حەسەن زیرەک

ئیمپراتۆری گۆرانی و میوزیكی كوردی

10:10 - 2022-06-26
کەلتور
699 جار خوێندراوەتەوە
حەسەن زیرەک

پێشڕەو ئیسماعیل

میری گۆرانی و میوزیكی كوردی (حەسەن زیرەك)ی نەمر لەساڵی 1921 لەدایك بووە و لە 1972/6/26 كۆچی دوایی كردووە بە نەخۆشی لە ئەنجامی ژەهر پێدانی لەلایەن ساواكی ئێرانییەوە لە شاییەكدا كە گۆرانی وتووە، ژنێك بۆی كردۆتە چێشتەكەیەوە و دواتر لێی كردووە بەسەرەتان و نەخۆشی و مردووە. (حەسەن زیرەك) لە گوندێك لە نێوان سەقز و بۆكاندا لەدایك بووە و لەژیانیدا چوار ژنی هێناوە، كاتێك لە بەغداد بووە بەشایەتی مامۆستا (عەلی مەردان) ژنێكی هێناوە بەناوی گەوهەر، ژنێكی تری هێناوە كە خەڵكی مەریوان بووە، بەناوی (ئەسڵان)، تەنیا شەش مانگ ژنی بووە، لە میدیای زەندی خێزانی دوو مناڵی بووە بەناوەكانی (ساكار و ئارەزوو)، ژنی چوارەمی نەزانراوە،  لەقەبی زیرەك لەباوكیانەوە (عەبدوڵڵا زیرەك) بۆیان ماوەتەوە. سەرەتا لەدیوەخانی ئاغای گوندەكەیان گۆرانی وتووە، دواتر لەشایی و دانیشتنی ماڵاندا، ئینجا لە  ئێزگەكانی رادیۆی بەغداد و كرماشان و تەورێز و تاران گۆرانی وتووە، (حەسەن زیرەك)ی نەمر نزیكەی هەزار و پێنج سەد  گۆرانی هەیە بە بەستە و مەقامەوە، دانیشتنەكانی لە سلێمانی و كەركوك و هەولێر بووە لە ماڵاندا، لە سلێمانی لەماڵی (ئەحمەدی سۆفی كەریم و ئەمینی دەڕابەچی و عەلی ئیبراهیم  دەروێش وعەباس ئەبو شوارب و مەحمودی تۆفیق شیلك و ماڵی حاجی برایمی چەرمەگا .....) بووە (حەسەن زیرەك) شەست و چوار مەقامی وتووە، هەشت مەقامی  فارسی ، سێ مەقامی توركی ئازەری، دوو مەقامی هەورامی .
حەسەن زیرەكی  میری گۆرانی كوردی كاتێك لە پەنجاكاندا لەبەغداد لە یەكێك لەئوتێلەكانی ئەوێدا كاری كردووە، گۆرانی هەی نار هەی ناری زۆر  بە غەریبی و حەزینی  لەبەرخۆیەوە و بەدەم كاركردنەوە  وتووە، رەوانشاد مام جەلال گوێی  لە گۆرانیەكە و دەنگی (حەسەن زیرەك) دەبێت، زۆری لا خۆش دەبێت و پێی سەرسام دەبێت.
 (حەسەن زیرەك) بۆخۆی دەڵێت كەسێك منی برد بۆ ئێزگەی رادیۆی بەغداد  پێیان دەوت مام، ئەمەی لە ئێراندا گێڕاوەتەوە و نەیوێراوە بڵێیت مام جەلال، چونكە ئەو كاتە ناوهێنانی مام جەلال  لە ئێراندا  قەدەغە بووە لەبەر ترسی ساواكی ئێرانی، ئەمەش بەدرێژی لەگۆڤاری خاكدا بڵاوكراوەتەوە.
نهێنی سەركەوتن و نەمری گۆرانییەكانی (حەسەن زیرەك) لەوەدایە كە مۆركی ڕەسەنی و لۆكاڵی و كەلتوری هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی  رۆژهەڵات و باشووری پێوە دیارە هەروەها یەكێك لەهۆیەكانی نەمری گۆرانییەكانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەزۆر گەڕاوە و تێكەڵی زۆربەی خەڵكی ناوچە جیاوازەكان و خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەكان بووە (حەسەن) چۆتە سنە و كرماشان و تاران و تەورێز و بەغداد و سلێمانی و كەركوك و هەولێر و كۆمەڵێك شار و شارۆچكە و لادێكانی كوردستان و زۆر جێگەی تر  گەڕاوە. هەر گۆرانییەكی زیرەك چیرۆكێكی لەدواوەیە، لێرەدا تەنیا نموونەیەك دەهێنمەوە لەگۆرانییەكانی، گۆرانی كۆڵوانە سوور بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەشاییەكدا ژنێك  كۆڵوانەی سووری پۆشیوە و زۆر جوان بووە و حەسەنیش بەمانای وشە عاشقی بووە، كاتێك ئەو ژنە دەبینێت  گۆرانی كۆڵوانە سوور  بەسەر ئەو ژنە دا دەڵێت، بەهەمان شێوە گۆرانییەكی تری زیرەك  هەر یەكە و چیرۆكێكی لەدواوەیە .

هۆی نەمری و مانەوەی گۆرانییەكانی
حەسەن زیرەك ژیانێكی كولە مەرگی ژیاوە و ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری و نەداری زۆر بینیوە و لەپێناوی ژیان و پەیداكردنی كار و كەسابەت و رزق و رۆزی خۆیدا، لەم شار بۆ ئەو شار و لەم گوند بۆ ئەو گوند و لەم ناوچەیە بۆ ناوچەیەكی تر گەڕاوە و تێكەڵی زۆربەی كەلتور و نەریت و زمان و خووڕەوشت عورف و عاداتی ناوچە جیاوازەكان بووە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی نەمری و مانەوەی گۆرانییەكانی و رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ  گۆرانییەكانی خۆشتر دەبن و پیرنابن و لەبیرناچنەوە، بەپێچەوانەی گۆرانییەكانی ئێستا و سەردەم كە تەمەنیان زۆر كورتە و دوای چەند هەفتە و چەند مانگێك لەبیردەچنەوەو كەس گوێی لێ ناگرێ. حەسەن عاشقی ژن و جوانی و گۆرانی و بەزم و شایی و هەڵپەڕكێ و كۆڕ و كۆبوونەوەی دانیشتنی ماڵان بووە و  هەندێك جاریش بەهۆی كەلتوری دواكەوتوانەی ئەوسای كۆمەڵگەی كوردەواری تووشی كێشە و گیروگرفت بووە، بەڵام ئەوە كۆڵی پێنەداوە و بەردەوام بووە لەچڕینی گۆرانی و بەستەو مەقام و میوزیكی رەسەنی كوردی. زۆر زەحمەتە حەسەنێكی تر دووبارە ببێتەوە، چونكە حەسەن سەرەڕای ئەوەی  كە پیاوێكی نەخوێندەوار و هەژار و  كەم دەرامەت  بووە، بەڵام توانیویەتی خەرمانێكی گەورە پێكبهێنێ و خزمەتێكی گەورە بەهونەر و گۆرانی و میوزیكی كوردی بكات. بەندە تا ئێستا چەند جارێك سەردانی گۆڕەكەیم كردووە لەگردی ناڵەشكێنەی شاری بۆكانی سەربەرز.
لە كۆتاییدا لەیادی پەنجا ساڵەی كۆچی دوایی كەڵە هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان (حەسەن زیرەك)ی نەمر سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین لە ئاست كێل و گڵكۆی سەربەرزیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان