قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزاکە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران لە کەموکوڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی کۆڵییەوە.
لە دوای گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان، بڕیاردرا لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.
سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانیش، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا. هەروەها بڕیار لەسەر دروستکردنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکە درا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق کرد، هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییان و رایگەیاند رەزامەندی هاووڵاتییان مەرجی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەڕێوەبەرێک لە پۆستەکەیدا و هەر کاتێک هەست بکرێت هاووڵاتییان لە ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەک رازی نین، گۆڕانکاری پێویست دەکرێت.