وەفدێکى یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتى سالار سەرحەد خەلیفە یونس، ئەندامى سەرکردایەتى، بەشداری دەکات لە یەكەمین كۆنفرانسی كوردانی قەفقاز، کە لە 15ى ئاب لە تەبلیسى پایتەختى جۆرجیا بەڕێوەچوو.
پێش بەڕێوەچوونى کۆنفرانسى كوردانی قەفقاز، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی زازا ڤاسناکمازی وەزیرى کاروباری ئایینی و نەتەوەکانی جۆرجیای کرد.
لە یەكەمین كۆنفرانسی كوردانی قەفقاز، سیاسەتی حەكیمانە و خەباتی سەرۆك مام جەلال، رێبەری رزگاریخوازی گەلی كورد، لە بەگەڕخستنی پەیوەندیی و دیپلۆماسییەكانی بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی باڵاكانی دۆزی گەلی كورد لە باكور، رۆژهەڵات، باشوورو رۆژئاوا و كوردستانی سوور، بەرز نرخێنرا، هاوكات باس لە رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كودستان، بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەئێستادا كرا بۆ لەئەستۆگرتنی ئەركە قورسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، لە پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان.
لەو بارەیەوە سالار سەرحەد خەلیفە ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە كوردستانییەكان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: لەكۆنفرانسەكەدا 26 پانێڵو گوتار لەبارەی بارودۆخی گشتیی كوردستانو پەیوەندی كوردانی قەفقاز بەپارچەكانی دیكەی كوردستانەوە پێشكەشكرا.
راشیگەیاند: لەكونفرانسەكەدا وتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانم خوێندەوەو گەشبینی خۆمان نیشانبدا سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگیانەی بەرۆكی دۆزی كوردی گرتووە، بەڵام هێشتا هەنگاوەكان زیندوون، بۆ كۆكردنەوەی رۆشنبیران و لایەنەكانی كورد، بەتایبەت رۆشنبیرانی كوردی تاراوگە و كوردانی قەفقاز، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرس و تەنگەژەو ئاڵانگارییانەی، كە رووبەڕووی پرسی كورد بوونەتەوە، تاوەكو لەو رێگەیەوە هەوڵبدرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.