له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
1-2
هان كانگ ساڵی (2016) پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی بوكه‌ری نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت نووسه‌رێكی سه‌ركه‌وتووی كۆریای باشوور بوو، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی شاكاره‌كه‌ی (رووه‌كی) و وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته له جیهاندا ناسرا و دوای ئه‌وه، كتێبه‌كانی تری له‌لایه‌ن (دبورا سمیس)وه‌رگێڕی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه بۆ ئینگلیزی زمانه‌كانی تر ته‌رجه‌مه كران. رووه‌كی وێڕای خه‌ڵاتی بوكه‌ر، خه‌ڵاتی كتێبی ساڵی نیویۆرك تایمز، تایم، ئیكۆنۆمیست و واڵ ستریت جورناڵی وه‌رگرت. رووه‌كی چیرۆكی ژنێكه كه ده‌یه‌وێت ببێت به دره‌خت.
ده‌یه‌وێت واز له نه‌وه‌ی مرۆڤ بهێنێت بۆئه‌وه‌ی خۆی له ره‌شی خودی مرۆڤ رزگار بكات. (ییونگ- های) دوای كابووسێك واز له خواردنی گۆشت ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌نی له تاوان و توندوتیژی پاك بكاته‌وه، ورده ورده ده‌بینێت بۆ گه‌یشتن به بێگوناهی ته‌واو پێویسته له به‌ده‌نی مرۆڤی خۆی دووربكه‌وێته‌وه و له‌وه‌دا ئاواتی ئه‌وه‌یه ببێت به دره‌خت. (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) رۆمانی دواتری كانگ بوو كه ته‌رجه‌مه‌كرا بۆ ئینگلیزی و جارێكی تر سه‌ركه‌وتنی بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد. كتێبه‌كه گه‌یشته قۆناغی كۆتایی خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی دبلین، كتێبی ساڵی ئه‌مازۆن، ئه‌تڵانتیك، سان فرانسیسكۆ، رادیۆی نیشتمانی ئه‌مریكا، لایبری جۆرناڵ و هافینگتۆن پۆست. رووداوه‌كانی (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) له (گوانگجۆی) كۆریای باشوور ده‌گوزه‌رێن. له‌ناوجه‌رگه‌ی سه‌ركوتكردنی خوێناوی شۆڕشی دیموكراسیدا، كوڕێژگه‌یه‌ك به‌دوای به‌ده‌نی هاوڕێكه‌یدا وێڵه، رۆحێك به‌دوای به‌ده‌نی به‌ره‌ڵاكراوی و وڵاتێكی سته‌مدیده‌ش به‌دوای ئازادی راده‌ربڕیندا وێڵه. رۆمانی سێیه‌می هان كانگ به‌ناوی (كتێبی سپی)یه، له ساڵی (2018)دا به ئینگلیزی بڵاوكرایه‌وه و بۆ جاری دووه‌م خه‌ڵاتی بوكه‌ری بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد. (كتێبی سپی) به زمانی ئاوێته‌ی چیرۆك و شیعر نووسراوه. نووسه‌ر به‌سه‌رهاتی كه‌سێك به‌پێی رووداوێكی مێژوویی ده‌گێڕێته‌وه، رۆمانی رووەکی و کتێبی سپی تەرجەمە کراون بۆ کوردی، ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه هه‌ڵبژارده‌یه‌كه له گفتوگۆی هان كانگ له‌گه‌ڵ گاردیان و ئه‌نستیتۆی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی كۆریای باشوور سه‌باره‌ت به هه‌رسێ كتێبه‌كه‌ی.
*چ كاتێك وه‌كو نووسه‌رێك هه‌ست به رازیبوون ده‌كه‌یت؟
–به‌لای منه‌وه نووسین یانی پرسیاری بێكۆتایی، یانی ژیان چییه؟ مه‌رگ چییه؟ من كێم؟ كاتێ ده‌نووسم، به‌تایبه‌تی كاتێ رۆمان ده‌نووسم، یه‌ك دوو سێ چوار ساڵ ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ نووسینی. كه‌واته كاتێ هه‌ست ده‌كه‌م وه‌كو نووسه‌رێك خه‌ریكم به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چم، كاتێ ده‌بینم خه‌ریكم له مانای مرۆڤ‌بوون‌دا توێژینه‌وه ده‌كه‌م (ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه كه به‌جۆرێك له‌م كتێبه و به‌جۆرێكی تر له كتێبێكی دیكه‌دا) ئه‌مه ئه‌و كاته‌یه كه وه‌كو نووسه‌رێك هه‌ست به‌خۆشحاڵی ده‌كه‌م.
*رۆمانی رووه‌كی ده‌رباره‌ی چییه؟
–پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه ژنێكه به‌ناوی (ییونگ- های) كه رووه‌كخۆری به مانای زیان نه‌گه‌یاندن به هیچ شتێك ده‌بینێت. خواردنی گۆشت ره‌مزێكه بۆ توندوتیژی مرۆڤ، بۆ توندوتیژی ئه‌م جیهانه، بۆیه رووه‌كخۆری وه‌كو رێگایه‌ك بۆ پاكردنه‌وه‌ی ده‌روون له‌و توندوتیژییه ده‌بینێت. به‌ڵام پاشان له جیاتی مرۆڤ له‌گه‌ڵ رووه‌ك و گژوگیادا ده‌بێته هاوده‌رد و به‌گشتی واز له خواردن ده‌هێنێت. ماندوو ده‌بێت و ئه‌نجامی توانجه‌كه ئه‌وه‌یه بۆ چاكبوونی خۆی شتێك ده‌كات ده‌بێته هۆی مردنی.
*بیرۆكه‌ی رووه‌كی له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
–چیرۆكێكی كۆنم هه‌یه به ناوی (میوه ژنه‌كه‌ی من) كه نزیكه‌ی ده ساڵ پێش ئێستا نووسیومه سه‌باره‌ت به ژنێك كه به‌ده‌نی ده‌بێت به گیا و مێرده‌كه‌ی ده‌یخاته گوڵدانه‌وه و ئاوی ده‌دات و وریایی ده‌كات. هه‌میشه ده‌مه‌ویست به‌رده‌وامی به‌م چیرۆكه بده‌م، كه‌واته ئه‌مه پاڵنه‌ری سه‌ره‌تایی من بوو. دووه‌م هه‌میشه ده‌رباره‌ی توندوتیژی مرۆڤ فزول بووم، ده‌مه‌ویست بزانم به‌رائه‌تی مرۆڤ له بێخه‌وه كاریكرده‌یه یان نا، كه‌سێك ده‌بێت به‌سه‌ر چیدا زاڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی سه‌راپا به‌دوور بێت له سه‌رزه‌نشت.
*به‌م رۆمانه ده‌ته‌ویست چ په‌یامێك بگه‌یه‌نیت؟
–ئایا مرۆڤ ده‌توانێت به ته‌واوی بێگوناه بێت؟ چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر به‌ڵێن بده‌ین ئازار و زیان به هیچ شتێك ناگه‌یه‌نین؟ گوناه چییه و رزگاربوون له گوناه یانی چی؟ جوانی چییه؟ ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه هیوادارم بتوانم ئاراسته‌ی خوێنه‌رانی ئه‌م رۆمانه‌ی بكه‌م.
*خۆشه‌ویستترین كاره‌كته‌ری ئه‌م رۆمانه به‌لاته‌وه كامه‌یه؟
–ئه‌م رۆمانه له سێ به‌ش پێكهاتووه به‌ڵام خوازه‌یه‌كه كه پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه (ییونگ-های) له هیچ كام له‌م به‌شانه‌دا ده‌نگی نییه. كاره‌كته‌رێكی بێده‌نگه كه ده‌بینرێت، خۆشیان ده‌وێت، خراپ لێی حاڵی ده‌بن و به‌زه‌ییان پیایدا دێته‌وه، هه‌ربۆیه له كاتی نووسینیدا زۆر ورد و وریا بووم. دوای ئه‌و له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌یدا (ئین-های) هه‌ست به نزیكی ده‌كه‌م، ده‌كرێت بگوترێت ئه‌م رۆمانه ده‌رباره‌ی ئه‌م دوو خوشكه‌یه. كه‌س هه‌رگیز به‌ته‌واوی هه‌ست به (ییونگ-های) ناكات، به‌ڵام (ئین-های) كاره‌كته‌رێكه به‌نیسبه‌ت باقی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه زیاتر هه‌ستی به ئازاره‌كه‌ی كردووه. ئه‌م كاره‌كته‌ره‌م خۆش ده‌وێت چونكه هه‌وڵ ده‌دات له ئازاری خوشكه‌كه‌ی تێبگات و له‌گه‌ڵی به‌شبكات.
*ئه‌گه‌ر بتتوانیایه یه‌ك رسته بڵێیت كه به باشترین شێوه (ییونگ-های)پیشان بدات، چیت ده‌گوت؟
–(ییونگ- های) وه‌كو گێڕه‌ره‌وه ده‌نگی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌چی ده‌كات و بیر له‌چی ده‌كاته‌وه له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه ده‌ریده‌بڕێت. به خوشكه‌كه‌ی ده‌ڵێت: «ده‌زانی، من نه‌مده‌زانی. پێم وابوو دره‌خته‌كان راست وه‌ستاون… تازه له‌وه تێگه‌یشتم… راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه دره‌خته‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه له‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌ستیان له‌سه‌ر زه‌وی ده‌وه‌ستن، هه‌موویان. بڕوانه! سه‌یری ئه‌وێ بكه. پێت سه‌یر بوو؟ ده‌زانی له كوێوه تێگه‌یشتم؟ باشه، خه‌ونم ده‌بینی، خه‌ریكبوو له‌ناو ده‌ستمدا لقی ده‌رده‌كرد… كه‌واته منیش زه‌وییه‌كه‌م هه‌ڵكه‌ند و ده‌ستم خسته ناو خاكه‌وه.» یه‌ك یه‌ك ده‌ڵێت به‌ده‌نی چۆن ده‌بێت به دره‌خت، كه‌واته به‌لای ئه‌وه‌وه وتنی ئه‌م بابه‌ته زۆر گرنگه.
*بۆچوونی تۆ سه‌باره‌ت به رووه‌كخۆری چییه؟
–من چه‌ند ساڵێك رووه‌كخۆر بووم، نزیكه‌ی سی ساڵ. كه‌واته منیش هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌م هه‌بووه كه (ییونگ-های) هه‌یبووه كه ده‌ڵێی هه‌موان ده‌یانه‌وێت گۆشتم ده‌رخوارد بده‌ن. پاشان له‌به‌ر سه‌لامه‌تی دووباره ده‌ستمكرده‌وه به گۆشتخواردن، زۆر كه‌م. به‌ڵام ئێستاش حه‌زم له گۆشت نییه و هه‌میشه له كاتی خواردنیدا هه‌ست به گوناه ده‌كه‌م. كه‌سانێك ده‌ناسم گۆشتخۆرن به‌ڵام زۆر سه‌باره‌ت به‌و راستییه بیرده‌كه‌نه‌وه كه ئێمه گیانی ئاژه‌ڵان دەکێشین بۆ ئه‌وه‌ی گیانی خۆمان بپارێزین. كه‌واته ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسیاری رووه‌كخۆری ده‌بێت بڵێم پێشان رووه‌كخۆر بووم و ئێستاش له گۆشتخواردن كه‌م و زۆر هه‌ست به گوناه ده‌كه‌م.
*مێژووی كۆریا له سه‌ده‌ی بیستدا له رووی زام و شۆكه‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆچی به دیاریكراوی بڕیارتدا ده‌رباره‌ی شۆڕشی گوانگجۆ بنووسیت له رۆمانی (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه)دا؟
–سه‌ده‌ی بیست زامی قووڵی كردۆته جه‌سته‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌وه نه‌ك كۆرییه‌كان به‌ته‌نیا. له‌به‌رئه‌وه‌ی من له دایكبووی (1970)م نه داگیركاری ژاپۆنییه‌كانم دیوه (1910-1940) و نه جه‌نگی كۆریا كه (1950) ده‌ستپێكرد و (1953)ته‌واو بوو. من (1993) كه (23)ساڵ بووم، ده‌ستم به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعر و چیرۆك كرد. نووسه‌رانی نه‌وه‌ی من هه‌ستیان كرد ئه‌مڕۆ ئازادی پشكنینی ناخی مرۆڤمان هه‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچاربین بیروڕای سیاسی خۆمان ده‌ربڕین له به‌رهه‌مه‌كانماندا. كه‌واته نووسینه‌كانی من ئه‌و پشكنینی ناخه له خۆده‌گرن. مرۆڤ بۆ رزگاركردنی گیانی مناڵێك كه له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر كه‌وتووه دڵنیانییه، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش مرۆڤی وا هه‌یه بۆ نموونه له ئاشویتس توندوتیژی ده‌كه‌ن. شه‌پۆلێكی زۆری مرۆڤایه‌تی كه مرۆڤی به‌رز و نزمی تیایه به‌لای منه‌وه هه‌ر له مناڵییه‌وه وه‌كو حه‌لكردنی هاوكێشه‌یه‌ك له راهێنانی شه‌ودا قورس بووه. ده‌كرێت بگوترێت كتێبه‌كانی منیش ئاوازی هه‌مان ناوه‌ڕۆكی توندوتیژی مرۆڤایه‌تین. هه‌ربۆیه ده‌مه‌ویست تێبگه‌م هۆكاری بنچینه‌یی قورسیی له‌باوه‌شگرتنی چه‌مكی مرۆڤایه‌تی به‌لامه‌وه چییه، گه‌ڕامه‌وه بۆ ناخی خۆم و له‌وێدا رووبه‌ڕووی گوانگجۆ بوومه‌وه كه ناڕاسته‌وخۆ له (1980)تیایدا ژیابووم.
*تۆ وه‌كو كاره‌كته‌رێك له رۆمانه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌ویت كه بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه و ئه‌وه شێوه‌ی كاریگه‌ری په‌یوه‌ستی ژیان و هونه‌ر و رابردوو، ئێستا و ئاینده‌یه. یه‌كه‌مجار چۆن رووبه‌ڕووی ئه‌م رووداوه بوویته‌وه؟
–من له گوانگجۆ هاتوومه‌ت دنیاوه و كاتێ نۆ ساڵ بووم له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌مدا چووینه سیئۆل، ته‌قریبه‌ن چوار مانگی مابوو بۆ شۆڕشه‌كه. ئێمه به رێكه‌وت گوێزابوومانه‌وه و له‌به‌ر ئه‌م بڕیاره بچووكه زیانمان به‌ركه‌نه‌وت. ئه‌م راستییه وه‌كو جۆرێك له هه‌ستكردن به گوناه لام مایه‌وه و هه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر خێزانه‌كه‌می ئازاردا. دوانزه ساڵ بووم كه بۆ یه‌كه‌مجار كتێبێكی وێنه‌دارم بینی كه به دزییه‌وه چاپكرابوو ده‌ستاو ده‌ستی پێده‌كرا و شایه‌تێك بوو له‌سه‌ر شۆڕشه‌كه. باوكم كه سه‌فه‌ری كرد بوو بۆ گوانگجۆ له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووی. پاش ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه له‌ناو گه‌وره‌كاندا ده‌ستاوده‌ستی پێكرا، له كتێبخانه‌یه‌كدا شاردیانه‌وه و به‌عه‌كسه‌وه خستیانه ناو ره‌فه‌ی كتێبه‌كانه‌وه، نه‌مده‌زانی چی تیایه. له‌وه مناڵتر بووم كه تێبگه‌م چۆن بتوانم ئه‌و توندوتیژییه دڕندانه‌یه ببینم و قبووڵی بكه‌م كه له‌و لاپه‌ڕانه‌دا بوو. چۆن مرۆڤه‌كان ده‌یانتوانی ئاوا له یه‌كتری بكه‌ن؟ یه‌كسه‌ر پرسیاری دووه‌م دێت: ئێمه له به‌رامبه‌ر توندوتیژییه‌كی ئاوادا ده‌توانین چی بكه‌ین؟ ته‌نانه‌ت هێشتا له‌بیرمه وێنه‌یه‌كی ریزی بێكۆتایی خه‌ڵكی تیا‌بوو له خه‌سته‌خانه كاتی داوای خوێنیان كردبوو. زۆر خه‌ڵكی ئاسایی ماڵه‌كانیان جێهێشتبوو بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه بده‌ن كه له‌م توندوتژییه‌دا به‌ركه‌وتبوون. ئاوا من رووبه‌ڕووی دوو مه‌ته‌ڵۆكه بوومه‌وه كه حه‌ل نه‌ده‌كران. یه‌كێكیان توندوتیژی مرۆڤ و ئه‌وی تریشیان ویقاری مرۆڤ كه ئه‌م دوانه مۆریان دابوو له دڵم. (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) تۆماركردنی جووڵه‌ی قورسی منه به‌ره‌و ئه‌م دوو مه‌ته‌ڵۆكه‌یه.
سه‌رچاوه: morour.org