سەرۆک بافڵ بۆ کونسوڵی ئەمریکا: هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا کوردستان دەباتە قۆناغێکی باشترەوە

04:24 - 2024-08-15
کوردستان
270 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازیی لە ستیڤ بيتنه‌ر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، رێواز فایەق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ،سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی و مارک سترۆ، کونسوڵی پێشووی ئەمریکا ئامادەبوون، دۆخی هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردن و کەرتی وزە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا کرایەوە.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەرێنیی مارک سترۆی کرد لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردووە، هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ستیڤ بیتنەر کرد و پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە.

لەدرێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی باشترەوە، دۆخەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە و هەڵبژاردنیش باشترین بژاردەیە تاوەکو بەرەو حوکمڕانییەکی تەندروستتر هەنگاوبنێین. هەموو هەوڵێکیش بۆ دواخستنی پڕۆسەکە رەتدەکەینەوە و نامانەوێت چارەنووسی هەرێمەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.

کەرتی وزە تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، نەتوانراوە وەک پێویست سوود لەو ژێرخانە دەوڵەمەندەی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی، بۆیە هەوڵی ئێمە لەپێناوی گەڕانەوەی مافە بۆ خەڵکەکەمان و بەکارهێنانی ئەو سامانە نیشتمانییەیە بۆ خزمەتی گشتی و ئاڕاستەکردنی هەرێمەکەمان بەرەو ئاوەدانی.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان