لە یادی جەبار فەرمانی سەرکردەدا

12:29 - 2024-08-11
کوردستان
253 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردە و  فەرماندەی نەمر جەبار فەرمان، لە دایكبووی ساڵی 1947ی خانەقینە، ساڵی 1971 لە زانكۆی موستەنسریەی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بە هۆكاری سیاسی نەیتوانیوە تەواوی بكات.
ساڵی 1970 پەیوەندیی کردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، لە ریزەكانی پارتیدا خەباتی كردووە و تا نسكۆی شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگە بووە، دواتر گەڕاوەتەوە شار و ساڵی 1975 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە، لە زینداندا نموونەی خۆڕاگریی بووە، ساڵی 1979 بە لێبووردنی گشتی ئازادكراوە.
ساڵی 1980 روویكردە شاخ و كرایە رێبەری سیاسیی هەرێمی چواری ئەوکات، لە سێیەم كۆنفرانسی كۆمەڵەدا ساڵی 1984 بە ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردراوە، دواتر كرایە لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی سلێمانی، تا پرۆسەی ئەنفال لە ساڵی 1988 چەندین پلە و پایەی دیكەی پێسپێردراوە و دڵسۆزانە ئەركەكانی راپەڕاندووە.
بەشداری و فەرماندەیی دەیان داستان و روبەڕوبوونەوەی كردووە و ئازایەتییەكەی بۆتەهۆی بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگە و خەڵك.
ساڵی 1988 بۆتە نوێنەری یەكێتی لە مەكتەبی تەنفیزیی بەرەی كوردستانی، ساڵی 1991 لە راپەڕیندا گەڕاوەتەوە كوردستان، لە دووەم راپەڕینی سلێمانی رۆڵێكی بنچینەیی گێڕاوە، ساڵی 1991 رۆڵێكی گرنگی بینی لە دامەزراندنی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان.
ساڵی 1992 لە یەكەم كۆنگرەی ی.ن.ك بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە و دواتر بۆتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، هەمان ساڵ كراوەتە لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەری، هاوكات ناوەندی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.
لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمدا وەزیری چەند وەزارەتێك بووە، لەوانە: وەزیری پێشمەرگە و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ساڵی 1999 یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووە.
رۆژی 9/8/2007 بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەنەوە، كۆچی دوایی كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان