌رهه‌می كوردێكی لێبكه‌م. نامه‌وێت وه‌ك شاعیرێك یا چیرۆكنووسێكی كوردی لێبێت، ئه‌گه‌ر وابێت شتی وام نه‌كردووه. ده‌مه‌وێت وه‌رگێڕانه‌كه هه‌وڵێك بێت بۆ هاورده‌كردنی تامێكی تر و نامۆ، ره‌نگێكی جیاواز له ره‌نگه‌كانی لای خۆمان.
هه‌موو وه‌رگێڕانێك ده‌ركردنی ده‌قه له گۆشه‌نشینی، كرانه‌وه‌یه‌تی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا. له‌م بواره‌دا قسه‌یه‌كی ئیمبرتۆ ئیكۆم دێته‌وه یاد كه ده‌ڵێت، هه‌سته‌كه‌م ده‌قه‌كانم له باوه‌شی زمانێكی تردا چه‌ندین توانای ته‌ئویلیی تر ده‌دۆزنه‌وه، كه لای خۆم و له مێشكی خۆمدا نه‌بوون، هه‌ست ده‌كه‌م وه‌رگێڕ پله‌یه‌كی باڵایان پێ ده‌به‌خشێت.
وه‌رگێڕان پردی په‌یوه‌ندییه، دوو زمان و دوو رۆشنبیری به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، پێناسه‌كردنی (پرد)یش له فه‌رهه‌نگی زماندا مانای گه‌یاندن له‌خۆده‌گرێت، به‌ڵام كاتێ دوو شوناسه‌كه به‌یه‌ك ده‌گه‌ن له‌یه‌كدا ناتوێنه‌وه، وه‌رگێڕان شوناسی جیاواز ده‌پارێزێت، وه‌ك جیل دۆلۆز وتوویه: پرد جیاوازی داده‌هێنێت. پردی وه‌رگێڕانیش دوو شوناس به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، لێ جیاوازیی شوناسه‌كان ناتوێنێته‌وه، به‌ڵكو ده‌یپارێزێت.
زانای بواری وه‌رگێڕان ئه‌ندرێ لۆفیڤه‌ر(به‌لجیكی)، ئه‌وه به گرفت ده‌زانێت كه خوێنه‌ر وابزانێت وه‌رگێڕان گواستنه‌وه‌ی ئه‌سڵه وه‌ك خۆی، نه‌ك دووباره نووسینه‌وه‌ی له زه‌مه‌ن و زه‌مینه‌یه‌كی تردا.