وتەبێژی یەکێتی: سازان لەسەر حكومەتێكی خزمەتگوزار كە وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتیان بێت

11:54 - 2022-06-26
کوردستان
641 جار خوێندراوەتەوە

 دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسییەكان بەگشتی، كاردانەوەی ئەرێنی هەبووە، نزیكبوونەوەی باش هەیە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوورییەكان بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
دكتۆر سۆران جەمال تاهیر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی كەركوكدا وتی: یەكێتی لە سۆنگەی بەپرسیارێتی و ئاستی بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێمدا بەپرسیارێتی هەڵگرتووە و هەوڵی جددی داوە لە پێناوی باشكردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیاندا، راشیگەیاند، حكومەتی هەرێم دەبێت هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە لە چارەسەركردنی كەموكورتییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاوازەكانی تەندروستی و پەروەردە و بوژاندنەوەی بازاڕ و دابینكردنی هەلی كار و خزمەتی گشتیدا، كە لە ئاستی پێویستدا نین.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەگفتوگۆكانی یەكێتی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بۆ دەربازبوون لە بنبەستی سیاسی و هەڵبژاردنی حكومەتێكی نوێ، وتی: عیراق بە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئێمە وەك یەكێتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سازان و لێكتێگەیشتندا بووین، بڕوامان بە گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، لەگەڵ ئەوەدا نەبووین كورد ببێتە بەشێك لە ململانێی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان