قوباد تاڵەبانی بۆ کونسوڵی نوێی ئەمریکا: هەڵبژاردنێکی پاک کە رەنگدانەوەی ئیرادەی هاووڵاتییان بێت

04:50 - 2024-08-14
کوردستان
156 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤ بيتنه‌ر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی ستایشی کونسوڵی پێشووی ئەمریکای کرد بەوەی رۆڵی باشی بینیوە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا. 
دواتر پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەپێناو سەرکەوتن لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم کرا و هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە دەرەنجامەکەی رەنگدانەوەی تەواوی خواست و ئیرادەی هاووڵاتییانی هەرێم بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەپێی دەستوور چارەسەربکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنێتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا. لەمبارەیەشەوە هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا.

# قوباد تاڵە‌بانی #هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان